Home بیروڕامووچەی فەرمانبەران؛ لە “مژدەی بێبنی” ٢٠٢٠وە بۆ “تۆنێلە تاریکەکەی” ٢٠٢٦!

مووچەی فەرمانبەران؛ لە “مژدەی بێبنی” ٢٠٢٠وە بۆ “تۆنێلە تاریکەکەی” ٢٠٢٦!

by admin
0 کۆمێنتەکان 21 بینینەکان

ريبوار ياسين فتاح:   

پرسی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا، چیتر تەنها کێشەیەکی دارایی نییە، بەڵکو بووەتە گەورەترین “پڕۆژەی فریودان” و درێژترین زنجیرەی بەڵێنی بێ کردار لە مێژووی حوکمڕانیدا. ئەوەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ تاوەکو سەرەتای ٢٠٢٦ لە لێدوانە فەرمییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوودا بینراوە، وێنای حوکمڕانییەکە دەکات کە لەسەر “وشەی بریقەدار” بونیاد نراوە، نەک لەسەر “گیرفانی هاووڵاتی”.
٢٢ مژدە و یەک شکست!
ئەگەر تەنها لاپەڕەکانی ئەرشیفی شەش ساڵی ڕابردوو هەڵدەینەوە، دەبینین زیاتر لە ٢٢ جار دەستەواژەی “چارەسەرمان کرد”، “کێشەکە نامێنێت” و “دەبێتە مێژوو” بە ڕووی مووچەخۆراندا دراون.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا، کاتێک لێبڕینی مووچە وەک “نەشتەرگەرییەکی بەئازار” بەسەر فەرمانبەراندا سەپێندرا، بەڵێنی “هەموو هەوڵێک” درا. لە ٢٠٢١دا مژدەی “کۆتایی کێشەی مووچە” بیسترا. لە ٢٠٢٣دا وترا “تەنها کاتی دەوێت بۆ گەیشتنی پارەکە”. لوتکەی ئەم “شانۆگەرییە” لە ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا بوو، کاتێک “هەژماری من” وەک فریادڕەسێک ناسێندرا کە گوایە کێشەی مووچە دەخاتە ناو مۆزەخانەکانەوە. بەڵام واقیعەکە پێمان دەڵێت: نە مووچە بووە مێژوو، نە مژدەکان بوونە ڕاستی.
نيسان ٢٠٢٦؛ گەڕانەوە بۆ گەرووی نەهەنگ
ئێستا کە لە مانگی نيسان ٢٠٢٦داین، جارێکی تر مووچەخۆران خۆیان لەبەردەم “تۆنێلێکی تاریک”دا دەبیننەوە. چۆن دەکرێت حکومەتێک کە بانگەشەی “شەفافییەت” و “دیجیتاڵکردنی دارایی” دەکات، نەتوانێت بڕی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ (کە بە مەرجی بەغدا دانراوە) کۆبکاتەوە؟ ئایا ئەمە “کەمیی داهاتە” یان “دیارنەمانی داهات” لە ناو گیرفانی حزب و کۆمپانیاکاندا؟
ئەم چەقبەستووییە نوێیە، ئەو ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنێت کە پرسی مووچە کراوەتە بارمتەی ململانێی سیاسی. کاتێک هەرێم دەڵێت ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆ چەندین هێندەی ئەوەیە، مانای وایە حکومەت نایەوێت کێشەی مووچە چارەسەر ببێت، چونکە بەردەوامیی ئەم قەیرانە باشترین بیانووە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی ئابوری.
قەیرانی “متمانە” نەک “داهات”
پرسیاری مووچەخۆران ڕوونە: ئایا ئەوەی دەگوزەرێت لێکەوتەی جەنگ و گەرووی هورمزە؟ نەخێر، ئەمە قەیرانێکی دەستکردە. کاتێک ٢٢ جار بەڵێن دەدەیت و لە ٢٣یەمین جاردا دەگەیتەوە خاڵی سفر، ماناکەی ئەوەیە کە لایەنی بەرپرس یان “ناتوانێت” یان “نایەوێت” ئەم بارگرانییە لەسەر شانی خەڵک لابات.
کۆتایی
مووچە لە هەرێمی کوردستاندا لە “گەرووی نەهەنگی” لێبڕینەوە، ئێستا کەوتووەتە ناو “گەرووی ململانێیەکی بێ کۆتایی”. مووچەخۆران چیتر گوێیان لە “مژدە” نییە، چونکە دەزانن هەموو مژدەیەک دەسپێکی قەیرانێکی نوێیە. تا ئەو کاتەی “هەژماری من” نەبێتە “گیرفانی من” و داهاتەکان لە جیاتی خەزێنەی حزب نەچنە خەزێنەی دەوڵەت، ئەم تۆنێلە تاریکە هەرگیز کۆتایی نایەت.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە