Home بیروڕائێران.. ستراتیژی سەرتر

ئێران.. ستراتیژی سەرتر

ئاوڕدانەوەیەک لە پێشهاتەکانی ئێستا سەبارەت بە ئێران

by admin
0 کۆمێنتەکان 99 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:
هەموو خەڵکی وڵاتانی جیهان، کەم تا زۆر، توڕەن لە رژێمی مەزهەبیی ئێران. هەر بۆیە هەمووان دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە بڕووخێت و کۆتایی پێ بێت. لە وتارێکی تیژ و بێ وێنەدا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند کە “٤٧ ساڵ لە تەحەمولکردن و پێدانی زەمینە بە گەورەترین (سپۆنسەری تیرۆری حکومەتی) لە جیهاندا کۆتایی هاتووە”.
هاوکات دەبێ قبووڵ بکرێت کە سیاسەتی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی بووەتە هۆی ئەوەی ئەم دیکتاتۆرییەتە بۆ ماوەی ٤٧ ساڵ بەردەوام بێت و ئێستا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. ئەمەیە لایەنی حاشا هەڵنەگر لە مێژوودا.
ئێستا، چارەسەرکردنی پرسی ئێران، “خاڵی وەرچەرخان”ی تێپەڕاندووە. دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران چی بەسەر دێت؟ “جەنگی ستراتیژییەکان” لەم خاڵە تایبەتەوە دەست پێدەکات. بە واتایەکیتر، پرسیارەکە ئەوەیە کە “کەی” ئەم دەسەڵاتە کۆتایی دێت و دوای کۆتایی هاتنی ئەم دیکتاتۆرییەتە، چی لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات؟
ئایا ئاژاوەگێڕی ناوچەکە دەگرێتەوە؟ ئایا مێژوو دووبارە دەبێتەوە و دیکتاتۆریەتێکیتر لە ئێراندا دروست دەبێت؟ ئایا دیکتاتۆریی پێشوو، واتە دەسەڵاتی پاشایەتی، دەگەڕێتەوە بۆ ئێران؟ ئایا رژیمی ئایینی لە ئێران بە شێوەیەکی جیاواز سەرهەڵدەدات و لە کۆتاییدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چی لەو بارەیەوە دەکات؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە دەتوانرێت بۆیان زیاد بکرێت. بەڵام ئەوەی کە پێدەچێت راست بێت، “ستراتیژێکی سەرتر”و پێشکەوتووترە کە لە هەموو جۆرەکانیتری ستراتیژی پێش کەوتووە؟
شەڕی دەرەکی
ماوەیەکە شەڕی دەرەکی دژ بە دیکتاتۆریی ئایینی بەردەوامە. بەرخۆدانی ئێران زۆر جار رایگەیاندووە کە چارەسەر لە (شەڕی دەرەکی)دا نییە و چارەسەری کێشەی ئێرانی لێناکەوێتەوە. هەروەها چارەسەرەکەش لە (سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە)دا نییە. یەکێک چاوی لە ناوەوەی رژێمە. ئەویتر بە تەمای ئەوانیترە و چاوی بڕیوەتە وابەستەیی. یەکێکیان پێی وایە لە گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و ئەویتریان هەڵگیرسانی شەڕی دەرەکی! بەڵام هەموو ئەمانە کە لە شێوەی ستراتیژدا دەخرێنەڕوو، لە راستیدا “ستراتیژی هەڵە”ن کە دواجار، یاریکەرن لە زەمینی دیکتاتۆرییەتدا. چونکە سەرچاوەی هەموو ئەمانە “لاوازی و بەرگری”ە لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەت و تێچووی ئەویش بە بڕێکی زۆر، لە گیرفانی خەڵکی ئێران و ناوچەکە دەدرێت. رژێمی ئێران پێش هەموو کەس باش لەم بابەتە دەگات. نموونەی ئەم ستراتیژییانە، شاپەرستەکانن کە نەک هەر لە نێو خەڵکی ئێراندا بنکە و پێگەیان نییە. بەڵکو هەڵگری ئەو پەیامەشن کە دەڵێن “بڕۆ بیڕووخێنن تا بتوانم ببمە شای ئێران و سیستمی حاکم ببێتە پاشایەتی و بۆ هەتاهەتایی و بەمیرهت بکرێت”. ئەمە دیوی خراپ و تەنزی تاڵی مێژووە لە دانی نرخ و بۆ وابەستەبوون بە وڵاتانیتر.
ئانارشی دوای رووخانی رژێمی ئێران
بە هۆی هەبوونی ئاڵتەرناتیڤ، دوای رووخانی رژێمی ئێران هیچ ئاژاوەگێڕییەک لە ئێراندا روونادات. موقاومەتی ئێران زۆر جار رایگەیاندووە کە کار بۆ “گواستنەوەی سەروەری بۆ خەڵکی ئێران” دەکات، نەک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات”. پەیامی هەڵگرانی ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، واتە ئاناڕشیستەکان، چەقبەستن و نکۆڵیکردنە لە هەر چالاکیەک لە دژی دیکتاتۆرییەت. بۆیە سەرچاوەی ئەمجۆرە بیرکردنەوانە، دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتدارە!
پرسیارەکە ئەوەیە “ستراتیژی باڵا” یان پێشکەوتوتر و سەرتر چییە؟ بە واتایەکیتر پێویستە چ بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەت خەڵکی ئێران سوودی لێ وەربگرن! بە روونی، بەرژەوەندی گەل لە چیدایە!
“ئادرێسی راست و درووست” ساڵانێکە لەلایەن رژێمی دیکتاتۆرەوە بە زمانی خۆی باس کراوە. خەڵکی ئێران و هێزە سیاسییەکانی ئێرانیش دەیزانن. “سوورترین ناو لە ئێراندا کە هەڵگری ستراتیژی سەرترە.”
گۆڕانکاری یان چاکسازی لە دەسەڵاتدا!
هەندێک روانگە لەسەر (چاکسازی) لە رژێمی چڕبوونەتەوە. ئەم هەڵوێستە رەگ و ریشەی لە رابردوودا هەیە و بە وتەی موقاومەتی ئێران “مار هەرگیز کۆتر هەڵنایەنێت”. واتا کۆتر لە مار ناکەوێتەوە. هەڵبژاردنی (موجتەبا خامنەیی) دوای مەرگ و نەمانی (عەلی خامنەیی)، دوایین بەڵگەی ئەم راستیەیە. چونکە لەناو سیستەمێکی دیکتاتۆریدا، کەسێکی دیموکرات، “دوور لە دیکتاتۆرییەت” و ریفۆرمخواز نادۆزرێتەوە. هەربۆیە ئەو ستراتیژیانەی پشت بە روانگەیەکی لەو شێوەیە دەبەستن، هەر لە ئێستاوە “دۆڕاو”ی گۆڕەپانەکەن و خزمەت بە مانەوەی دیکتاتۆرییەت دەکەن. تەنانەت ئەگەر ئارەزووی دابەشکرانی ئێرانیشیان لە مێشكدا هەبێت. رێبازێکی لەمجۆرە، بەردەڵان و کوێرەڕێە و و رێگای ئازادی و دیموکراسی ناڕێک دەکات.
چارەسەری سێیەم، رێگای سەرتر
لایەنگران و هەڵگرانی ئەم رێگاچارەیە ساڵانێکە (سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی) و (شەڕی دەرەکی) لەگەڵ رژێمی مەزهەبیی ئێران رەت دەکەنەوە بە ئێستایشەوە. ئەوان دەیانەوێت بەرخۆدانەکە “بە رەسمی” بناسرێت. پشتگوێخستنی ئەم داخوازییە، حکومەت و لایەنانیتر بەرەو بیرکردنەوە لە ستراتیژییەکانیتر یان تەنانەت هەڵبژاردەیتر دەبات. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا پشتگوێخستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران و خوێنی لاوانی ئێران و ناوچەکەیە. ئەم چارەسەرە هەروەها لەو باوەڕەدایە کە هۆکاری سەرەکی توندوتیژی، رژێمی دیکتاتۆرییە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری تەنیا بە زەبری هێز دەڕوخێنرێت. هەروەها لایەنگرانی ئەم چارەسەرە پێیان وایە کە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و درووشمی ئازادی و سەربەخۆیی لەیەکتر جیاناکرێتەوە. ئەگەر هەرکام لەم سێ هۆکارە پێشێل بکرێت، یاریکردنە لەسەر زەمینی دوژمن و رێگە خۆش دەکات بۆ بەردەوامیی دیکتاتۆرییەت. بۆیە درووشمی “نا بۆ شا، نا بۆ شێخ” پێش ئەوەی درووشم بێت، “سنووربەندیی سیاسی”یە. پێداویستییەکیتری چارەسەری سێیەم، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە. هەر هێزێک جگە لەمە چاوی لە شتێکیتر بڕیبێت لە ریزی دۆڕاوەکاندایە!
حکوومەتی کاتیی کۆماری دێموکراتیک، یەکەم ماڵ و مەنزڵە بۆ ئەو خەڵکەی بڕیاریان داوە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بڕووخێنن. بنەمای حکومەتێکی لەمجۆرە پلاتفۆرمێکە لەسەر بنەمای “کۆماری” و “دیموکراتیک”. سیستەمێک کە مرۆڤ ئازادە لە هەڵبژاردن و بەرەو ئایندە هەنگاو دەنێت. ئەوەیە ستراتیژیی سەرتر!
***