Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیوتەیەک لەسەر گـڵکۆی هاوڕێی ئازیزمان یەنار محەمەد

وتەیەک لەسەر گـڵکۆی هاوڕێی ئازیزمان یەنار محەمەد

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 101 بینینەکان

ئێمە، ئەمڕۆ لێرە بەدڵێکی پڕ پڕ لە خەم و ئازارەوە کۆبووینەتەوە، بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی هاوڕێ ئازیزەکەمان یەنار حەسەن محەمەد، یەکێک لە مەزنترین ژنانی خەباتکاری شۆڕشگێڕی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە سەردەمی ئێمەدا، کە لە پێناو ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری ژنان گیانی لەدەستدا، خەباتکارێکی کۆمۆنیستی سەربەرز و بەتوانا لە پێناو بنیاتنانی جیهانێکی بێ هەر جۆرە چەوساندنەوە و سەرکوت و هەڵاواردنێک.

هاوڕێ ئازیزەکەمان یەنار، ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ بەخاکسپاردنی تۆ، کە بەدەستی تاوانکارانی وەحش و تیرۆریست لە دووی ئەم مانگەدا تیرۆریان کردی. 

ئەی خەباتکاری شۆڕشگێڕی بوێر، ئەی ئایکۆنی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان و خەباتی کۆمۆنیستی، بەناوی هەموو ئازیزانت؛ لە کەسوکار و هاوڕێیان و خۆشەویستان و هاوکارانت لە ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێراق، بە ناوی هەموو ئەو ژنانەی کە لە ماوەی بیست و سێ ساڵدا بە خەباتی پەیگیرانەت ڕزگارت کردوون لە توندوتیژی و کوشتن و بازرگانی کردن پێیانەوە، وە بەناوی سەدان ملیۆن ژن و ڕەنجدەر و منداڵ و ئازادیخواز و مرۆڤـدۆستەوە لە سەراسەری جیهاندا، لەناخی دڵمانەوە ئەوپەڕی ڕێز و پێزانین و خۆشەویستیمان پێشکەش بە تۆ دەکەین.

ئەمڕۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە لەم شارەدا بەڕێوەدەبەین، ئەویش لە کەشێکی خنکێنەردا بەهۆی شەڕ و چەپۆکی تیرۆر و میلیشیاکان، وە لە کەشێکی پڕ لە مەترسیدا کە دەوری خەباتکارانی ئازادیخوازی داوە.

گەورەترین دڵسۆزی بۆ تۆ، درێژەدانە بە ڕێگای خەباتەکەت و بەرزکردنەوەی ئەو ئاڵا ڕزگاریخوازە ئینسانییەیە کە تۆ بە خۆڕاگری و بەهێزەوە هەڵتگرتبوو.

هاوڕێ یەنار، ئێمە هاوڕێیانت لە ڕێکخراوی بدیلی کۆمۆنیستی، شان بە شانی هەموو خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری ژن و مرۆڤایەتی لە چنگی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری و هێز و دەسەڵاتە سیاسییە کۆنەپەرست و تیرۆریستەکانی، بە خۆڕاگری و پەیگیرانەوە سورین لەسەر درێژەدان بەڕێگای خەباتەکەت ئەی هاوڕێ یەنار.

یادی هاوڕێی خەباتکاری مەزن یەنار محمد بۆ هەتا هەتایە زیندوو دەمێنێتەوە.

نەنگ و شەرمەزاری بۆ بکوژانی یەنار محەمەد، ئایکۆنی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان.

بژی خەباتی ژنان بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی سیستەمی سەرمایەداری پیاوسالارانە.

بژی کۆمۆنیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٤-مارسی-٢٠٢٦