Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیله‌ یادی 38 ساڵه‌ی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌

له‌ یادی 38 ساڵه‌ی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌

by admin
0 کۆمێنتەکان 175 بینینەکان

خوشكان برایان …. ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست
هه‌موو لایه‌ك به‌خێر بێن

38 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر, رژێمی به‌عسی فاشی, یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین تاوانه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامدا, به‌ چه‌كی كیمیاوی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیابارانكرد, هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ شاری زۆرترین قوربانی هاووڵاتی سڤیل له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا, ئێمه‌ له‌م یاده‌ غه‌مناكه‌ و له‌م یاداوه‌رییه‌ تاڵه‌دا, بۆ پشتیوانی له‌ قوربانیانی چه‌كی كیمیاوی كۆمه‌ڵێك داواكاری ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م رای گشتی و حكومی .
1- پێویسته‌ حكومه‌تی عێراقی به‌ فه‌رمی داوای لێبوردن له‌ قوربانیانی چه‌كی كیمیاوی و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ تایبه‌تی و هه‌موو قوربانیانی جینۆساید به‌ گشتی له‌ كوردستان و عێراق بكات.
2- پێویسته‌ حكومه‌تی عێراقی قه‌ره‌بووی زیان لێكه‌وتانی چه‌كی كیمیاوی و جینۆساید و تاوانه‌كان بكاته‌وه‌.
3- پێویسته‌ پشتیوانییه‌ داراییه‌كان له‌ قوربانیانی چه‌كی كیمیاوی زیاد بكرێت و لیستی موچه‌كانیان ئاشكرا بكرێت.
4- پشتیوانی له‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كه‌ین بۆ دادگاییكردنی ئه‌و كه‌س و كۆمپانیانه‌ی چه‌كی كیمیاویان به‌ رژێمی پێشوو فرۆشتووه‌.
5- پێویسته‌ هه‌نگاوی په‌له‌ بنرێت بۆ دادگاییكردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداربوونه‌ له‌ كیمیابارانكردنی هاووڵاتیانی سڤیل له‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی و تۆمه‌تبارانی جینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی.
6- پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵام به‌ داواكاری قوربانیانی خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و قوربانیانی چه‌كی كیمیاوی له‌ كوردستان بداته‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی برینداران, دابینكردنی ده‌رمان به‌ خۆڕایی, به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌ركه‌ ئابوورییه‌كانی له‌ دابینكردنی خانوو بۆیان, گه‌ڕاندنه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوانیان و ناسینه‌وه‌یان, گه‌ڕاندنه‌وه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كان و خێراكردنی رێكاره‌ یاسایی و پشكنینه‌كانیان, زیادكردنی هاوكاری بریندارانی چه‌كی كیمیاوی….. هتد.
7- پشتیوانی هه‌ر هه‌ڵوێست و داواكارییه‌كین كه‌سوكاری قوربانیانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ داوای بكه‌ن.
8- داواكارین هه‌موو فایل و دۆكۆمێنته‌كانی ئه‌م تاوانه‌ ئاشكرا بكرێت و بۆ رایگشتی بڵاو بكرێته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا سه‌ری رێزو نه‌وازش له‌م یاده‌ تاڵه‌ بۆ قوربانیانیانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌نوێنین و یادو یاده‌ورییان به‌رز راده‌گرین .

رێكخراوه‌كان
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چه‌كی كیمیاوی و بایه‌لۆجی-www
-هه‌ڵمه‌تی ژیان دژ به‌ ئیعدام له‌ كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوه‌
-رۆژنامه‌ی نگره‌ سه‌لمان
– رێكخراوی مانه‌وه‌ بۆ پرسی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان
-كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان
– تۆڕی رێكخراوه‌ كوردستانییه‌كان بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ناوكی و كۆكوژ له‌ كوردستان-KONW
-هه‌ڵمه‌تی ژیان دژ به‌ ئیعدام له‌ كوردستان