عەبدولڕەحمان گەورکی: 
ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران بە دروشم و ئیدیعا پێناسە ناکرێت. ئەڵتەرناتیڤی راستەقینە ئەو هێزەیە کە دەنگی راپەڕینکاران بێت و لە سەر شەقام و ناو گۆڕەپانەکەدا بێت و بتوانیێت راستییەکانی راپەڕینی خەڵکی ئێران بە بیروڕای گشتی جیهان بگەیەنێت. لەم روانگەیەوە، لێکۆڵینەوە لە راپەڕینی خەڵکی ئێران و دەرئەنجامەکانی، پێوەرێکی روونە بۆ دەستنیشانکردنی ئەڵتەرناتیڤی راستەقینە.
رێکخستن، مەرجێکی پێویست بۆ بەدیلەکە
بەرەوپێشبردنی ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت و تۆمارکردنی رووداوەکان و کۆکردنەوەی ناوی شەهیدان و گواستنەوەی هەواڵی راپەڕین، پێویستی بە رێکخستن و هێزی چالاکە لە ناوخۆی وڵات. ئەم راستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو رەوتانەی توانای ئەوەیان نییە، ناتوانن بانگەشەی نوێنەرایەتی راپەڕینی گەل بکەن. موقاومەتی ئێران بەمجۆرە پێوەرانەوە دەپێورێت.
رۆڵی ناوەندەکانی شۆڕش
ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە ئامادەبوونی بەربڵاوی ئەندامان و لایەنگرانی ناوەندەکانی شۆڕشی سەر بە موقاومەتی ئێران لە نێو شەهیدانی راپەڕینی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، ئاماژەیە بۆ پەیوەندیی قووڵی موقاومەتی رێکخراو و سازماندراو بە بەستێنی کۆمەڵگا و مەیدانی راپەڕین. ئەو لایەنانەی ئەمجۆرە تایبەتمەندییەیان نییە، ناتوانن دەنگی راپەڕینکارانی ئێران بن. بەتایبەت ئەوانەی هەواڵ و کلیپی راپەڕین بۆ قازانجی خۆیان سانسۆر دەکەن و دەست دەدەنە کاری ساختەکاری و درۆ هەڵبەستن. پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پەهلەوی لەو جۆرە هێزانەن.
فەرمانی کوشتار، دووبارەبوونەوەی تاوانێکی مێژوویی
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان، (عەلی خامنەیی) راستەوخۆ فەرمانی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دەرکردووە “بە هەر رێگەیەکی پێویست”. تەقەکردن بە مەبەستی کوشتار و بەکارهێنانی بەربڵاوی توندوتیژی کوشندە، بیرهێنەرەوەی تاوانەکانی ساڵانی شەستەکان و کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨ه کە راستەوخۆ لەلایەن (خومەینی)، دامەزرێنەری دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهیەوە دەرکرابوو.
کۆتاییهاتنی وەهمیی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانە
رژێمی ئێران زۆر باش دەزانێت کە کۆمەڵگای ئێران قۆناغی ناڕەزایەتیی ئاشتیانەیان تێپەڕاندووە. پلانەکانی وەک “ناڕەزایەتییە یاساییەکان” کە لە مەجلیسی رژێمی ئێران پەسەند کران، لە چاوی خەڵکدا ئیعتبار و شەرعیەتیان نییە و ناتوانن تووڕەیی کەڵەکەبووی کۆمەڵگا بگرنەوە.
کێشە و مەترسیی سەرەکی راپەڕین
لە هەلومەرجی ئێستادا خەڵکی ئێران لەهەمانکاتدا لەگەڵ یەک کێشە و یەک مەترسی بەرەوڕوون: دەسەڵاتی دیکتاتۆری و ئەو هێزانەی بە پشتیوانیکردنی دەرەکی خۆیان وەک جێگرەوەی رژێم دەناسێنن. هەردووکیان بەربەستن لە بەردەم بەرەبەیانی ئازادی و دیموکراسی لە ئێراندا. یەکێکیان دەسەڵاتدارە و کێشەی سەرەکییە، ئەوی دیکەشیان پاشماوەی دیکتاتۆریی پێشوو و وابەستەبوونە، کە چاوی لەسەر دەسەڵات و زلهێزە دەرەکییەکانە بۆ هێنانە سەر دەسەڵاتیان!
هێزی سێیەم و بژارەکانی سەپێنراو بەسەر خەڵکدا
خەڵکی ئێران بۆیان دەرکەوتووە کە مەرج نییە لە نێوان دوو دیکتاتۆرییەتدا یەکێکیان هەڵبژێرن. “هێزی سێیەم” هەیە. هێزێک کە لەسەر بنەمای پڕەنسیپی سەروەری گەل و نکۆڵیکردنی هەر جۆرە ستەمکارییەک و وەدیهێنانی ئازادییە. ئەم هێزە هەوڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆرییەت نادات. بەڵکو هەوڵی دامەزراندنی (کۆمارێکی دیموکراتیک)ی راستەقینە دەدات.
چارەسەری سێیەم؛ رێگای راستەقینەی ئازادی
چارەسەری سێیەم کە لەلایەن هێزی سێهەمەوە راگەیەندراوە، نە هێرشی دەرەکی قبوڵ دەکات و نە باوەڕی بە چاکسازیی دیکتاتۆرییەت هەیە. ئەم چارەسەرە جەخت لەسەر رووخاندنی رژێم لە لایەن خەڵک و موقاومەتی رێکخراویانەوە دەکات. رێگایەک کە دەرئەنجامی ئەزموونە مێژووییەکان و شکستی هەموو بژاردەکانیترە.
پێویستیی کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران
ئەمڕۆ ئێران لە لێواری گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازدایە. وەک چۆن دیکتاتۆریی شا لە مانگی رێبەندانی ١٩٧٩ داڕما، ئێستاش دیکتاتۆرییەکی ئایینی بەرگەی ئیرادەی خەڵکی ئێران ناگرێت. ئەمجارە ئامانج بەرقەرارکردنی ئازادی و دیموکراسی و کۆمارییە.
ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت
گومانی تێدا نییە ئەوەی لە ئێراندا روو دەدات، دەرئەنجامی رابردووە. خەڵکی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر دژی دیکتاتۆرییەت خەباتی کردووە. چونکە ئاو و خاکی ئەم وڵاتە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانە. رژێمە دیکتاتۆرییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان خەڵکیان سەرکوت کردووە. ئەگەر لە کاتە جیاوازەکاندا خەڵک بە ئاشتیانە مامەڵەیان کردبێت، ئێستا زمانەکەیان بە ناچاری “ئاگرین”ە. هیچ گەلێک شەڕی نەویستووە. مەگەر بەسەریاندا سەپێنرابێت. ئێستا ئەم زمانە لەلایەن (ناوەندەکانی شۆڕش)ەوە لە سەرتاسەری ئێران نوێنەرایەتی دەکرێت. ئەوان ئێستا لە سەرانسەری ئێران دژی دیکتاتۆرییەتی وەلی فەقیهی رژاونەتە سەر شەقامەکان. چونکە دەیانەوێت وڵاتەکەیان “ئازاد” و “سەربەخۆ” بێت.
وشەی کۆتایی،
لە کاتێکدا چاوەکان لە هێرشە سەربازییەکانی رۆژئاوا بۆ سەر رژێمی ئێران دەڕوانن و بەشێک لە کۆڕ و کۆمەڵ و ناوەندە رۆشنبیرییەکانیش بە پرسێکی لەو شێوەیە سەرقاڵ بوون، ناوەندەکانی شۆڕش لە ناوخۆی ئێراندا فوکوسیان لەسەر رووخاندنی رژێمی دەسەڵاتدارە. چونکە هەموو شتێک لە ناوخۆی ئێران یەکلایی دەکرێتەوە. ئەوە خەڵکی ئێران و ناوەندەکانی شۆڕشە کە کلیلی داهاتووی ئێرانیان لە دەستدایە. رێگای وەهمیی شاپەرەستەکان، وابەستەیی و ملکەچبوونە بۆ بێگانە. جەوهەری قسەکانیان بۆ رۆژئاوا ئەوەیە، “وەرن وەک باوکم لە ساڵی 1332 (1954) و باپیرم لە ساڵی 1299، بمخەنە سەر تەختی پاشایەتی و سوودمەند بن لە بەرهەمەکانی”. بەڵام خەڵک و موقاومەتی ئێران هەرگیز وابەستەیییان قبوڵ نەکردووە و بە ئاڵای سەربەخۆییەوە خەباتیان کردووە. خودا لە یەکێک لە ئایەتەکانی قورئاندا فەرموویەتی: (بارودۆخی خەڵک و میللەت ناگۆڕێت مەگەر خۆیان هەڵنەستن بۆ گۆڕانکاری). کەواتە سەرنجی خەڵکی ئێران لەسەر ئەمەیە. سەرکەوتنی خەڵک بەسەر دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بێ مشت و مڕە.
***
