ئامادەبوانی بەڕێز، بنەماڵەی سەربەرزی کاکە بەهزاد، هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی ئازادی..
ئەمڕۆ لێرەدا کۆبووینەتەوە بۆ یادی مرۆڤێکی گەورە. مرۆڤێک ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا و بەرگری لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ تەرخان کردبوو. لە کاتێکدا کۆبووینەتەوە، هێشتا باوەڕکردن بەم جیابوونەوەیە قورسە. چل ڕۆژ تێپەڕی، بەڵام هێشتا وا هەست دەکەین بەهزاد لە نێوماندایە، بە قەڵەمەکەی، بە دەنگە خەمگین و لە هەمان کاتدا بەهێزەکەی، بە ڕوخسارە پڕ لە میهرەبانییەکەی.
بەهزاد تەنها مامۆستایەکی زانکۆ نەبوو کە وانەی زانست بڵێتەوە، بەڵکو ئەو مامۆستایەک بوو لە قوتابخانەی ژیاندا وانەی شکۆ و بەرگریی دەگوتەوە. ئەو قەڵەمێکی بوێر بوو، تەنها بۆ ڕاستییەکان دەینووسی و هەنگاوێکی مەدەنی بوو کە هیچ کات لە ماندووبوون نەدەترسا. ئەو مرۆڤێک بوو بە هەست و ویژدانەوە لەگەڵ کێشە و ئازاری کۆمەڵگەکەی خۆی دەژیا.
بەهزاد هەڵسوڕاوێکی جەماوەری و چالاکوانێکی مەدەنی بوو، دەنگێک بوو بۆ ئەوانەی دەنگیان نەبوو. بەرگریکاری ئازادی و ئازادی دەربڕین بوو، بەرگریکاری مافە مەدەنیەکانی خەڵک بوو، بەرگریکاری مافەکانی ژنان و منداڵان بوو.
بەهزاد بەرگریکاری ئازادی بوو، بە تایبەت ئازادی دەربڕین، باوەڕی وابوو بناغەی هەموو ئازادییەکانی دیکەیە. تەنها باسی لە ئازادی نەدەکرد، بەڵکو بە کردەوە لە پێناویدا دەجەنگا. کاتێک قەڵەمە ئازادەکانی وەک (سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و ویداد حسێن) تیرۆر کران، بەهزاد نەبووە تەماشاکار، ئەو بووە دەنگی ئەو گەرویانەی کە ویستیان کپیان بکەن.
لەوانەش گرنگتر، بەهزاد بەرگریکاری دۆسیەی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو بوو. ئەو ڕێگای نەدا کوژرانی “سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، و ویداد حسێن” لە بیر و باوەڕی خەڵکدا ون بێت. ئەو بەردەوام لە ڕێگای ئەم ڕۆژنامەنووسانەدا هەنگاوی هەڵدەگرت، لە کۆڕ و کۆنفڕانسەکاندا ناوی دەهێنان، و داوای دادپەروەری دۆسیەکانی دەکرد. ئەو دەیزانی کە بێدەنگی لە بەرامبەر کوژرانی ڕۆژنامەنووس، مانای بەشداریکردنە لە تاوانەکەدا.
ئەو هەرگیز لە دەربڕینی ڕاستی نەترسا. لە شەقامەکانی هەولێر و کوردستاندا، دەنگێکی ناڕازی بوو لە دژی گەندەڵی و سەرکوتکردن و پێشێلکاریەکانی دەسەڵات. لە هەر شوێنێک پێشێلکاری و ستەمێک هەبووایە، بەهزاد لەوێ بوو. ئەو بە دڵە میهرەبانەکەیەوە بۆ ئازاری قوربانیانی دەسەڵات دەگریا و بە عەقڵە ڕەخنەگرەکەشی ڕووبەڕووی گەندەڵی و سەرکوتکاری دەبۆوە.
ئەوەی بەهزادی لە زۆر کەس جیا دەکردەوە، ئەو خەمخۆرێکی ڕاستەقینە بوو، خەمەکانی خەڵکی بە خەمی خۆی دەزانی و هیچ کات لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان بێدەنگی هەڵنەبژارد.
ئامادەبوانی خۆشەویست..
ئەگەرچی ڕووداوێکی ترافیک جەستەی بەهزادی لێ سەندین، بەڵام هیچ ڕووداو و دەسەڵاتێک ناتوانێت ئەو ڕێچکەیەی ئەو دروستی کرد بسڕێتەوە. بەهزاد لە نێو لاپەڕەی کتێبەکانیدا، لە نێو هاواری خۆپێشاندەراندا و لە نێو هۆشیاریی خوێندکارەکانیدا زیندووە.
ڕێگای بەهزاد، ڕێگای بەرگری لە ڕاستی و ماف و ئازادییە. ڕێگایەک ئەو بە درێژایی ژیانی پابەندی بوو. ئێستا ئەم ڕێگایە لە ئەستۆی ئێمەدایە. بەهزاد لە شتێکدا باوەڕی پتەوی هەبوو، ئەوە بوو کۆمەڵگە بە دەنگی ڕاست و بە تێکۆشان دەگۆڕدرێت.
سەبووری بۆ بنەماڵەکەی و هەموو ئازادیخوازان دەخوازم.
بەرز و بەرێز بێت یادی بەهزاد و ئەو مرۆڤانەی لە پێناوی ژیان و ماف و ئازادیدا تێکۆشان
ئەو ووتارە لەلایەن (بەشدار عوسمان) لە مەراسیمی چلەی بەهزاد محسین لە شاری هەولێر خوێندرایەوە
