Home بیروڕاپرۆژە ١٥ خاڵیەکەی ترامپ و خەونی ئۆپۆزیسیۆن!

پرۆژە ١٥ خاڵیەکەی ترامپ و خەونی ئۆپۆزیسیۆن!

by admin
0 کۆمێنتەکان 2 بینینەکان

موحسین کەریم :   
کەناڵی “١٢ی ئیسرائیل” ی نزیك لە بنیامین نەتەنیاهۆ، ڕایگەیاند کە هەردوو نێردەی ترامپ، سیڤن ویتکۆف و جیراد کۆشنەر، بە ئاگاداری و رەزامەندی ترامپ، پرۆژەیەکیان ئامادەکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ دژی ئێران کە لە ١٥ خاڵ پێکهاتوە. سەرەتا بۆماوەی یەك مانگ ئاگربەست ڕادەگەینرێت و لەماوەی ئاگربەستدا گفتوگۆدەکەن لەسەر خاڵەکانی پرۆژەکە. هەروەها رۆژنامەی نیۆرك تایمز لە زمانی چەند بەرپرسێکی ئێرانیەوە ئاشکرای کردوە کە گفتوگۆی نهێنی لەنێوان ئەمەریکاو ئێراندا بەردەوامە بەمەبەستی رێکەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ!
خاڵەکانی پرۆژەکەی ویتکۆف و کۆشنەر سێ تەوەرەی سەرەکی دەگرێتە خۆی؛ یەکەمیان دەستبەرداربوونی ئێرانە لە پرۆژەی ئەتۆمیەکەی و پیتاندنی یۆرانیۆم، دووەمیان دەستبەردابوونیەتی لە میلیشیا بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، سێهەم لەبەرامبەردا ئەمریکا نەرمی بنوێنێ بەرامبەر بە پرۆژەی مووشەکی ئێران و هەڵگرتنی هەموو سزاکانی سەری و هاوکاریکردنی بۆ پەرەپێدانی پرۆژەی ئەتۆمی مەدەنی لە وێستگەی بوشەهیر!
ئەم پرۆژە ١٥ خاڵیە لەکاتێکدا پێشنیار دەکرێت، کە ترامپ هەرەشەی سوتاندنی ئێرانی دەکرد لەئەگەری تەسیلمنەبووندا! بەڵام ئەم جەنگەی ئێستا بەڕۆشنی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بریاردەری سەرەکی جیهان ئەمریکا نیە بەتەنیا، بەڵکو هێزی دیکەی جیهانی هەن کە خەریکن مەشهەدەکە دەگۆڕن!
ئێران بەهاوکاری نەرمی چین و ڕوسیا، توانی باڵادەستیی سەربازی و هەژمونی چەک و تەکنۆلۆژیای ئەمریکاو ئیسرائیل لاسەنگ بکات و زەبری قورسیش لە بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو لە توانای جەنگی و لۆجستی ئیسرائیلیش بدات. سەرەنجام بۆ تەسلیمکردنی ئێران تەنها یەك بژاردەیان لەبەردەمدا مایەوە، ئەویش هێرشی زەمینیە بۆسەر ئێران. ئەم سیناریۆیەش هەر لەسەرەتاوە دیارە کە ئاکامەکەی بە شکستی گەورە بۆ ئەمریکا تەواودەبێ، لەبەر چەند هۆکارێك؛ یەکەم: ئەزمونی دوو شەڕی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان کە ئەمریکا لە هەردوکیاندا ناکام مایەوە. دووەم؛ تایبەتمەندی رژێمی ئیسلامی ئێران و جوگرافیای سیاسی و تۆپۆگرافی ئێران وادەکات ئەنجامدانی کارێکی لەوجۆرە بە نرخێکی یەجگار گرانی ئابوری- سەربازی- مرۆیی بۆیان تەواو ببێت. سێهەم؛ فشاری ناوخۆیی ئەمریکا دژ بە تێوەگلانی لە شەڕێکی دیکەی زەمینی، کە ئەوەش دەستی ترامپ و دەستەودائیرەکەی دەبەستێ لە دانی بڕیارێکی لەوجۆرە! چوارەم؛ هۆکارێکی دیکەی گرنگ دەوری چین و ڕوسیایە لە ئەگەری هێرشی زەمینی ئەمریکا بۆسەر ئێران. ئایا تا چ ڕادەیەك ڕوسیا و چین ئامادەن ئەوە قبوڵ بکەن کە سوپای ئەمریکا لەپاڵ سنورەکانی ئەواندا ئامادەبێت و ببێتە دراوسێی ڕوسیاو دەست بەسەر سەرچاوەی ووزەی ئێراندا بگرێ کە یەکێکە لە پایەکانی پیشەسازی ڕوولەسەری چین!
ئەم نەرمی نواندنەی ئەمریکا وەکو خۆیان دەڵێن “بەرهەمی هێز” نیە، بەڵکو بەرهەمی ئەو گۆرانکاریەیە کە لە ئارایشیی نێوان هێزو جەمسەرەکان و لە هاوسەنگی هێزدا لە ئاستی جیهانیدا ڕوویداوە. ئەمریکا پەنای بۆ ئەوروپا برد تا هاوکاری بکەن لە جەنگەکەیدا دژی ئێران و بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام بێجگە لە ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، گوێگرێکی دیکەی بۆ پەیدانەبوو، بۆیە سەرکردەکانی دەوڵەتانی ناتۆی بە ترسنۆك ناوبرد و لە بێدەسەڵاتیدا ڕایگەیاند: “ئێمە پێویستمان بە گەرووی هورمز نیە، با کێ پێویستی پێیەتی بچێت بیکاتەوە”! چین و ڕوسیاش وەکو دوو هێز و دووجەمسەری جیهانی، ئەگەرچی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لەڕووی سەربازیەوە نا، بەڵام بەکردەوە لەم ململانێیەدا ئامادەییان هەیە!
سەرەنجام ئەمریکاو ترامپ پێویستان بەوەیە کە لەم قوڕەی قاچیان تێدا چەقیوە، بەجۆرێ بە ڕووی سوورەوە دەرباز بن! گومان لەوەدا نیە کە نەتەنیاهۆ و ئیسرائیل دەیانەوێ و بەرژەوەندییان لەوەدایە هێرشی زەمینی بکرێتەسەر ئێران و تا ڕادەی ئەوپەڕی لاواز بکرێ، یاخود تەنانەت رژێمی ئیسلامی بڕوخێنرێت. بەڵام ئەوەی هێرشی زەمینی دەکات ئیسرائیل نیە، بەڵکو ئەمریکایە. بۆیە ئەوە ئەمریکایە کە بڕیار دەدات هێرشی زەمینی بکرێتە سەر ئێران یان نەکرێ، نەك ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ! ئێستا ترامپ لە ناردنی هیز و داگیرکردنی دۆرگەی خەرج و بڕینی شادەماری ئابوری ئێران پەشیمان بۆتەوەو ئامادەیە لەگەڵ هەمان ئەو رژێمەدا دانوسان بکات، کە تا دوێنێ مەرجی تەسلیمبوونی تەواوەتی و بێمەرجی بۆ دانابوو!
ئێستا ئیتر ئەو گروپ و لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێرانی، لە شاپەرستەکانەوە تا موجاهیدینی خەڵق و تا ناسیۆنالیستە کوردەکانی لایەنگری جەنگ ، کە چاوەرێی ئەوە بوون لەژێر بۆمبارانی مووشەکەکانی فڕۆکەو کەشتیە جەنگیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا و دوای کاولکردنی شارەکانی ئێران و کوشتاری خەڵکی مەدەنی و هەڵتەکاندنی بنەماکانی کۆمەڵگا دەستیان لە گۆشەیەکی دەسەڵات لە تاران و لە کوردستان گیر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش توێشووی سەفەری” ئینقلابی”یان کۆدەکردەوە! یاخود ئەو گروپە بەناو چەپانەی کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد زەبری سەربازی ئەمریکاو ئیسرائیل لە رژێمی ئیسلامی، کۆمەك بە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی ئێران دەکات بۆ روخاندنی رژێم، بە ڕاگەیاندنی ئەم پرۆژە (١٥) خاڵیە، خەون و خەیاڵاتە پەمەییەکانیان بەتاڵ بۆتەوەو دەبێ بۆ چەندەهەمین جار گلەیی لە بێوەفایی و بێمتمانەیی ئەمریکا و گەمژەیی و خەیاڵپڵاویی سیاسی خۆیان بکەن و دوبارە چاوەرێی خەونێکی دیکەبن!

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە