توانا محەمەد نوری: 
باسکردن لەوەی کە گوایە ئێستا “دەرفەتێکی مێژوویی” هاتووەتە پێشەوە بەهۆی ململانێی زلهێزەکان و جەنگی وڵاتانی ناوچەکەوە وە گرێدانی هەموو کێشەکان بە “نەبوونی یەکڕیزیی کورد” و ناکۆکی حیزبەکان، خوێندنەوەیەکی زۆر ڕووکەش و مەترسیدارە بۆ چارەنووسی خەڵکی کوردستان.
سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە بەرژەوەندیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز، لەگەڵ بەرژەوەندیی حیزبە سیاسییەکان و نوخبە دەسەڵاتدارەکاندا یەک نییە. کاتێک باس لە “کورد” دەکرێت وەک یەک پاکێج و یەک جەستە، ئەوە گەورەترین هەڵخەڵەتاندنە. لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا چین و توێژی جیاواز هەن؛ خەڵکێک هەیە نان نییە بیخوات، خەڵکێکیش هەیە بازرگانی بە خوێن و شەڕەوە دەکات. بانگەوازکردن بۆ “یەکڕیزی” لە نێوان جەاللاد و قوربانی، یان لە نێوان بازرگانانی شەڕ و خەڵکی مەدەنی، تەنیا بۆ ئەوەیە خەڵک بێدەنگ بکرێت و بکرێنە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندیی ئەو حیزبانە.
ئەو “دەرفەتە”ی باسی لێوە دەکرێت کە گوایە لە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ئێران یان ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دروست دەبێت، لەڕاستیدا دەرفەت نییە بۆ ئازادیی مرۆڤەکان، بەڵکو کارەساتە. مێژوو سەلماندوویەتی کە کاتێک بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (قەومی) هیواکانی خۆی لەسەر ململانێی وڵاتانی زلهێز هەڵدەچنێت، دەرەنجامەکەی تەنیا ماڵوێرانییە بۆ خەڵکی سادە. ئەم سیاسەتە وادەکات خەڵکی کوردستان نەبنە خاوەنی چارەنووسی خۆیان، بەڵکو ببنە کارتێکی فشار و سەربازی پیادەی ئەم دەوڵەت یان ئەو دەوڵەت. ئازادیی ڕاستەقینە بە سازش و مامەڵەی ژێربەژێر لەگەڵ زلهێزەکان بەدەست نایەت، بەڵکو بە هێزی ڕێکخراوی جەماوەری مەدەنی و کرێکاری و ژنان و لاوان بەدەست دێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ستراتیژیی چاوەڕوانی بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا، گەورەترین ژەهرە کە دەکرێتە ناو جەستەی کۆمەڵگاوە. ئەم سیاسەتە بە خەڵک دەڵێت: “ئێوە بچنەوە ماڵەکانتان و دەستەوستان دابنیشن، با فڕۆکە و سەربازە بێگانەکان ڕزگارتان بکەن.” ئەمە واتە کوشتنی باوەڕبەخۆبوون و ئیرادەی سیاسیی خەڵک. کاتێک چارەنووسی کۆمەڵگایەک بە بڕیارێکی کۆشکی سپی یان کۆبوونەوەیەکی ناتۆوە گرێ دەدرێت، خەڵک لە بکەرێکی چالاکەوە دەبنە تەماشاچییەکی بێدەسەڵات. مێژوو فێری کردووین کە بۆ ئەمریکا، پرسی کورد و هێزە سیاسیەکانی ناسیۆنالیستی کورد، تەنیا کارتێکن بۆ کاتێكی دیاریکراو، نەک هاوپەیمانێکی ئەبەدی. پشت بەستن بەم هێزانە، جگە لە بێئیرادەکردنی جەماوەری ناڕازی و سپاردنی ملیان بە بەرژەوەندیی ئیمپریالیزم، هیچ مانایەکی تری نییە.
بەداخەوە، ئەم پەتای چاوەڕوانی و خۆهەڵواسینە بە هێزی دەرەکییەوە، تەنیا یەخەی ناسیۆنالیستەکانی نەگرتووە، بەڵکو هەندێک ڕێکخراو و گرووپی بەناو “چەپ” و “کۆمۆنیست”یشی گرتووەتەوە. ئەمانیش لەبری ئەوەی پشت بە هێزی ڕێکخراوی کرێکاران و جەماوەری ناڕازیی ناوخۆ ببەستن، کەوتوونەتە داوی ئەو وەهمەوە کە گوایە دەستێوەردانی سەربازیی ڕۆژئاوا و سیناریۆیەکی وەک عێراق یان لیبیا، دەتوانێت دەرگای ئازادی بکاتەوە. ئەمە لادانێکی مەترسیدارە لە پرەنسیپە سەرەتاییەکانی ئازادیخوازی؛ چونکە گۆڕینی ڕژێمێک بە دەستی هێزێکی ئیمپریالیستی، هەرگیز واتای شۆڕش و ڕزگاری نییە، بەڵکو تەنیا دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە سەرەوە، بەبێ ئەوەی بنەماکانی ژیانی خەڵک و سیستەمە چەوسێنەرەکە بگۆڕێت.
سەبارەت بەوەی کە دەگوترێت “کێشەکە پەرتەوازەیی حیزبەکانە”، دەبێت بپرسین: ئایا سروشتی ئەم حیزبانە خۆی کێشەکە نییە؟ ئەم هێزانە کە بە عەقڵیەتی خێڵەکی و میلیشیایی و کۆنەپەرستییەوە سیاسەت دەکەن، تەنانەت ئەگەر یەکیش بگرن، هەر ناتوانن ئازادی و یەکسانی بۆ خەڵک دابین بکەن. یەکگرتنی چەند هێزێکی سەرکوتگەر و دژە-ئازادی، تەنیا دەبێتە دروستکردنی هێزێکی سەرکوتگەری گەورەتر بۆ لێدان لە هەر دەنگێکی ئازاد لە داهاتوودا. نموونەی باشووری کوردستان و بەرەی کوردستانی لە ڕابردوودا دیارە؛ ئەوان یەکیان گرت، بەڵام بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان لەنێوان خۆیاندا، نەک بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک. بۆیە کێشەکە ئەوە نییە ئەوان یەک نین، کێشەکە ئەوەیە بەرنامە و ئامانجیان دژی بەرژەوەندیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و جەماوەری ئازادیخوازە.
نابێت چیتر خەونەکانی خەڵک بە “دەوڵەت”ێکەوە گرێ بدرێت کە ناوەڕۆکەکەی دیار نییە. گۆڕینی پۆلیس و زیندانەوانی عەرەب یان فارس یان تورک بە پۆلیس و زیندانەوانی کورد، ناوی ڕزگاری نییە. ڕزگاری بریتییە لە کۆمەڵگایەکی سکۆلار، یەکسان، مۆدێرن کە تێیدا مرۆڤ بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین و ڕەگەز، ڕێزی لێ بگیرێت و مافی پارێزراو بێت و ژیانێکی شکۆمەندانەی هەبێت. ئەو “هەلە مێژووییە”ی کە دەبێت کاری بۆ بکرێت، هەلی جەنگ و وێرانکاری نییە، بەڵکو هەلی ڕێکخستنی خەڵکە لە دەرەوەی بازنەی حیزبە قەومی و ئایینییەکان بۆ ئەوەی دنیایەکی باشتر بۆ خۆیان دروست بکەن، نەک چاوەڕێی ڕەحمەتی کۆشکی سپی یان تاران بن.
کورت و کرمانجی، هێزی خەڵکی کوردستان لە “یەکگرتنی حیزبەکان”دا نییە، بەڵکو لە هاتنە مەیدانی ئیرادەی سەربەخۆی خەڵکدایە دژی ئەو سیستمە جیهانی و ناوچەییەی کە مرۆڤ دەکاتە قوربانی. تا ئەوکاتەی سیاسەت لە کوردستان لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی و چاوەڕوانی دەستی هێزو دەوڵەتە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بڕوات، ئەم بازنە داخراوەی ماڵوێرانی هەر دووبارە دەبێتەوە، جا حیزبەکان یەک بن یان سەد پارچە بن.
٦/٣/٢٠٢٦
