محمود حلاق: 
سەرەڕای ئەوەی کەبێکاری تەنگی بەبێکاران هەڵچنیوەو کرێکارانی لەسەرکاریشی کردووە بەکۆیلەی کار لەئەنجامی ترسی بێکاریدا، شەبەحی جەنگی ئامریکاش لەناوچەکەدا کەبەوێرانکاری لەغەززەوە دەستیپێکرد لەڕێگای ئیسرائیلەوە بەناوی ئەمنی ئیقلیمیەوە بۆسازدانەوەی بازاڕسازی سەرمایەی خۆیان لەدادۆشین وبەتاڵانبردنی ئابوری ناوچەکە لەسەر حسابی چینی کرێکار، هێندەی تر بارگرانی قورس و ناهەمواری هێناوەتە پێشەوە.
ئەم جەنگە، تەنها کێشەیەکی سەربازی و پاساوی چەکی ئەتۆمی ئێران و تیرۆریزم نیە، جەنگێکی ڕەق وسەربازی نیە، بەڵکو میکانیزمێکی داڕێژراوە بۆ بەکۆیلەکردنی هێزیکار لەناوچەکەدا. کاتێک ژێرخانی ئابوری وڵاتێک دەکرێتە ئامانج، ئیتر کرێکار لەجێگاوڕێگای داواو خواستەوە دەگۆڕدرێت بۆ جێگاوڕێگای لەناچاریدا مانەوەدا.
لەکوردستان. ئەم هەژموونە کرێکارو گەنجی بێکاری کردووە بەبارەمتەی سیستەمێکی نێودەوڵەتی.. ئەم جەنگە ستراتیژییەکی لەپێشدا داڕێژراوی سەرمایەداری جیهانییە بەڕابەرایەتی ئامریکا بۆ ئارامکردنەوەی بازاڕو لەخوارەوە ڕاگرتنی هەتا سەرئێسقان هێزیکاری بەتاڵانبراوی کرێکاران و وێرانکردنی فەزای ئازادیخوازی لەناوچەکەدا. ئەو کاتانەی کەتەپڵی جەنگ لێئەدەن لەم ناوچەیەدا، یەکەم قوربانی ئاسایشی کارو کەرامەت و ژیانی کرێکارانە کەوێراندەکرێت.
سیاسەتی ئەم جەنگەی ئامریکا لەناوچەکەدا، ڕێکخستنەوەی ژێرخانی ئابوری ووڵاتانە لەسەر حسابی داخستنی کارگەو، وەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەکۆمپانیا کردنی ژیانی خەڵک و بەتایبەت چینی کرێکاری ناوچەکەیە کەهەتا دێت سوپای بێکاران فڕیئەداتە دەرەوەو بەم هۆیەشەوە هێزیکاری کرێکاران دەبێتە کاڵایەکی هەرزانتر، هەتا کرێکاران ناچار ببن بەکەمترین کرێ و کاری سەخت و قورسترین مەرج، ماندووبوون و خوێن و ژیانی خۆی تاڵانفرۆش بکات بەکۆمپانیا زەبەللاحەکان و خاوەنکارانی ناوخۆیی.
جەنگی ئامریکا تەنها وێرانکردنی جادەو ئاپارتمان و خەستەخانەو خوێندگاکان نیە، بەڵکو دروستکردنی سوپایەکی گەورەیە لەبێکاران. کاتێک کەجەنگ و نائەمنی دەبێت، ئەو کاتەش خاوەنکار دەتوانیت کرێ و حەقدەستی کرێکار بۆ نزمترین ئاستی بهێنێتە خوارێ، چونکە لەدەرەوەی دەرگای کارگەو کۆمپانیاندا، هەزاران هەزار کرێکاری بێکار ئامادەن تەنها بۆ نانی یەک ژەم کاربکەن، هەر ئەوەش بەئاشکرا فەرهودکردنی ڕەنج و ژیانی کرێکارانە.
ئامریکا لەلایەکەوە لەڕێگای هەژموونی سەربازی و عەسکەرتاریەتی خۆیەوە، تێچووی جەنگەکەی لەسەر حسابی فرۆشتنی جبەخانەی زەبەللاح بەووڵاتان بەناوی خزمەتگوزاری ئەمنیەوە دەسەپێنیت، لەلایەکی تریشەوە هێزیکاری کرێکاران و تەنانەت گەنجانیش لەناو جەنگە وێرانکەرەکانیدا دەسوتێنیت، بۆئەوەی ڕێگری بکات لەدروستبوونی هوشیاری چینایەتی و گەشەی ئابوری لەهەر ووڵاتێکدا.
لەهەرێمی کوردستاندا، ئەم دۆخە ڕەهەندێکی مەتریسیدارتری وەرگرتووە بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و کاریگەری جەنگە هەرێمیەکانەوەو بازاڕیکاری تووشی داڕمانکردووەو سوپایەکی گەورەی لەگەنجانی ئەم ووڵاتەی بێکارو سەرگەردان کردووە کەئامادەن بەنیوە کرێ یان حەقدەستی ڕۆژانەی چەند هەزار دیناری زیاتر لە هەشت و دەو دوانزە کاتژمێر کاربکەن، هەرئەوەش دەستی کۆمپانیاو کارگەو ناوەندەکانی کاری کردۆتەوە کەبەئارەزووی خۆیان مافی کرێکاران لەخواری خوارەوە ڕابگرن لەپێناوی کەڵەکەی سەرمایەو قازانجی خۆیاندا.لەجەمسەرێکی تریشەوە لەجیاتی ئەوەی کەتاعین بکرێن لەبوارەکانی خۆیاندا، هێزیکاری ئەوان لەبەرهەمهێنانەوە دەگۆڕن بۆ هێزێکی سەربازی و ناچاردەکرێن بۆئەوەی بژین ببنە چەکدارو هێزی ئەمنی، ئەمەش خۆیلەخۆیدا تاڵانکردنی هێزی کارە کەووزەو هرزی گەنجان بۆ ئاوەدانکردنەوەو داهێنان زیندەبەچاڵدەکات.
ئەم جەنگە فەزایەکی ئەمنی وا دروستدەکات کەتێیدا یاسایکار دەمرێت، لەم سۆنگەیەوەیە لەکوردستانداو بەتایبەتی لەکاتی قەیرانەکاندا دەنگی ناڕەزایەتی کرێکاران کپ و خامۆشدەکەنەوە بەپاساوی پووچی بارودۆخی نائاسایی و ڕێکنەکەووتن لەگەڵ بەغداد.. ئەوەش بۆ خۆی دەرفەتێکی داوە بەدەسەڵاتداران کەهەر جۆرە داواکارییەکی کرێکاران بەتێکدانی ئاسایش و لەبەین بردنی قەوارەی هەرێم وەسف بکەن و بێدەنگیان بکەن.
لەکۆتاییدا تێدەگەین کەئاسایش و ئاشتی ڕاستەقینە لەناوچەکەدا تەنها بە وەستانی فیشەک و ڕۆکێت کۆتایی نایەت، بەڵکو بەکۆتایی پێهێنانی خودی سیستەمی سەرمایەدارییە کەجەنگ وەک بزوێنەری ئابوری بەکار دەهێنێت. جەنگێکە لەدژی نان و کەرامەتی کرێکاران.
هەتا ئەو کاتەی هێزیکاری ئێمە ببێتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی ئەوان، بێکاریش وەک مۆتەکەیەک لەسەر سنگی کرێکاران دەمێنێتەوە.. ڕێگای ڕزگاری لەهوشیاری ئەو کرێکارەوە دەستپێدەکات کەدەزانێت و تێدەگات شمشێری جەنگ تەنها بۆبڕینی خاکی ووڵاتێک نیە، بەڵکو بۆ بڕینی نانی سەر سفرەو خوانەکەی خۆشیەتی.
