88
دادگاییکردنی دەرهێنەری کورد: “ڕۆژهەڵات ئەکسۆی” لەسەر نمایشکردنی فیلمی “خۆرهەڵاتنی ئۆرۆرا”، تەنها کەیسێکی یاسایی سادە نییە، بەڵکو پەردە لەسەر ململانێیەکی قووڵ لادەبات لە نێوان “حەقیقەتی مێژوویی” و “نکوڵیکردنی سیستماتیک” دەوڵەتی تاك ڕەهەندی تورکیا.
ئەوەی جێی تێڕامانە، نزیکیی کاتی ئەم دادگاییکردنە و دانیشتنی داهاتووی دادگایە (مانگی نیسان) لەگەڵ یادی جینۆسایدی کورد لە باشور. لەکاتێکدا لە مانگی ئازارو نیساندا یادی کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال دەکەینەوە، دەبینین لە باکووری کوردستان هونەرمەندێک بەهۆی باسکردنی جینۆسایدێکی دیکەوە لە هەمان بەروار ڕاپێچی دادگا دەکرێت. ئەم هاوکاتییە پەیامێکی گرنگی تێدایە: بکەرانی جینۆساید و نکوڵیکەرانی، لە هەر کوێ بن، هەمان عەقڵیەتیان هەیە.
دادگاییکردنی دەرهێنەری کورد: “ڕۆژهەڵات ئەکسۆی” لەسەر نمایشکردنی فیلمی “خۆرهەڵاتنی ئۆرۆرا”، تەنها کەیسێکی یاسایی سادە نییە، بەڵکو پەردە لەسەر ململانێیەکی قووڵ لادەبات لە نێوان “حەقیقەتی مێژوویی” و “نکوڵیکردنی سیستماتیک” دەوڵەتی تاك ڕەهەندی تورکیا.ئەم دادگاییکردنە کە بەپێی ماددەی ٣٠١ی یاسای سزاکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، جارێکی دیکە دەیسەلمێنێتەوە کە چۆن دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان یاسا وەک چەکێک دژی ڕاگرتنی “بیرەوەری” یان هەرجۆرێکیتری ڕاگرتنی پەیوەندی بە کۆمەڵکوژی بەکاردەهێنن.
فیلمی دۆکیۆمێنتاری و ئەنیمەیشن، وەک ئەوەی لە چیرۆکی “ئۆرۆرا”دا بەکارهاتووە، تەنها هونەر نییە، بەڵکو شایەدحاڵێکی زیندووە بۆ ئەو تاوانانەی کە ویستراوە لە مێژوودا بسڕێنەوە.
جینۆسایدی ئەرمەن و ئاشوورییەکان (سەیفۆ) لە ساڵی ١٩١٥، برینێکی ساڕێژنەبووی ناوچەکەیە. کاتێک دەرهێنەرێک ئەم برینانە دەورووژێنێت، لە ڕاستیدا کار بۆ چەسپاندنی دادپەروەری دەکات، نەک سوکایەتیکردن بە نەتەوەیەکی دیاریکراو کە ئیستا دادگا دەیەوێ وێنای بکات.
بەڵام لە وڵاتێکی وەک تورکیادا، “ئازادی ڕادەربڕین” لەبەردەم دیوارێکی بەرزدا دەوەستێت کە سەرکوتگەرانە ناوی پاراستنی “شکۆی دەوڵەتە” تەنانەت ئەگەر ئەو شکۆیە لەسەر حیسابی شاردنەوەی تاوانە هەرە گەورەکانی مێژوو بێت.
بەکارهێنانی ماددەی ٣٠١ لە دەستوردا دژی دەرهێنەری کورد “ڕۆژهەڵات ئەکسۆی” نموونەیەکی ڕوونی ئەو یاسا سەرکوتکەرانەیە کە بۆ دەستەمۆکردنی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان داڕێژراون.
ئەم ماددەیە ڕێگە بە دەسەڵات دەدات هەر ڕەخنەیەک یان لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی کە لەگەڵ گێڕانەوەی فەرمی دەوڵەتدا نەگونجێت، وەک “سوکایەتی” بە دەوڵەت ناوزەندی بکات. ئەمە وادەکات کە تورکیا لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردووی خۆی، پەنا بۆ سزادانی ئەو کەسانە بەرێت کە ئاوێنەی ڕاستییان بەدەستەوەیە.
ئەوەی جێی تێڕامانە، نزیکیی کاتی ئەم دادگاییکردنە و دانیشتنی داهاتووی دادگایە (مانگی نیسان) لەگەڵ یادی جینۆسایدی کورد لە باشور. لەکاتێکدا لە مانگی ئازارو نیساندا یادی کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال دەکەینەوە، دەبینین لە باکووری کوردستان هونەرمەندێک بەهۆی باسکردنی جینۆسایدێکی دیکەوە لە هەمان بەروار ڕاپێچی دادگا دەکرێت. ئەم هاوکاتییە پەیامێکی گرنگی تێدایە: بکەرانی جینۆساید و نکوڵیکەرانی، لە هەر کوێ بن، هەمان عەقڵیەتیان هەیە.ئەو عەقڵیەتەی لە ساڵی ١٩١٥دا کۆمەڵکوژی”سەیفۆ”ی ئەنجامدا، هەمان ئەو عەقڵیەتەیە کە لە ١٩٨٨دا هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و ئەمڕۆش دەیەوێت بە یاسای سەرکوتکەر دەنگی هونەر کپ بکات.
دادگاییکردنی “ڕۆژهەڵات ئەکسۆی” تەنها دادگاییکردنی کەسێک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ زیندانیکردنی ئەو هەوڵە جدیانەی کە نایەوێت ڕێگە بدات تاوانە گەورەکان فەرامۆش بکرێن.
ڕزگار عومەر
