سەرتیپ جەوهەر
نازانین ئەو رێكنەكەوتن یان دانانی مەرج بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی عیراق لەڕێی بۆری هەرێم لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە! كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی هەولێرە بەرامبەر ئەو فشارانەی رابردووی بەغدا دژبە هەرێم، یاخود هۆكاری دیكە هەیە ئێمە نایزانین.
ناردنە دەرەوەی نەوتی عیراق لەڕێی هەرێم لەم كاتەدا پرسێكی زۆر هەستیارە، پێویستە دەسەڵاتدارو بڕیاربەدەستانی هەرێم بەوریاییەكی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، چونكە ئەو پرسە گرێدراوی دۆخی خراپی ئابوریی عیراق و هاوكات پەیوەندی نێوان شیعەو كوردە بەتایبەت لەم دۆخەدا كە ئێران لەژێر فشارو موشەكبارانی ئەمریكایە، شیعەی عیراقیش لەژێر كاریگەری ململانێی ناوچەكەو ئەگەری لاوازبوونی رژێمی ئێراندان.
لەدوێنێوە، بەهۆی رازینەبوونی هەرێم بەناردنەدەرەوەی نەوتی عیراق، توڕەییەكی زۆر لەلای حكومەت و لایەنە سەرەكییەكانی شیعە و سوننەوە دروستبووە، تەنانەت لەرووی میدیاییشەوە تاڕادەیەك شەقام لەدژی هەرێم جوڵێنراوە كە بەدڵنیاییەوە ئەگەر رێكنەكەون بۆ هەرێم بێ لێكەوتە نابێت. ئەم بارودۆخە زەمینە دەڕەخسێنێت لەبەغدا تۆمەت بخرێتەپاڵ هەرێم كە لەخزمەتیدا نییە.
رازینەبوونی هەرێم وەك لەبەغدا ئەو بانگەشەی بۆ دەكرێت، لێكەوتەی زۆر خراپی دەبێت.
ئەگەر لەرووی ئابورییەوە عیراق نەتوانێت نەوت هەناردە بكات، بەدڵنیاییەوە بەغدا و دەكەوێتە ژێر فشارێكی دارایی گەورە و ناتوانێت موچەو پێداویستیەكانی دابینبكات، چونكە تاكە هەناردەیە عیراق بۆ پارەداركردنی موچەو بوجەی خۆی پشتی پێدەبەستێت. هەمووشمان دەزانین هەرێم بەتەواوی پشت بەپارەی مانگانەی بەبەغدا دەبەستێت بۆ دابینكردنی موچەو بەڕێوەبردنی حكومەت. خراپبوونی دۆخی ئابوریی عیراق راستەوخۆ یەكسانە بەخراپبوونی دۆخی دارایی و ئابوری هەرێم! كەوایە دەبێ بڕیاربەدەستانی هەرێم راستیی گرفتەكان شەفافانە بۆ هەمووان روونبكاتەوە. ئێستاش وەك وەزیری نەوتی عیراقی رایگەیاندووە كە رێگەیەكی دیكەیان دابینكردووە بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت، ئەگەر بەغدا بەڕێگەیەكی دیكە نەوت رەوانەبكات، لێكەوتەی خراپی بۆ هەرێم دەبێت و كاربەدەستانی بەغدا (شیعە) كاردانەوەیان دەبێت، لەم مانگەوە دەیبینین بزانین بەغدا پارە دەنێرێت یان ئاستەنگ دروستدەكەن و دوایدەخەن؟
لەلایەكی دیكەوە، دروستكردنی هەر بارگرژیی و ناكۆكییەك لەگەڵ بەغدای (شیعە) تەنها گرفت و ئاڵۆزیی نییە لەگەڵ حكومەتی عیراق، بەڵكو لێكەوتەكەی كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندی مێژویی نێوان شیعەو كورد، نابێت بڕیاربەدەستانی هەرێم كارێك بكەن دڕدۆنگیی و ترسێك لەشەقامی شیعە سەبارەت بەهەڵوێستی كورد و هاوسۆزیی كوردو شیعە لەم بارودۆخە دروست ببێت.
بەیاننامەی ئێوارەی دوێنێی كاك مەسعود بارزانیی، بڕێك بارودۆخەكەی هێوركردەوە، ئەگینا بەیاننامەكەی بەناوی حكومەتی هەرێم سەبارەت بەپرسی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم بڵاوكرایەوە، لەباتی چارەسەر ئاڵۆزیی زیاتری دروستكردو بەهۆیەوە بەیاننامەی ناڕەزایەتی زیاتر لەبەغدا دەرچوو.
خولاسە، لەم بارودۆخەی ئێستا كە ناوچەكە لەژێر كاریگەری شەڕێكی گرانی نێوان ئەمریكاو ئێراندایە. هەرێم لەدۆخێكی ئابوریی و سیاسیی زۆر هەستیاردایە. پێویستی بەهاوسەنگیی و بەهێوریی و سەقامگیریی هەیە نەك گرژیی و قەیران، هیوادارین ئەم بڕیارەی بڕیاربەدەستانی هەرێم، كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان نەبێت.
