Home بیروڕاھاک کردنی باراک

ھاک کردنی باراک

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 2 بینینەکان

هەندرێن شێخ راغب:

ساڵی ١٩٩١ دوای ئەوەی ئەمریکا سەرکردایەتی ھاوپەیمانیەتێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ دەرکردنی ێەدام حوسێن لە کوێت، کورد لە باکوری عێراقی دەستکرد، راپەڕی و نیشتمانەکەی ئازاد کرد, بەڵام ھەرزوو ێەدام پەلاماری کوردیداو کۆڕەوی ملیۆنی دروست بوو, ئەمەش جیھانی ھەژاند، ئەمریکاو ئەوروپیەکان ناوچەی دژە فڕینیان دروست کرد بە ھێڵی ٣٦ ناسرا, حوکمڕانی کوردی لەدایک بوو. ئەم دۆخە پەیوەندیەکی زۆر تازەی نێوان کوردو ئەمریکای لێکەوتەوەو کوردو ئەمریکا بوونە ھاوبەش، ئەمەش دەوڵەتەکانی تورکیاو ئێران و سوریاو عێراقی ھارکردو خەوی لە چاو زڕاندن، بەڕاستی باش درکیان بەم ھاوبەشیەی کوردو ئەمریکا دەکردو دەیانزانی چ وەرچەرخانێکی گرنگە. ھەر بۆیە دەزگا ھەواڵگریەکانیان بەردەوام لە ھەوڵی تێکدانی پەیوەندی کوردو ئەمریکاو ئەوروپیەکانن. بەڵام ساڵی ٢٠٠٣ ئەم ھاوبەشیەی کوردو ئەمریکا لە روخانی ێەدام حوسێن و ئازادکردنی عێڕاق گەیشتە ھاوپەیمانی و پەیوەندییەکە زۆر پتەو بوو, ئەمەش جارێکی تر وروژاندنێکی زۆر گەورەی لای ئەم دەوڵەتانە لێکەوتەوەو ھەرچی لە دەستیان ھات بۆ دژایەتی کوردو ئەمریکا کردیان.
 دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ پەیدابونی داعش و شەڕی تیرۆر, پەیوەندی ئەمریکاو کورد گەیشتە لوتکەو فراوان بوو. وای لێھات شەڕڤان و گەریلاو پێشمەرگە لەگەڵ مارێنزی ئەمریکی لە یەک سەنگەربوون. ئەمەش زۆر بەقوڵی ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانەی ھەژاند، دەیانجار سەرۆک کۆمارو وەزیری دەرەوەو بەرگری تورکیا بە ئاشکرا دەیانگوت: ئەمریکا لەنێوان ئێمەو کوردانی سوریا دەبێت یەکێک ھەڵبژێرێت. 
بڕۆن سەیری لێدوانەکانیان بکەن بە ئاشکرا دەڵێن نابێت ئەمریکاو کورد پەیوەندیان ھەبێت، دەیان لێدوان و ھەوڵیان ھەیە لەم بارەیەوە. تەنانەت لە دەوری یەکەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاتێک دۆناڵد تڕەمپ گوتی لەسوریا دەکشێینەوە, وەزیری بەرگری تورکیا گوتی: کوردەکان بە چەکەکانیانەوە لەناو سەنگەرەکانیان دەنێژین. کاتی خۆی ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری تورکیا ھەرای زۆری نایەوە. 
تورکیا بەئاشکرا لە کۆنگری رۆژنامەوانی دەیانگوت: ئەوەی کورد بۆ ئەمریکای دەکات ئێمە ئامادەین سەد ئەوەندە بۆ ئەمریکا بکەین بەس واز لە پشتیوانی کوردەکان بێنێت. 
دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بوو, ھەتا ئەو رۆژەی تۆم باراک بە رەچەڵەک عەرەب بووە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، دواتر لەسەر پێشنیاری لۆبی تورکی و ھەواڵگری تورکی بووە نوێنەری ئیدارەی کۆشکی سپی بۆ کاروباری سوریا. بەمجۆرە تورکەکان و سوریەکان تۆم باراکیان ھاک کرد, ئەوەی پڕۆگرامی خۆیان بوو لەسەر ھاردی مێشکیان سەیف کرد. ھەرچی مەبەستیان بوو دژی کوردو کیانی رۆژئاواو باشوری کوردستان پێیان ئەنجام دا. تورکیا زۆر لەوە زیاتری دەستکەوت کە خەونی پێوە دەبینی. تۆم باراک ئێستا ھاک کراوە، بوکەڵەی دەستی ھاکان فیدان و ئەردۆغان و میتی تورکیایە. ئەم دۆخە وایکرد ئێران و عێراق بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کورد پێویستە بیر لەوە بکاتەوە سەنگەری بگۆڕێت و بێتە بەرەی ئێران, چونکە ئەمریکا فرۆشتنی. عەلی لاریجانی و سەرکردە ئێرانیەکان بە ئاشکرا باسی ئەوەیان کرد. ئێستاش دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام باس لەوە دەکەن پشت بە ئەمریکا نەبەستن ئەوەتا چۆن لە سوریا ئێوەی فرۆشت. بەڵێ قسەکەیان راستە. بەلام بۆ کورد چارەسەر گۆڕینی پەیوەندیەکەو سەنگەرەکە نیەو ئەوە چارەسەر نیە، چونکە تورکیاو ئێران و سوریاو عێراق بۆ کورد دەوڵەتی داگیرکەرن و ھیچ کات بەڵێنەکانیان لەگەڵ کورد جێبەجێ نەکردوە. بۆچونی من وایە دوای ھاک کردنی تۆم باراک لە ئاستی ئەمریکاو ئەوروپاو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان دۆخی کورد باش نیەو کورد لەبەردەم مەترسیە. بۆیە گرنگە کورد لەوە زیاتر خەم سارد نەبێت، دوای نەمانی شەڕی ئێران چ بە روخانی کۆماری ئیسلامی ئێران یان مانەوەی رژێمەکە قسەکەی منتان بۆ دەردەکەوێت، بۆیە تکایە دۆخی کورد لەناو ھاوکێشەی ئەمریکی و نێودەوڵەتی پاشەکشەی کوشندەی کردوەو ئەم تیمەی لێرە کار بۆ ئەمریکاو ئەوروپاو زلھێزەکان دەکات لەلایەن دەزگا ھەواڵگریەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە ھاک کراون, دەبێت ھەڵمەتێکی وردی دبلۆماسی سەرکەوتوو ئەنجام بدرێت، ھەم شکستەکان و ھەڵەکانی رابردوو قەرەبوو بکرێتەوە, ھەم گۆڕانکاری لە ستاف و نوێنەرو باڵیۆزەکانی ئەمریکاو ئەوروپیەکان بکرێت لەم ناوچەیە. دەبێت کورد دۆسیەیەکی تازەی گرنگ و وردو تۆکمە لەنوێوە ئامادە بکات بۆ داڕشتنەوەی بەرژەوەندیەکانی و مەترسیەکان و دەرفەتەکان و پەیوەندیەکانی, یەکەم رێکخستنەوەش لەناوەوە دەست پێ دەکات و ئیدی بەم جۆرە ناکرێت پرۆسەی سیاسی بەردەوام بێت. 

لێدوانێک بەجێ بهێلە