کامل احمد: 
ڕۆژی شەممە ٢٨ ی مارسی ٢٠٢٦ کۆنگرەیەک لە لەندەن بۆ ئەو مۆزاییکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سازکرا. ئەم کۆنگرەیە لە پێش هاتوهاوارەکانی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی کۆماری ئیسلامی و ڕتووشکردنی یەوە دێت لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و شەڕی زیاتر لە یەک مانگیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. ئەم کۆنگرەی ئازادی ئێرانە لە لەندەن دەبەسترێت هاوشێوەی ئەو کۆنگرەیەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کە لە ١٤ و ١٥ ی دەیسێمبەری ٢٠٠٢ لە هەمان لەندەن دا بەسترا و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دوای لاوازبوون یان ڕووخانی ڕژێمی بەعس. ئەم دوو کۆنگرەیە و لێکچوونەکانی زۆرن کە گرنگترینیان ئەوەیە کە هەردووکیان لە لەندەن بەڕێوە چوون، هەردووکیان هەرچی ئەحزابی بورژوازی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی وگەجەروگوجەری کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە تیایدا کۆبوونەتەوە.
خاڵێکی ڕیشەیی کە ئەم کۆنگرەیە لەوەی عێراق جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو کات دەستپێشکەرییەکە ئەمریکی بوو وە هەموو ئەوروپاشی بە دوای خۆیدا کێش کردبوو بە بەریاتنیاشەوە، بەڵام ئەم دەستپێشکەرییەیان بەریتانی یە و بەشێکە لە سیاسەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی لە ئاییندەی ئێراندا و لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە ئەگەر ئەمریکا توانی بەدەستیبهێنێت جێگایەکی هەبێت. کەواتە جیاوازییەکی بنەڕەتی تر ئەو لێکترازان و لێکدابڕانەی ئەمریکا و ئەوەروپایە کە چەندین ساڵە دەستیپێکردووە و قڵشتی نێوانیان تا دێت گەورەتر دەبێت، ئەگەر چی هێشتا نەگەیشتوون بە جیابوونەوەی هێجگاری. کەواتە بەریتانیا دەیەوێت کارێک بکات کە دەست بەتاڵ دەرنەچێت لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕێگای ئەم دەستەجاتە نەتەوەپەرست و تائیفییانەوە.
شیڕە و نەعرەتەی ئەحزابی بەشداربوو بۆ فرە نەتەوەیی و فرە کەلتووری و فرە دینی و فرە زمانی و فرە ڕەهەندی هیچی تر نەبوو جگە لەوەی کە دەیانوویست مۆدێلێکی هاوشێوەی عێراق بێننە دەرەوە کە هەموویان لە دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا بەشداربن و هەرکەس بە پێی قوورسی خۆی. ئەوان زیندووکردنەوەی ئەم دابوونەریتە کۆنەپەرستانەیە و بردنە پێشەوەی ئەم جۆرە لە سیاسەت بە فرەکلتووری و بە بەشداری هەمووان لە کایەی سیاسیدا بە خەڵک دەفڕۆشن. پرسیارەکە ئەوەیە کام بەشداری لە کایەی سیاسی کۆمەڵگادا لە کاتێکدا برسیانی کۆمەڵگا برسیتر دەکرێن و دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانیشی دەوڵەمەندتردەبن و تەنها ڕەنگ و ڕەواڵیان دەگۆڕدرێت. باسەکە باسی گواستنەوەی دەسەڵات و دەرهێنانی نییە لە چنگی کۆمەڵێک سەرمایەداری عەمامە بەسەر وڕادەستکرنی بە کۆمەڵێکی فرە ڕەهەند و نەتەوە و دین و تائیفە وەک کۆنگەری ئازادی لەندەن و بەشداربووانی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو باسی بورژوازی و سیستەمەکەیەتی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیانەوە. بەشداربووانی کۆنگەری لەندەن و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران دوو دیوی هەمان دراون و هەردوولایان سەر بە سەرمایەن و خوێنی هەژاران و برسییەکان دەمژن. باسی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە لەتووپەتکردنی کۆمەڵگای ئێران بوو لە ژێر ناوی دین و نەتەوە و سکولاریزم و مافی کەمایەتییەکان و ….. ئەوەی بەشداربووانی ئەم کۆنگەرەیە جێگای باس و خواسیان نەبوو باشترکردنی ژیانی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی گووزەرانیان بوو. ئەوان تەنانەت باسێکیان نەبوو لەسەر ئەوەی کە چۆن بەردەگرن بە هەرزانفڕۆشکردنی گاز و نەوت و کارەبای ئەو وڵاتە و چۆن بەردەگرن بە چوونە سەرەوەی نرخی وزە لەو وڵاتەدا کە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر هەرزان فەراهەم کراوە. بە کورتییەکەی ئەوان بێجگە لە پەیامی وێرانکردن و داڕمانێکی زیاتری کۆمەڵگا شتێکیان لە هەگبەکەیاندا بۆ بنیاتنانەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا پێ نەبوو. ئەمە پەیامی درووست و تەواوی ئەوانە و ناتوانرێت شتێکی لەمە زیاتر نە لە هێز و ئەحزابی بەشداربووی ناو کۆنگرەکە و نە کۆنگرەی لەم چەشنەش چاوەڕوان بکرێت.
تۆ سەیری ئەم مۆزاییەکە بکەن، لە کۆمۆنیزمە قەومییەکەی جەنابی تەقوایی و حزبەکەیەوە تا دەگات بە گرووپی “دەوڵەت بۆ ئێران”، تا حزبی دیموکراتی ئازەرباینجانی و ئێرانییە کۆمارییەکان و سەڵتەنەت تەڵەبەکان و تا دەگات بە حزبی هاوپشتی دیموکراتی ئەحواز و تا نوێنەرانی ئەحزابی بەلوچ و عەرەب و کورد و ئەوانی دیکەی تێیدایە. هەر لە ئێستاوە نەعرەتەی فیدڕالێ و جیابوونەوە و بەشبەشکردنی ئێران لێدەدرێت و دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێران بەسەر هەموو ئەو نەتەوە و زمانە جۆراوجۆرانەدا بەشبکەن بۆ پچڕینی بەشی خۆیان لە دەسەڵات و سەرمایەگوزاری.
ئەم کۆنگرانە دەیانەوێت دیموکراتییەک کە هەم دەسەڵاتدارنی ئەمریکا خۆیان شەقیانتێهەڵداوەو بەسەرچووەو بەدەردیان ناخوات، بۆ ئێران بهێنن بەسەر پشتی تانک و فڕۆکە و پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ بردنی کۆمەڵگا بۆ ئاستی پێکدادانی نەتەوەیی و ئیتنیکی لە ژێر ناوی ئازادیدا. ئەگەرچی کۆنگرەی ئەمجارەشیان لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم جارە ئەوروپا خۆی خوێنی لێدەچۆڕیت و لەت لەتە و یەکدەنگ نییە و ئەمریکاو ئیسرائیل دەیانەوێت بە تەنها ئەم کارە بکەن، بەڵام ئەوانیش لە هەوڵی زامنکردنی بەشی خۆیانن لە ئایندەدا لە ڕێگای ئەم جۆرە کۆنگرانەوە.
ئەوەی لە کۆنگرەکەدا دەگوزەرا ڕیک ئەو دەستەواژەیەیە کە دەڵێت “هەر کەس بۆ لەیلاکەی خۆی دەگری” هەموویان کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو کۆمەڵگا ملیۆنییە پارچە پارچە بکرێت و هەویەتی بەلوچی و فارس و عەرەب و کورد و سوننی و شیعی و هەموو ئەوانی تر زیندووبکرێتەوە. ئەم بەڕێزانە بە دڵنیاییەوە نە کوێرن و نە بیریان چووە چ نەهامەتییەک بەسەر خەڵکی عێرقدا هاتووە و چۆن دوای سێ دەیە کۆمەڵگا لە ناو هەمان زەلکاوی بەشبوونی ئیتنی و نەتەوەیی و گوێ لە مشتی هێزە دەرەکییەکاندا دەناڵێنێت و چۆن سەدان و هەزاران ملیاردێر و کۆمپانیا هەڵتۆقیون بۆ سەرمایەگوزاری و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی خەڵک لە برسێتیدا. بەڵام ئەوان بەرژەوەندییەکانیان لەوە گەورەترە کە ئەمە ببین. ئەوان هێزی بورژوازی کۆمەڵگان و دەیانەوێت بەشێک بن لەو سەرمایەگوزارییە. حەتمەن ئەوان ئەمە وەک دەستکەوتیش باس لێ دەکەن و دەیانەوێت ئەم تەجروبە تاڵەی عێراق بەسەر سەری خەڵکی ئێراندا بسەپێنن و کۆمەڵگایەکی ٩٠ ملیۆنی ئەوەندەی تر نووقمی کۆنەپەرستی و هەڵاواردن و برسێتی بکەن.
ئەم جڕوجانەوەرانە دەیانەوێت لەسەر حسابی ماڵوێرانی خەڵکی ئێران و برسێتی و لەناوچوونیان بگەنە ترۆپکی دەسەڵات. ئەگەر ئەم سیناریۆیە لە لایەن پڕۆلیتاریای ئیرانەوە بەری پێنەگیرێت و نەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە ئەوا چارەنووسی ئێران دەبێتە عێراقێکی تر و ئەفغانستانێکی تر و سوریایەکی تر. ئەوەی کە ئەمریکا بە ئاشکرا و بێ پەردە هەمیشە باسی دەکات ئەوەیە کە ئەو بۆی گرنگ نییە کێ ئیران دەبات بەڕێوە، ئایا توندڕەوتر یان میانڕەوتر دێتە سەر عەرشی دەسەڵات گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ سەرمایگوزاری خۆی و چاڵەنەوتەکان و ڕێگا ئاوییەکانە.
لە بەرێکی تری ئەم ڕووداوانە و لە هەمان ڕۆژی ٢٨ مانگ دا ئێمە شاهیدی خۆپیشاندانی دەیان ملیۆنی خەڵکی ئەمریکا بووین دژ بە ترەمپ و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی و دژی هەژاری و گرانی و بۆ وەستانی شەڕ، لە کاتێکدا ئەم بەڕێزانە بە پلان و سیاسەتی بەریتانیا و خۆرئاوا خەریکی گڵاوترین پلانی خۆیان بوون بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێران. ئەگەرچی ئەم هاتنە مەیدانانەش هەر چەند گەورەبن ناتوانێت بە جێگایەک بگات مەگەر پڕۆلیتاریا بتوانێت دژ بە بورژوازی ناوخۆی خۆی چ لە ئەمریکا و چ لە وڵاتانی دیکەدا بێتە مەیدان و ڕاپەڕێت و بەرهەم هێنان ڕابگرێت و پێچی کۆمپانیاکان دابخات و ڕیزی خۆی لە ئەحزابە بورژوازییەکان بە هەموو ڕەنگەکیانەوە جیابکاتەوە.
پڕۆلیتاریای ئێران ئەگەر لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا نەیەتە مەیدان و پشت بە هاوخەباتی و هاوڕیزی پڕۆلیتاری جیهان نەبەستێت بۆ وەلانانی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە ئەوە کۆمەڵگای ئێران نووقمی خوێن دەبێت و ئەوەی کە لەعێراق ڕوویداوەو ڕوودەدات هیج نابێت لە چاویدا و دەبێت بڵێین هەزار ڕەحمەت لە کفن دز.
باسی ئەوان باسی مەدەنییەت و سکولاریزم و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان و کەمە نەتەوەییەکانە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لە بەرامبەر باسی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامیی دا. ئەمانە هەمووی ئاڵا و درووشمی بورژوازییە، وێڕای ئەوەی باویشیان نەماوە، و دەیانەوێت لە سایەیدا خەڵک وڕ و بێ ئاگا بکەن. باسە بنەڕەتییەکە باسی نەبەردێکی چینایەتییە کە هیچ یەکێک لەو درووشمە بورژوازییانە نەک هیچ لە نەهامەتیەکانی پڕۆلیتاریای ئێران کەم ناکاتەوە، بەڵکو قڵشتەکانی نێوانی فراوانتر و گەورەتر دەکات و یەکڕیزییەکەی بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە زەربە دەخوات. بۆیە تەنها ڕێگایەک ڕووخاندن و وەلانانی هەموو ئەمانەیە بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسانە لە ڕێگای ئەو هاوپشتییە چینایەتییەی هەر ئێستا بە شێوازێکی سەرەتایی لە مەیداندایە.
1ی نیسانی 2026
