Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیبەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد

by admin
0 کۆمێنتەکان 25 بینینەکان

بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی، ئەمڕۆ دەستی غەدری ترسنۆکانەی تیرۆریستان، گەیشتە گیانی هاوڕێ یەنار محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی ئازادی ژنان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی و کوژرا. تیرۆرکردنی هاورێ یەنار گورزێکی توندە لە بزووتنەوەی ژنان و تەواوی بزووتنەوەی داکۆکیکار لە ئازادی و یەکسانی، خەسارەتێکی گەورەیە لە خەباتی پێشڕەوانەی ئەم بزووتنەوەیە.
ڕۆڵ و تێکۆشانی یەنار محەمەد بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، هەم لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دیار و بەرچاوە. جێ پەنجەی ئەو لە بزووتنەوەی ژنان لە عێراقدا و لە ماوەی دەیان ساڵدا دیارە و مایەی تەقدیری هەموو هێز و لایەنێکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازە. تیرۆرکردنی بۆشاییەکی بەرچاوی خستە بزووتنەوەی ژنان و خەبات بۆ یەکسانییەوە. ڕۆڵی ماندونەناسانە و کاریگەرییە قووڵەکانی وایکردبوو هەموو هێزە کۆنەپەرست و ژنکوژ و دژە پێشکەوتنخوازییەکان پێشبڕكێی پیلانگێڕییان بێت لەدژی و هەوڵی بێدەنگکردن و چۆکدادانی بدەن، بەڵام بێ سوود بوو.
ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە تیرۆرستیە، وا بیردەکەنەوه که بە ئەنجامدانی ئەم کارە ڕەشەیان دەتوانن خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و ڕێزگرتن له شکۆ و کەرامەتی ئینسانیی ژن ڕابگرن. بەڵام ڕێگای ڕزگاریخوازی و یەکسانی ژنان زۆر لەوە بەهێزترە کە ئەم جۆرە کردەوە قێزەون و دڕندانەیە بتوانێت بەریپێبگرێت.
تاکە ڕێزگرتن لە یەنار محەمەد بەردەوام بوونە لە خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەک کە بەهرەمەند بێت لە یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، بەهەرمەند بێت لە ئازادی، کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانە و سۆسیالیستی.
ئێمە لە کاتێکدا سەرەخۆشی بێپایانی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەکەی و ئازیزان و سەرجەم هاوڕێیانی لە ڕێکخراوی ئازادی ژنان و ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی دەکەین بۆ ئەم کۆستە گەورەیە، ئەم کارە تاوانکارییە مەحکوم دەکەین و حکومەت بە بەرپرسیار دەزانین کە بە خێرایی تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن و پاڵنەرەکانیان ئاشکرا بکرێن و بە زووترین کات ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
بژی یادی هاوڕێ یەنار محمد!
بژی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان!
بژی ئازادی و یەکسانی!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢ی ئازاری ٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە