ئا: هێڤی ئاوات
لەساڵی ٢٠٠٦وە، چەند کۆمپانیایەک لەکوردستاندا لەهێنانی کرێکاری بیانیدا چالاکن، بەڵام هیچ یاسایەک نییە ئەو کرێکارە بیانیانە بپارێزێت، داکۆکیکارێکی مافی کرێکارانی بیانی دەڵێت “بەشێک لەژنە کرێکارانی پاسەپۆرتیان لێدەسێنرێ، سوکایەتیان پێدەکرێو لێیان دەدرێت، کڕینو فرۆشتنو بازرگانییان پێوە دەکرێت، فرتوفێڵیان لێدەکرێتو دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێتو هیچ یاسایەکیش نییە تا بیانپارێزێت”.
ئەو کرێکارە پیاوو ژنانەی کە ساڵانە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە دەهێنرێنە کوردستان، زۆربەیان هاوڵاتی نیپالیو بەنگلادیشین یاخود هاوڵاتی چەند وڵاتێکی هەژاری ئەفەریقین، کە دۆخی ئابوریو هەلومەرجی ژیانیان بەئەندازەیەک سەختە لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیانیاندا رودەکەنە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەدوای ئەو گەشە ئابورییەی کە لەساڵی ٢٠٠٣ەوە کوردستانی گرتەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لەم کرێکارانە هێنرانە کوردستان، پیاوەکان زۆربەیان لەژینگەپارێزییو ژنەکانیشیان وەک کارگوزاری ماڵان ئیشیان پێکرا.
لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییشەوە، هێشتا بەشێک لەو خێزانانەی کە خەریکی بازرگانیین یاخود داهاتیان زۆرەو دەوڵەمەندن، بۆ خزمەتکردنی ماڵ یاخود بۆ چاودێریکردنی کەسانی نەخۆشو بەساڵاچووی خێزانەکانیان پێویستیان پێیانەو کاریان پێدەکەن.
“نیتا” ژنێکی چاو بچکۆلانەی قژ رەشی باڵاکورتەو ماوەی ٥ ساڵە دوور لەوڵاتی خۆی کە نیپالە، لەسلێمانی کار دەکات، لەچەند کۆمپانیاو ماڵێکدا کارگوزاریی کردووەو ئێستا هەموو دەمەو نیوەڕوانێک دەچێت بۆ نانەواخانە تا نانی گەرم بۆ ئەو خێزانە بکڕێت کە کاریان لا دەکاتو سەرپەرشتی مناڵەکانیان دەکات، ئەو بەکوردییەکی تێشکاو دەدوێو باس لەوە دەکات کە نازانێت “بڵێت ژیانی خۆشە یان نا”.
ئەو بەئاوێنەی وت “ئێمە لەوڵاتی خۆمان نین، هەمیشە هەست بەتەنیاییو بێکەسی دەکەین، هەرچەندە ئەو خێزانانەی کارم بۆ کردوون، زۆر باش بوون، بەڵام هیچ خۆشییەک ناگات بەوەی لەناو خێزانو ماڵو منداڵی خۆتدا بژیت”.
ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی ئەو ژنانەی دەهێنرێنە کوردستان بەناوی رەخساندنی هەلی کارەوە، دواتر لەبەرامبەر ئەوەی کۆمپانیایەک دەیاندەن بەخێزانێک ٤٠ بۆ ٥٠ وەرەقە وەردەگرن بۆ خۆیان، ئەو وتی “تا نەهاتمە کوردستان نەمزانی دەدرێم بە ٤ هەزار دۆلار”.
نیتا باس لەوە دەکات کە خۆیو هاوڕێکانی، هەرچەندە لەکوردستانن، بەڵام بەردەوام لەخەمی هاوکاریکردنی خێزانەکانیان لەنیپاڵو بەنگلادیشو ولاتانی ئەفریقیا، ئەو وتی “بەشێکمان تەنانەت رۆژانی هەیینیش کە رۆژی پشوومانە، بۆ ئەوەی پارەیەکمان دەستکەوێو کۆیبکەنەوە، دێین لەبەردەم باخی گشتی خواردن دروستدەکەینو دەیفرۆشین، هەمانە شەوو رۆژ بەدیار کەسی نەخۆشەوەیە کە نەخۆشییەکەیان زۆر سەختەو دەبێت پاکبکرێنەوەو ئەمەش بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر ژیانیان”.
چیرۆکی نیتا یەکێکە لەچەندین چیرۆکی ئەو کەسانەی کە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان بەناوی هەلی کارەوەو مافەکانیان پێشێل دەکرێت. خاوەنی کۆمپانیایەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێتو لەهێنانی کرێکاری بیانیدا چالاکە، ئاماژە بەوە دەکات کە “کۆمپانیاکەی تایبەتە بەدابینکرنی کارگوزاری بیانی بۆ ماڵان”.
ئەو لەپشت مێزە تەختە بریقەدارەکەیەوە پەیتا پەیتا ستایشی کارەکەی دەکردو ئاماژەی بەوە دەدا کە لەساڵی ٢٠٠٨ەوە لەلایەن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە مۆڵەتی کارکردن بەکۆمپانیاکەی دراوەو بەئاوێنەی وت “ئەو کرێکارانەی دەیانهێننە کوردستان گرێبەستی دوو ساڵیان بۆ دەکرێت بەپێی پێویستی ئەو خێزانانەی دەیانەوێت خزمەتکارێکی بیانی لەکۆمپانیاکە وەرگرن”.
وتیشی “لەبەرامبەر ئەم خزمەتەدا ٤٥٠٠ دۆلاریان لێوەردەگیرێتو بۆیان ناگەڕێتەوە، ئەوەش کرێی هێنانی ئەو کەسانەیە کە دەیانهێنینە کوردستانو شوێنیان بۆ دابیندەکرێت”.
ئەوەشی روونکردەوە کە ئەو پارەیە تەنها بۆ کۆمپانیاکەی ئەوان نییەو کۆمپانیایەکی دیکەش هاوکاریانە لەهێنانی ئەو کەسانە تا دەگەنە کوردستانو بڕێک لەو پارەیە دەدرێت بەوان.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کرێکارە بیانیانەی دێنە کوردستان راستەوخۆ کارتی مانەوەیان بۆ دەکەن، دواتر پشکنینی خوێنیان بۆدەکرێت، هەر نەخۆشیەکی درێژخایەنیان هەبێت ڕێگەی مانەوەی پێنادرێت دەگەڕێنرێتەوە ئەو شوێنەی لێوەهاتووە، ئەو وتی “ئەو کرێکارانە مەرجیان هەیە بۆ کارکردن، هەیانە تەنها لەماڵان ئیشی پاککردنەوە دەکات، هەیانە تەنها خزمەتی نەخۆش دەکات، ئێمە زۆریان لێناکەین، تا ئەوکاتەی دەچێتە سەرکار شوێنی نوستنو خواردنو خواردنەوەو پارەی پەیوەندیە تەلەفونەکانیان بۆ سەرفدەکەین”.
سەرباری هەبوونی ئەو ڕێکارانەی کە گیراونەتە بەر بۆ پاراستنی مافی کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا پێشێلکارییەکان دژ بەکرێکارانی بیانی بەرچاون، کرێکارانی بیانی کڕینو فرۆشتنو بازرگانییان پێوە دەکرێت، فرتوفێڵیان لێدەکرێت، بەشێکیان بۆ بازرگانیی سێکسی بەکاردەهێنرێن، یاخود کاریان پێژەکرێتو کرێی کاریان پێنادرێت.
محەمەد مەحمود (حەمە ەەژار)، سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیریو داکۆکی لەکرێکارانی بیانی، ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە ئەمانو چەند ڕێکخراوێکی داکۆکی لەمافی کرێکاران بەردەوام کار بۆ کرێکاران دەکەن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە مافی کرێکارانی بیانی بپارێزن، ئەو بەئاوێنەی وت “لەساڵانی رابردوودا توانیومانە دەیان کێشەی جۆراوجۆری وەک وەرگرتنی پاسپۆرت، پێنەدانی کرێ، بەندکردن، لێدانو ئەشکەنجەدانو قەرەبووکردنەوەی گیان لەدەستدان لەشوێنی کارداو تەنانەت دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر چەند ژنێک بۆ کرێکارانی بیانی چارەسەر بکەین”.
هەژار ئاماژە بەوە دەکات کە لەڕووی یاساییەوە زۆربەی ئەو کرێکارانەی دەهێنرێنە کوردستانو کاریان پێدەکریت مافیان نەپارێزراوە، لەبەرئەوەی زۆربەیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ ناکەن، ئەو وتی “هەرچەندە تا ئێستاش نازانرێت ژمارەی تەواوی ئەو کرێکارە بیانیانە چەندن کە لەکوردستان کار دەکەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ٤٧ هەزار کرێکاری بیانی لەکوردستان کار دەکەن، ٧ هەزاریان لەشاری سلێمانی لەناو ماڵانو لەکۆمپانیاو یانەو کافتریاکاندا کار دەکەنو مووچەیان لە٢٥٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات تا ١٠٠٠ دۆلار”.
وتیشی “ئێمە رێکخراوێکی سەربەخۆو خۆبەخشینو لەسەر ئەرکی خۆمان کار دەکەین، هەر کێشەیەکی ئەو کرێکارە بیانیانە بێت بۆ لای ئێمە وەک وەرگرتنی پاسەپۆرت، پێنەدانی کرێ، بەندکردن، لێدانو سوکایەتی پێکردنیانو ئەشکەنجەدانیان، یاخود بازرگانی پێوەکردنو بەکارهێنانیان بۆ بازرگانی سێکسی، ئێمە بەدواییدا دەچین بەمەبەستی چارەسەر کردن بەبێ هیچ بەرامبەرێک”.
سەرچاوە:ئاوێنە
