Home بیروڕاجەنگ ململانێی نێوان موقەدەسەکان نیە، بەڵکو سەرمایەکانە!

جەنگ ململانێی نێوان موقەدەسەکان نیە، بەڵکو سەرمایەکانە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 5 بینینەکان

سامان کەریم:   
لە پێگەی “درەو”دا بەرێز مەریوان وریا قانع وتارێکی نوسیووە بە نێوی”جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی/ ٢٢ی مارس ٢٠٢٦” بڵاوبۆتەوە. خوێنەر لەموتارەدا تێناگات کە هۆی بەرپابوونی ئەمجەنگە چیە؟ لەمبارەوە تێکەڵەیەک دەبینین. بەڵامبە کورتی هۆی جەنگەکە مانەوەی باڵادەستی ئابورییە بۆ ئەمریکا، رێگرتنە لەو باڵادەستیە بۆ وڵاتی چین. ئەوە مەسەلەی سەرەکی و بناغەیی جەنگەکەیە. جەنگەکە بۆ وڵاتی چین بە وەکاڵەتە- ئێرانە- و ڕوسیای لە پشتە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشدارە و کۆماندۆی جەنگەو ئیسرائیل بەشدارە لە گەڵیدا. هیچ جەنگێک لە مێژوودا لە پێناوی موقەدسەکاندا نەکراوە، پێش موقەدەسەکانیش جەنگە زۆر بووە، هەر عەشیرەتو قەبیلەیەک لە پێناو پەرژوەندی ئابوریو داگیرکردنی زەویدا پەنای بۆ جەنگ بردووە.
بناغەی جەنگ ئابورییە، ئەوەی ئەمرۆش ترامب بۆماوەی ٥ رۆژ هێرشی بۆسەر ژێرخانی ئابوریو وزە ڕاگەیاند، رۆش دیارە ئابوریە. جەنگەکە بەشێکە لە جەنگی جیهانی وەک جەنگ لە ئۆکراین، جەنگێکە لە ناوچەیەکی گەورەو پڕ وزەو سەرمایە وەک بەرەیەکی جەنگی جیهانی. جەنگی جیهانی لە نێوان چینو ئەمریکادا لە مێژە دەستیپێکردوەو لە ئێستادا توندتربۆتەوە، مەگەر پەلاماری فینزویلا بەرەیەکی بچوکتر نەبوو لەو جەنگە. ئێران بە هۆی موقەدسەوە لەماوەی ٢٤رۆژی ڕابوردوودا خۆیڕانەگرتووە یان ڕادەستنەبوون، وەک مەریوان دەنوسێت:” لەم دۆخەدا تەسلیمنەبوونی ئێران پەیوەندیی بە ئازایەتیی و بە پێداگرتنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپی عەقڵانیی و ئینسانییەوە نییە، بۆ نموونە پرنسیپی بەگژاجوونەوەی ئیمپریالیزم، …….، تەسلیمنەبوونیان پەیوەندیی بەو راستییە سادەیەوە هەیە کە ئەو حوکمرانانە جگە لە خۆیان هیچ کەس و هێز و دید و بۆجوونێکی تر بە شایانی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە نازانن….ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی بەردەوام رەهەندێکی پیرۆز بە حوکمرانییکردنەکەیان دەبەخشن. پێ لەسەر ئەو دادەگرن کە حوکمڕانیکردنیان پەیوەندیی بە خودا و ئاسمان و دین و موقەدەسەوە هەیە. ئەمەش مافی ئەوەیان پێدەبەخشێت، بە هەر نرخێک بووە، لە دەسەڵاتدا بمێننەوە”. بەهۆی موقەدەسەوە خۆی” تەسلیمنەکردووە” بەڵکو بەهۆی ئەوەی ئیران وەکو ئیسرائیلو ئەمریکا پشتی بەستووە بە تەکنەلۆجیای تازەی ڕۆکێتەکان، زیرەکی دەستکرد، درۆنەکان، هێڵەژمارەییەکان-احداثیات- تەکنۆلۆژیای هەواڵگریی … نەک باوڕەی موقەدەسی دەسەڵاتەکەی، پشتی بەستووە بە تەکنۆلۆژیای تازەی جەنگی و کۆمەکی بێدرێغی چینو ڕوسیا. بێ چینو ڕوسیا ئێران بەرگەی یەک هەفتەی نەدەگرت. بەرژەوەندی سەرمایە وەک سستەمێکی جیهانی بەتەواوی جیهانیە، سەرمایەی نەتەوەییو لۆکەڵی و ناوچەیش مانایەکی نیە، سنورەکان و سەروەری مانای خۆیانیان لە دەستداوە. سەرمایەی ئیرانی تا ئێستا بە پلەی یەکم پەیوەستە بەسەرمایەی چینو روسەوە. سەرمایەی کەنداویەکان زیاتر پەیوەستە بە ئەمریکاوە، بەم شێوەیە.
لە ڕاستیدا مەریوان ناڕەحەتە و دەیەوێ ئێران خۆی تەسلیمبکات، بەڵام باسێک لە جەنگەکە ناکات باسێک لە هێرشی ئیسرائیلو ئەمریکا ناکات؟!!!تەنانەت باسێک لە کۆمەڵکوژی منداڵەکانی ئێران ناکات. ئەو دەیەوێت ئێران دەسەڵاتی “موقەدەسی” خۆی ڕادەستبکات جا چارەنوسی ٩٠ ملیۆن هاوڵاتی چیبەسەردێت کۆسپی ئەو نیە، بەلام دەیەوێت لەو سیناریۆ تاریکەدا، بزوتنەوەی کوردایەتی شتێکی دەستبکەوێت، بەڵکو ویژادنی باوەردارانی مافی مرۆڤ هەناسەیەکی کوردایەتی هەلمژن. نەک هەرئەوەندە بەڵکو دەنوسێت:”پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت لەگە ئیسرائیلدا، ستراتیژیەتێکی سیاسییە قابیلی پەرەپێدانێکی پراگماتیانەیە، لە دۆخێکدا سەرجەمی وڵاتانی ناوچەکە دژ بە کوردن”( وتاری:نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ/٩ی ئازار). کاک مەریوان کارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلی لە گەڵ کوردەکان بیر چۆتەوە، ڕیکەوتنی جەزائیر بەڵام ئەوە قەیدی نیە ٥١ساڵە، ٣١ی ئاب ٣٠ساڵە، ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ئەوە ٩ساڵە، بەڵام ئەی کاری ئەمریکاو ئیسرائیل بە دژی کوردەکانی سوریا تەنها جەند مانگێکە، خۆ ئەوە ناکرێت بیربچێتەوە، تەنانەت دەسەڵاتدارانی کورد ئەوەیان لەبیر بوو، بەڵام ڕۆشنبیرانی کورد لە مێژوو تەنها دەقەکان تیگەیشتوون لە بارێکدا مێژوو دژ بە دەقەکان ملدەنێت. بەڵامنە دەقی موقەدسو نە ناسیونالیزمو نە دیموکراتیزمو نە دیکتاتۆریزم نابنە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکان، بەڵکو سەرمایەیە، ئەگەرچی مێژووی سەرجەم جەنگەکان لەماوەی زیاترلە ٢٥٠٠ساڵی ڕابوردوودا لە ژێر ئەو دروشمانەدا پیادەکراون. لە کۆتاییدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئیران نەک وەک دەسەلاتێکی موقەدەس بەڵکو وەک هەر سستەمێکی سەرمایەداری هیواو ئامانجی پڕۆلیتاریاو برسیەکانی ئێرانوو ناوچەکەو جیهنایشە، ئەو هیوایە لە ڕێگەی شۆرشی خۆیانەوە مەیسەر دەبێت نەک ئەمریکاوە، کاری پرۆلیتاریای ئیران ئەوەیە کە حسابی خۆی لەگەل دەسەڵاتی بورژوایی ئیران یەکلا بکاتەوە.
٢٣ی مارس ٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە