مەحمود ئەحمەد: 
لەکاتێکدا کەجیهان بەدەست جەنگی ئۆکراینەوە دەیناڵاند، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوور بوونە گۆڕەپانی ململانێیەکی بێدەنگ بەڵام کوشندەتر کەتێیدا ئاسایشی ووزەو ڕێڕەوە ئاوییەکان بوونەتە چەکێکی سەرەکی بەتایبەتی کە ئامریکا هەتا ڕادەیەکی زۆر گیری بەدەستیەوە خواردووە.. ئێران، وەک یاریزانێکی سەرەکی، چیتر تەنها لەگەرووی هورمزدا کورت نابێتەوە، بەڵکو توانیویەتی تۆڕێکی فشار دروستبکات کە لەکەنداوەوە تا قووڵایی ئەفریقا درێژ دەبێتەوە.
مەشهەدی یەکەم
دەیان ساڵە گەرووی هورمز وەک خوێنبەری جیهان و تاقە چەکی دەستی ئێران سەیر دەکرا. سعودیە بەپەرەپێدانی پڕۆژەی هێڵی بۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا کەلەساڵی ٩٨١ وەک پلانێکی بەدیل، هەوڵیدا ئەم کارتە لەدەستی تاران دەربهێنێت و خۆی لەو هەڕەشەیە ڕزگار بکات کە ئێران هەمیشە بەگرتنی هورمز دەیکات. ئەگەرچی ئەم هێڵە توانای گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام هێشتا ناتوانێت جێگەی تەواوی ئەو بڕە نەوتە بگرێتەوە کە ڕۆژانە بەگەرووی هورمزداد تێپەڕ دەبێت، لەکاتێکدا نەوتی سعودیە، کوێت، عێراق و ئیماراتیشی تێدایە. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ئێران تەنها لەهورمزدا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو ستراتیژییەتی خۆی گواستەوە بۆ شەڕی دەروازەکان و لەڕێگەی حوسییەکانەوە دەستیگرت بەسەر گەرووی بابولمەندەبدا، هەروەها لەڕێگەی نزیکبوونەوە لەسوودان و هێزە ئیسلامییە ئیخوانییەکانی ئەو وڵاتەوە، هەوڵیداوە پێگەیەکی سەربازی لە کەناراوەکانی دەریای سووردا جێگیر بکات. بەمەش، ئێران سێگۆشەیەکی فشاری دروستکردووە کە دەتوانێت هەڕەشە لەهەر کەشتییەک بکات کە بەم ناوچانەیەدا تێدەپەڕێت.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، چین و ڕووسیا وەک دوو جەمسەری پاڵپشت دەردەکەون کەبەرژەوەندییان لەگەڵ ئێراندا یەکدەگرێتەوە بۆ لاوازکردنی ئەمریکا. ستراتیژیی سەرقاڵکردن لەلایەن ڕوسیاوە، لەهەر پشێوییەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مانای کەمبوونەوەی فشاری سەربازی و دارایی ئەمریکایە لەسەر بەرەی ئۆکراینا. ڕووسیا دەیەوێت واشنتن لەزۆنگاوێکی نوێدا بێهێز بکات تابتوانێت لەئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا پێگەی خۆی جێگیر بکات.
هەژموونی ئابوری چینیش وەک کڕیاری سەرەکی و هەمیشەیی نەوتی ئێران، دەبێتە هەناسەی ئابوری ئێران، هەربۆیە ئێران قەڵغانێکە کەڕێگری لەگەورەبوونی دەسەڵاتی ئەمریکا دەکات لەئاسیادا. چین دەیەوێت جیهان بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەمریکا چیتر ناتوانێت ئاسایشی دەریاکان بپارێزێت و کاتی ئەوەش هاتووە کە سیستەمێکی نوێی جیهانی شوێنی بگرێتەوە.
ئەمریکاش لەئێستادا لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە. تێچووی پاراستنی هاتوچۆی دەریایی بەهەژمونی ئەمریکا بەموشەکی ملیۆن دۆلارییەوە بەرامبەر بەدرۆنی هەرزانی ئێرانی، هاوکێشەیەکی دۆڕاوە. ئامریکا دەزانێت کە ناتوانێت لەیەککاتدا لە سێ بەرەی وەکو ئۆکراینا، تایوان و دەریای سوور،بجەنگێت.
مەشهەدی دووەم
لەناواخنی ئەم هاوکێشانەدا ئەوە دەخوێنرێتەوە کە ئیتر جیهان بەرەو سەردەمێکی نوێ دەڕوات کەتێیدا دەریاکان چیتر نێودەوڵەتی نابن، بەڵکو دەچێتە ناو قۆناغی دەریا جێناکۆکەکان و هەر ووڵاتێکیش بیەوێت کاڵاکانی بەسەلامەتی بگوازێتەوە، دەبێت باجی سیاسی بەیەکێک لەجەمسەرەکان بدات. لەم ڕاستایەشەوە، ئەمریکا ناچار دەبێت یان ئیمتیازێکی مێژوویی بەئێران بدات بۆ خاوکردنەوەی فشارەکان، یان قبوڵی بکات کە سەردەمی تاکە پۆلیسی جیهان ئیتر کۆتایی پێهاتووە. ئەو ترسەش کە ئێران تێیپەڕاندووە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەدەزانێت لەدنیایەکی فرەجەمسەردا، هیچ زلهێزێک ناتوانێت بەتەنیا بڕیاری لەناوچوونی بدات، بۆیە ئێران بووەتە بەشێک لەیارییەکی گەورەتر کەتێیدا ڕێڕەوە ئاوییەکان نەک تەنها بۆ گواستنەوەی نەوت، بەڵکو بۆ گواستنەوەی هێزو هەژموونیش بەکاردێن.
مەشهەدی سێـــــیەم
لەلایەکی تریشەوە، لەجیهانێکی فرەجەمسەردا کەهێزە گەورەکان کێبڕکێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان دەکەن، ئێران توانیویەتی ستراتیژییەتێک پەیڕەو بکات کە چیتر تەنها لە گەرووی هورمزدا قەتیس نەمێنێتەوە. ئەگەرچی سعودیەو وڵاتانی کەنداو هەوڵدەدەن لەڕێگەی هێڵی بۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوادا لەناو وڵاتی سعودیەدا گرنگی هورمز وەک کارتی فشاری ئێران کەمبکەنەوە، بەڵام ئێران لەبەرامبەردا تۆڕێکی خنکێنەری لەناوچە ستراتیژییەکانی دیکەدا چنیوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی خستووەتە ژێر مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.
ئێران تێگەیشتووە لەوەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا، پێویستی بەوەیە دەستی بگاتە گەرووی بابولمەندەب لەدەریای سوورو لێرەشدا حوسییەکان وەک وەرەقەیەکی براوە دەردەکەون. ئەوان نەک تەنها ئاسایشی کەشتیوانییان پەکخستووە، بەڵکو ئەمریکایان خستووەتە بەردەم دووڕیانێکی سەختەوە، یان شەڕێکی گشتگیر کە تێچووەکەی لەتوانای ئامریکادا نییە، یان قبوڵکردنی نفوزی ئێران لەو ناوچە هەستیارەدا. لەلایەکی دیکەشەوە، ئێران لەڕێگەی نزیکبوونەوە لەلایەنە ئیسلامییە ئیخوانیەکان کە ئامریکا لەمدواییانەدا خستییە لیستی تیرۆرەوە، کە ئێستا لەیەک جەبهەدان لەگەڵ سوپای سوداندا، هەوڵی دەستکەوتنی پێگەیەکی دەریایی دەدات. ئەگەر ئەمە سەربگرێت، ئێران دەبێتە خاوەنی کۆنترۆڵکردنی سێگۆشەی بەرمۆدایەکی تر کە لە هورمزەوە دەستپێدەکات و بە بابولمەندەبدا تێدەپەڕێت و لەکەناراوەکانی سوداندا جێگیر دەبێت.
مەشهەدی چوارەم
لەم یارییەدا، چین و ڕوسیا وەک تەواوکەری ستراتیژی ئێران دەردەکەون، بەڵام بەدوو دیدگای جیاوازەوە: چین، کە وەک جەمسەرێکی ئابوری جیهانی کاردەکات، پێویستی بەسەقامگیری دەریای سوور هەیە بۆ گواستنەوەی کاڵاکانی بۆ ئەوروپا. لەگەڵ ئەوەشدا، چین دەیەوێت کە ئەمریکا لەم ناوچانەدا ماندوو ببێت و شکۆی وەک پۆلیسی دەریاکان لەدەست بچێت. چین بەکڕینی نەوتی ئێران، ژێرخانی ئابوری ئێران دەپارێزێت تا وەک بەربەستێک لەدژی فراوانخوازی ئەمریکا بمێنێتەوە.
لەبەرامبەردا، ڕووسیا سوود لەم پشێوییە دەبینێت بۆ سوککردنی فشارەکانی سەر بەرەی ئۆکراینا. بۆ مۆسکۆ، هەر قەیرانێک لەدەریای سوور یان هورمز دروست ببێت، واتای زیاتر سەرقاڵبوونی ئامریکاو بەرزبوونەوەی نرخی وزەیە، کە هەردووکیان لەبەرژەوەندیی ڕووسیادان. هەماهەنگی ڕووسیاو ئێران لەسودان بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە بەرەی ڕۆژهەڵات دەیەوێت دەریای سوور لەژێر دەستی ئەمریکادا دەربهێنێت.
ئەنجامگیری
ئەمریکا لەئێستادا لەدۆخێکی بەرگریی ناچالاکدایە. ئەو دەزانێت کە ناتوانێت بەتەنهاو بەهێزی سەربازی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، بۆیە پەنای بردووەتە بەر دروستکردنی هاوپەیمانی دەریایی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای درۆن. بەڵام ڕاستی وێنەکە ئەوەیە کە ئێران توانیویەتی خۆی لەترسی لەناوچوون ڕزگار بکات و ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لەنەخشەی وزەو ئاسایشی جیهان. داهاتووی ئەم هاوکێشەیەش بەستراوەتەوە بەوەی کە ئایا ئەمریکا ئامادەیە ئیمتیازێکی گەورە بدات بەئێران بۆ خاوکردنەوەی ئەم فشارانە، یان جیهان بەرەو دابەشبوونێکی تەواو دەڕوات کە تێیدا ڕێڕەوە ئاوییەکان دەبنە ناوچەی جێناکۆک. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە؛ چونکە کاتێک ئاسایش دەبێتە قوربانی ململانێی سیاسی، تێچووەکەی هەموو جیهان دەیگرێتەوەو لەوێشەوە باکگراوندی بەرژەوەندییەکانی چین و ڕوسیا لەبەرامبەر ئامریکادا..ئەمە کۆتایی ئەو سەردەمەیە کە ئەمریکا سەردەمانێک تاکە پۆلیسی دەریاکان بوو. ئێستا جیهان چەندین پۆلیسی هەیە، کە زۆربەشیان لەگەڵ یەکتریدا ناتەبان.
١٧ ئازار ٢٠٢٦
