عوسمانی حاجی مارف: 
بەردەوامی شەڕی ناوچەکە بە ئاشکرا ئەوە دەسەلمێنێت، کە چیتر پابەند نییە بە هیچ کام لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و هێڵە سورەکانی تێپەراندووە، ململانێکان تەواو چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە، بە واتای فراوانکردنی بازنەی ڕوبەڕوبونەوەکان، بەرەو ئەگەری نوقمکردنی ناوچەکەیە بۆ ناو سوڕێکی کراوەی چەنگێکی فراوانی ناوچەیی.
نایەکسانی هاوسەنگی هێزەکان لە ئارادایە، پێشکەوتنە ئاسمانی و تەکنەلۆژیەکان بە شێوەیەکی کاریگەر، جیاوازیان لەبەرامبەر هێزی سەر زەوی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکادا نیشانداوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا تائێستا سەرکەوتنی لایەنێک لەم جەنگەدا دەرنەکەوتووە، هەرەوەها کۆتایی جەنگەکەش کاتێکی دیاریکراوی نیە.
مەسەلەیەک کە لەم ناهاوسەنگیەدا جێگای سەرنجە، ئێران هەوڵئەدات، لە رێگەی چۆنیەتی بەرگری لەخۆی، خەریکە بە خۆراگری لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا چەندە زەرەمەندیش بێت ڕاوەستاوبێت، تا بەم رێگەیە، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە ئێران ناتوانێت بەوەی کە موشەکەکانی دەگەنە ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل، بە لێدانی دامەزراوەی ئابووری، سەربازی، یان مەدەنیەکان، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەروەها بەو مانایە نییە کە پێگەی ئێران لەسەر زەوی ڕێگەی پێدەدات مەرجەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بسەپێنێت.
سێ هەفتەی تەواو لە بۆردومان و وێرانکاری، هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا فراوانتر بون، سەدان ئامانجی لە ناوخۆی ئێراندا گرتۆتەوە، ئەمەش گەورەترین هەڵمەتی ئاسمانی ئیسرائیلە بۆ سەر تاران لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە، لە بەرامبەردا ئێران درێغی نەکردووە لە هەڵدانی موشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل، هاوکات حزبولڵا بە هێرشی چڕوپڕی موشەکی، بەرەیەکی لە لوبنان کردۆتەوە و ڕوبەڕوبونەوەکەشی گۆڕیوە بۆ ململانێیەکی تەواو ناوچەیی. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێران بە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵی داوە تەواوی ناوچەکە بکێشێتە شەڕێکی ئاشکراوە، بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و لێدانی دامەزراوە نەوتیەکانیان، لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر تا داخستنی گەروی هورمز، بووەتە هۆی دابەزینی ٩٠%ی هاتوچۆی دەریایی، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕوبەڕوبونەوە و بەبارمتەگرتنی ئابووری جیهانی.
لە ناو جەرگەی ئەم سیناریۆ جەنجاڵەی جەنگدا، پرسیارێک دێتە ئاراوە، کەی و چۆن ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟ کە تائێستا لەم بارەیەوە پرسیارێکی ڕۆشن نابیستین، ئەمەش لەو شوێنەوەیە کە لەسەر بنەمای ئاڵۆزی و فرە ڕەهەندی دۆخی شەڕەکە ناتوانرێت وەڵامێکی یەکلایی کەرەوە پێشبینی بکرێت، بۆیە لە پەیوەند بە چەند ئەگەرێکەوە دەکرێت قەسەی لەسەر بکرێت.
هەردوولای شەڕەکە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی شەڕی ئاسمانی، هەریەکەیان هەوڵی ماندوکردنی ئەوی دیکە دەدات لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە. ئێران وەک عەقیدەیەک مانەوە و خۆرادەست نەکردن بە سەرکەوتن ئەژمار دەکات، واتە تەنیا درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی، سەرەڕای لێدانی چرو زیان وخەسارەتەکانی، خۆی بە براوە دەزانێت، وەک هەمان نمونەی عەقیدەیی حەماس و حزبوڵڵا کە ساڵانێکە پەیڕەوی دەکەن، بەڵام ئەم ڕێگایە بە واتای خەسارەتێکی زۆری بێکۆتایی لە سەرچاوە مرۆیی و ئابووریەکان و وێران بون کارەساتێکی گەورەیە، کە بەڕاستی ڕێگایەکی ترسناکە، ئێرانیش تاکەی دەتوانێت خۆی لەبەرامبەریدا بگرێت!.
ئەگەرێکی تر ئەوەیە ئەگەر شەڕەکە لەوەی ئێستای فراوانتر بێتەوە، ڕاستەوخۆ وڵاتانی دیکەش ناچار دەکرێن بەشداربن، یان ئەگەر وڵاتانی تر وەک تورکیا یان ڕووسیا لە ڕێگەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆوە دەستوەردان بکەن لەم شەڕەدا، ئەوا ناوچەکە دەتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە، کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت، ئەگەری هەیە هاوسەنگی هێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابڕێژنەوە، لەم حاڵەتەشدا ناتوانرێت ئێران بە ئاسانی هێوەر بکرێتەوە.
هەروەها ئەو ئەگەرەش هەیە لە ناچاریا شەڕەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕاوەستێنن لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتیەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترامپ بەدوور نازانرێت، بەو جۆرەی ڕایگەیاند گوایە ئێران بەتەواوی دۆڕاوە و دەیەوێت ڕێکەوتنێک بکرێت. بەڵام جەختیشیکردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و “هێشتا قورسترین لێدانەکانیش ماوە”. لەلایەکی ترەوە ئێران ڕەتیکردەوە تا ئەو کاتەی لێدانەکان بەردەوام بن ئاگربەست قەبوڵ بکات. ئەوەی شایانی باسە ڕەنگە نەتەوە یەکگرتووەکان یان زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا پاڵ بە کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕەکەوە بنێن، بەڵام سەختی بەدەستهێنانی چارەسەری یەکلایی کەرەوە، دەشێ پێکدادانەکان لەگەڵ یەکەم پێشێلکاری یان وروژاندندا سەرلەنوێ هەڵگیرسێنەوە.
خاڵێکی تر داڕمانی ناوخۆی ئێرانە، کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی فشارە سەربازی و ئابووریەکان، ئەگەری تەقینەوەیەکی ناوخۆیی دۆخەکە بشڵەقێنێت، بەڵام پرخوێناوی مەترسیدار دەبێت، چونکە ئێران دەخاتە ناو گێژاوێکی تر لە پێکهێنانی چەند ئەگەرێکی تر بەتایبەتی شەڕی ناوخۆ.
لە نێوان ئەو ئەگەرانەدا، لە کۆتاییدا هەرکامیان زاڵ بێت و کاریگەری هەر گۆرانێک لەسەردۆخەکە دانێت، بەڵام مەترسی لەسەر ڕاگرتنی کەشتیوانی جیهانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە جدیترین و هەستیارترینیانە، ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر هاتوچۆی کەشتیەکانی وەستاندووە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی ترانزێتی کەشتیەکانیان ڕابگرن، بۆیە لەم بارەیەوە ترەمپ ناچاربووە بە زویی بەڵێنی کردنەوەی هاتوچۆی گەرووەکە بدات، بۆیە ئەگەری فراوان بونەوەی شەڕەکە، ئەو ئاقارە بەخۆیەوە دەگرێت، کە هێزی زەمینی لە جەزیرەکانی گەروی هورمز دابەزێنن، بەتایبەتی لە قەشم و خار، تا شەڕەکە دەچێتە ئاستێکی باڵاتر لە گەورەبونەوەی، هەر بەم رێگایەش، واپێدچیت ئەمریکا هەوڵبدات هەژمونی سەربازی بەسەر تەواوی کەنداوەکەدا هەبێت، واتە ئەم ئەگەرە دۆخەکە دەخاتە ناو شەڕێکی زەمینیەوە و دیارنەبونی کاتێکی زیاتر دەخاتە بەردەم کۆتایی شەڕەکە.
ئەمریکا بە جێگیرکردنی کەشتیەکی هێرشبەر بە ٢٥٠٠ سەربازەوە، ئامادەیی سەربازی خۆی بەهێزتر دەکات، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە بەرفراوانەکانی، ئێرانیش بە مووشەکی نوێ وەڵام ئەداتەوە، ئەوەی زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، نەبوونی هیچ ڕونکردنەوەیەکە سەبارەت بە ئامانجە کۆتاییەکانی جەنگ لە لایەنی ئەمریکاوە، ئایا ئەمریکا بە گەیشتن بە ئامانجی سترتیژای تاکرەوی بە باڵادەستی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا تێکدانی توانا سەربازیەکانی ئێرانە؟، یان گۆڕینی ڕژێم و دامەزراندنی حکومەتێکە، کە زیاتر هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا؟، ئەم ناڕۆشنیە و ئەگەرەکان وا دەکات پێشبینی ئەوە نەکرێت کە شەڕەکە کەی و چۆن کۆتایی دێت، لەهەر حاڵەتێکێدا ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەردەوام دەبێت.
ئەم شەڕە بەهەر ئاکامێک لە کۆتایدا کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت، لە ئەنجامدا یەک کارەسات ئاشکرادەکات، خەڵکی مەدەنی دەبێتە قوربانی و باجی ئەو ململانێیە ئەدەن، کە هیچ پەیوەنیەکیان پێوە نیە و هەڵبژاردەی ئەوان نیە، لە ئەنجامدا ژیانیان دەخوات و ماڵیان وێران دەکات.
ئایا ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟
22
