Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی“سیاسەت وەک کایەی ئەخلاقی، خوێندنەوەیەک بۆ مۆدێلی سەرکردایەتی لای ساڵح موسلیم”

“سیاسەت وەک کایەی ئەخلاقی، خوێندنەوەیەک بۆ مۆدێلی سەرکردایەتی لای ساڵح موسلیم”

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 76 بینینەکان

لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، هەمیشە سنوورێکی لێڵ و پڕ لە کێشمەکێش لە نێوان “سیاسەت وەک پیشە” و “سیاسەت وەک ئەخلاق” هەبووە؛ بەڵام کاتێک باس لە بژاردەی سەرکردە دەبێت لە نێوان بەرژەوەندیی تایبەت و خەمی نەتەوەیەکدا، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی سیاسی دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی سەخت و بێبەزەیی کە تەنیا مرۆڤە باڵاکان تێیدا سەردەکەون.

سەرکردەی ڕاستەقینە ئەو کەسایەتییە ناوازەیەیە کە چەمکی سەرکردایەتی لە ئامرازێک بۆ خۆسەپاندن و کۆکردنەوەی سەروەت و سامانەوە، دەگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی قوربانیدەر لەپێناو شکۆمەندی و پاراستنی کەرامەتی میللەتەکەی. لێرەوە، ئەوەی ساڵح موسلیم وەک مۆدێلێکی سیاسی پێشکەشی کرد، تێپەڕاندنی هەموو پێوەرە تەقلیدییەکانی سەرکردایەتی بوو؛ ئەو لە ڕێگەی پەروەردەیەکی سیاسیی قووڵەوە نیشانی دا کە سەرکردەبوون پێش ئەوەی پێگە و پلە و پۆست بێت، پەیمان و پابەندییەکی ئەخلاقی و نیشتمانییە، کە مرۆڤ ناچار دەکات لەبەردەم بەرژەوەندییە شەخسی و خێزانییەکانیدا بوەستێتەوە و نیشتمان وەک تاکە پێوەری پیرۆز بناسێت.

ئەو توانی کایەی سیاسی لە بازنەی حەز و هەوەسە ماددییەکان دەربهێنێت و بیباتە ناو کایەی خزمەتکردنی ڕاستەقینە؛ چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە زۆرینەی سیاسییەکان لە کاتی گەیشتن بە دەسەڵات، دۆزی نەتەوە دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی خێزانەکانیان و نەوەکانیان لە کۆشکی ئارامدا حەشار دەدەن، بەڵام موسلیم پێچەوانەکەی ئەنجام دا.

ئەو کاتەی شەهید “شەرڤان” وەک شەرڤانێکی تێکۆشەر لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریی ڕەوادا بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە گیانی بەخشی، باوکی نەک هەر پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو سەلماندی کە ئەو بەڵێنەی بۆ ڕزگاری و شکۆمەندیی گەلەکەی داویەتی، بەڵێنێکی ڕاستگۆیانەی خوێنینە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان خوێنی ڕۆڵەکەی خۆی و کچ و کوڕی تری نەتەوەکەیدا نابینێت. ئەم جۆرە لە ڕەفتار، تێپەڕاندنی تەواوەتیی حەزی دەسەڵاتە بەرەو جەوهەر و مانای هونەری سەرکردایەتی، کە بریتییە لە بوون بە پارێزەری ماف و ناسنامەی گەلێک. ئەو ڕاستگۆییەی لە نێوان گفتار و ڕەفتارەکانیدا هەیە، پێناسەیەکی نوێی بۆ ئەخلاقی سیاسی لە دونیای ئێمەدا نووسییەوە و سەلماندی کە سەرکردایەتی تەنیا بە گوتاری بریقەدار نییە، بەڵکو بەو هەڵوێستە کردارییانەیە کە مرۆڤ تێیدا ئامادەیە گەورەترین قوربانیی مرۆیی ببەخشێت.

لە کۆتاییدا، ساڵح موسلیم وەک مۆدێلێکی زیندووی “مرۆڤی باڵا”، بە کردەوە نیشانی دا کاتێک دۆزی ڕەوای نەتەوەیەک دەبێتە چەق و جەوهەری ژیان، مرۆڤ دەتوانێت بەسەر هەموو خواستە زاتی و بەرژەوەندییە شەخسییەکانیدا زاڵ بێت. ئەو تەنیا وەک سیاسییەک دەرنەکەوت، بەڵکو بوو بە ڕەنگدانەوەی ئازار و ئومێدەکانی میللەتەکەی، بە جۆرێک کە هیچ سنوورێک لە نێوان ژیانی تایبەتی خۆی و خەباتی گەلەکەیدا نەمایەوە. ئەم جۆرە لە تێکۆشان پێناسەیەکی نوێی بۆ چەمکی سەرکردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نووسییەوە. بەم هەڵوێستە مێژووییانە، ساڵح موسلیم ناوی خۆی وەک سەرکردەیەکی خاوەن پرەنسیپ و خاوەن پەروەردەیەکی سیاسیی ئەخلاقی لە ناو لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا جێگیر کرد. ئەو بۆ جیهانی سەلماند کە سیاسەت تەنیا گەمەی دەسەڵات و بەرژەوەندی نییە، بەڵکو کایەیەکە بۆ بەرجەستەکردنی باڵاترین بەها مرۆڤایەتییەکان؛ بەمەش سەلماندی کە سیاسەت و ئەخلاق لای سەرکردەی ڕاستەقینە، وەک گۆشت و ئێسقان وان و هەرگیز لەیەک جیا ناکرێنەوە.

شۆڕش خدر