Home بیروڕارۆڵ و تەماحی ناسیونالیزمی کورد لە جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیلدا لە دژی ئێران

رۆڵ و تەماحی ناسیونالیزمی کورد لە جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیلدا لە دژی ئێران

by admin
0 کۆمێنتەکان 3 بینینەکان

عەبدوڵا مەحمود: 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی جمهوری ئیسلامی و لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، پێشهاتێکی چاوەڕوانکراو بوو. چاوەڕوانکراو بوو چونکە ئەمریکا پێویستی بەوە بوو لە ڕێگای جەنگەوە لەدژی ئێران پەیامێک بە نەیارە گەورەترەکانی “چین و روسیا” لە دنیادا بدات. پێویستی بەوە بوو یەکێک لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم پرۆژەو نەخشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەنار بخات و هێندە لاوازی بکات، کە توانای لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانە ناوچەییە ستراتیجیەکەی” ئیسرائیل” نەمێنێ.
پاساوەکانی جەنگ بۆ ڕێگەگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە “چەکی ئەتۆمی، توانای چەکی بالیستی، لەبەینبردنی هیزە پرۆکسیەکان” و هاوکات بانگەشەی رزگارکردنی خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتی ئاخوندەکان… بوو. دیارە ئێران هەوڵی دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، پەرەدان بە توانایی چەکی بالیستیکی، توانا بەخشینەوە بە هێزە پرۆکسیەکانی کە تاڕادەیەکی زۆر لە ناوچەکە لاوازکرابوون، سەرسەختانە کار کردن و بۆ سەرکوتی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و نەیارە سیاسیەکانی… ویستی ئیران و دەسەڵاتی نەنگین و درندانەی جمهوری ئیسلامی بووە، بەڵام هۆکاری سەرەکی و بنەرەتی جەنگ هیچ کام لەو پاساوانە و یان جەنگ لە دژی ئەو ویستانەی ئێران نەبووە و نییە. ئیران ئەگەر بچێتە ناو چوارچێوەی ڕاگرتنی لێدان لە بەرژەوەندیەکان ئەمریکا و لانی کەمی بازنەی ویستەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، دەتوانێت چەکی ئەتۆمی و چەکی بالیسستی دوور مەودا و خاوەنی هیز گەلی نیابەتی” پرۆکسی” و هاوکات وەکو هەمیشە دەستی کراوە بێت بۆ سەرکوتی خوێناوی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و پاکتاوکردنی هیزە نەیارە سیاسیەکانی و ئۆپۆزیسیۆنەکەی.
لەو نێوەدا لەکاتێکدا کە خودی رای گشتی شەقام و دیدی فەرمی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەی گشتی پاساوەکانی ئەمریکا و بۆ جەنگ رەتدەکەنەوە و جەنگ بە “ناپێویست و نایاسایی” دەزانن، کەچی بەرەی بۆرژوازی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی” لە شاهانشەیەکانەوە بۆ موجاهیدن و بەشی زۆری هیزە ناسیونالیستە کورد و ئازەرییەکان…تاد” پشتیوانی لە جەنگی ئەمریکا لە دژی ئیران دەکەن و بە ڕێگای رزگاری خەڵکی ئیران لە دەسەڵاتی ئاخوندەکان وێنای دەکەن، هەموو توانای خۆیان خستۆتە گەر تا کەڵک لە توڕەیی و نەفرەتی چینی کریکار و جەماوەری ستەملێچوو و بێمافی خەڵکی ئیران و کوردستان لە دژی دەسەڵاتی نەگریس و خوێناوی جمهوری ئیسلامی وەربگرن بۆ ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان. دەیانەوێت تورەیی و نەفرەتی جەماوەری و جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان کە نزیک بە پێنج دەهەیە لەدژی دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە ئارادایە، بکەنە ڕیگا و بەردەبازێک بۆ دەستراگەیشتن بەدەسەڵاتی عەزەمەتتەڵەبی و ناسیونالیزمی ئیرانی، نەتەوەپەرستی کوردی، و ئیسلامی رەسەن و مەزهەبی… خۆیان.
لەناو بازنەی ئەو هێزگەلە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوایی و دواکەوتوانەیەدا، ناسیونالیزمی کورد، بە کەڵک وەرگرتن لە ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستان لە ئیراندا، ئومیدی خۆیان بەستۆتەوە بە جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران و دەیانەوێت بەبەهرەبەرداری لە لاوازبوونی دەسەڵاتی رژێمی ئێران، ببنە بەشێک لە هیزی هاوکار و پرۆکسی ئەمریکا و ئیسرائیل، تا ئەو رادەیەی ئەگەر بۆیان بکرێت بەرەیەکی جەنگ لەژێر چەتری ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە دژی دەسەڵاتی ئیران بکەنەوە، تا لەو ئاڵوگۆڕانەی لە ئاکامی ئەم جەنگەدا پێکدێن، شانسی گەیشتن بە دەسەڵاتیان پێ ببرێت.
ئەو هێزگەلە سیاسییەی بۆرژوازی کورد لە ئێراندا دەیانەوێت ئەزموونی جەنگی ئەمریکا لە دژی عێراق و دەستراگەیشتنی بۆرژوازی کورد بە دەسەڵات لە عێراقدا، دوبارە بکەنەوە و جێگای نوێنەرایەتی بۆرژوازی کورد لەدەسەڵاتی ئێراندا، زامن بکەن.
لەکاتێکدا ئەو هیزگەلە خەریکن بە خۆبەستنەوە بە پرسی کورد و تورەیی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی ئاخوندەکان لەرێگای جەنگ و ملهوری ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەسەڵات بگەن، کە خەڵکی کوردستانی ئیران، ئاشنان بە ئەزموونی بۆرژوازی کورد لە عێراق و ئەو کارنامە نەنگینەی بۆرژوازی کورد لە سێ دەهەی رابردوودا بەسەر خەڵکی کوردستانیدا هێناوە. کەچی بێشەرمانە دەیانەوێت ئەو ئەزموونە شکستخواردوو، بۆگەن و کۆنەپەرستە تاڵانچیییە بەسەر خەڵکی کوردستانی ئیراندا دوبارە بکەنەوە. ئەزموونێک کە بەتاڵانی و فەرهورد دەستیپێکرد کە تا ئێستا دریژەی هەیە. بە کوشتنی ژنان بە پاساوی هاوکاری پیاوانی بەعس و بێرەوشتی دەستی پێکرد، کە تائیستا ئەم ژن کوژییە درێژەی هەیە. بەسەرکوتی ئازادییەکان دەستیپێکرد و کەوتنە داخستنی شوراکان و تائیستاش ئەو سەرکوتە ئەلگۆی وەڵامدانەوە بە نارەزایەتی و داخوازی رەوای جەماوەرییە. وە دوای نزیک بەسێ دەهە هەرچی خزمەتگوزارییە وێرانیان کرد، تەنانەت توانای دابینکردنی موچەیان نییە، هاوکات دەست لەناو دەستی سەدام حسێنە نوێکانی شیعەو سونەو هیزگەلی تاسەرمۆخ کۆنەپەرستی یاسای جەعفەرین و بەرگری لە سەروەری عێراقی عروبەی دینی و قەومی دەکەن.
جیا لەوانە ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی کورد لە ئێران، بەکەڵک وەرگرتن لەگورزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران و خۆشباوەری بەوەی خەڵکی ئیران راپەڕن، بژاردەی هێرشی زەمینیان هەیە و لە دەرفەت دەگەرێن، بێئەوەی لێکەوتەو کاریگەرییەکانی ئەو جۆرە لە سیاسەت لەسەر خەڵکی کوردستانی ئیران و عیراق، لەهەلومەرجی ئێستادا لەبەرچاو بگرن. ئاخر ئیران چەندە بریندارتر بێت و چەندە گورزی سەربازی لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بخوات، هێندەش لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و خەڵکی کوردستاندا درندەتر دەبێت و دەستپارێزی ناکات. لەوەش زیاتر ئەگەری هیرش بۆسەر کوردستانی ئیران و تەنانەت کوردستانی عێراق، زیاتر دەکات. جیا لەوانە هەر جۆرە هەنگاوێکی لەو چەشنە بوار دەکاتەوە تا رژێمی ناسیونالیستی و درندەی وەکو تورکیا دەستێوەردانی سەربازی بکات، هەموو ئەو لێکەوتانەش نەک بە قازانجی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە ئاستی سەراسەری و نە بەئاقاری چارەسەری پرسی کوردە لە ئیراندا.
خەڵکی کوردستانی ئیران و نارەزایەتیەکانی کە بەشێکی دانەبڕاو لە بزوتنەوەی نارەزایەتی لە ئاستی سەراسەری بۆ روخاندنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامییە، نابێت هیچ خۆشباوەریەکیان بە سیاسەت و بانگەشەکانی ئەمریکاو هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد هەبێت، مەرجی هەر پیشرەوی و سەرکەوتنێکی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و تەنانەت رێکارێکی کارساز بۆ چارەسەری پرسی کورد، لە پیش هەموو شتیکدا، کۆتاییهێنان بەجەنگە، خۆجیاکردنەوە لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و کۆبونەوەیە لەدەوری ئاسۆی سۆشیالستی، و دونیابینی رزگاریبەخشی چینی کرێکار.
٢٢/٣/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە