Home بیروڕاگەشتنی عێراق بە مۆندیال و مامەڵەی لنگەوقوچی دەسەڵاتداران

گەشتنی عێراق بە مۆندیال و مامەڵەی لنگەوقوچی دەسەڵاتداران

by admin
0 کۆمێنتەکان 6 بینینەکان

بنار مستەفا:   

هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق پاش چل ساڵ لە چاوەڕوانی، گەشتە مۆندیالی ئەمساڵ. ئەم سەرکەوتنە لە چەند ڕووەوە بووە مایەی شەرمەزاری بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق. هەروەها نیشانیدا، کە دەسەڵاتداران چەندە نامۆن بە کۆمەڵگاکەیان، جیهانی شارستانی و مامەڵەیان لنگەوقووچانەیە.

زۆرینەی یاریزانانی ئەم هەڵبژاردەیە، لەو کاتەوە چاویان کردۆتەوە یان لەگەڵ گەمارۆی ئابووری و هەژاری، یان جەنگ و ململانێی قەومی و مەزهەبی ژیانیان کردووە و گەورە بوون. دوور لە جیهانی منداڵیان، دوور لە هەر بەرپرسیارێتییەکی دەسەڵاتداران لە بەرانبەر ژیان و گوزەرانیان، تا خولیا و ئاواتەکانیان. ئەم لاوانە خۆیان و بە هاوکاری خێزانیان لەو بارودۆخە سەخت و دژوارە و لەو بێ باکییەی دەسەڵاتداران ژیانیان کردووە و خۆیانیان پێگەیاندووە. سەرئەنجام توانیویانە ببنە وەرزشوانان و بە ئەنجامی گەورە بگەن، وەک مۆندیال، گەورەترین ڕووداوی وەرزشی جیهان.

لەگەڵ گەشتنیان بە مۆندیال، یاریزانان لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازیان لێکرا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر چەندین خەڵات بە هەر یاریزانێکیان، وەک پارە، خانوو و پاسپۆرتی دیپلۆماسی بۆ ماوەی هەشت ساڵ هتد.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە گشتی حکومەت و شارەوانییەکان هەوڵ دەدەن لە منداڵان و هەرزەکاران لەگەڵ خولیاکانیان ئاشنابن، جێگەی جۆراوجۆریان بۆ پیادەکردنی کاتی ئازادیان فەرەهام بکەن، هاوکاتیش کار لەسەر لێهاتووی و توانای ئەوانە بکەن، کە ڕەنگە شانسیان هەبێت بتوانن بگەنە ئاستێکی باڵا لە بوارێکدا، وەرزش بە نمونە. گەشتنی لاوەکە بە ئاستێکی باڵا، بە زۆری بەشی ئەو هاریکاری و پشتیوانییەی ئاراستەی فەرمی تێدایە. بۆ نمونە لە وەرزشدا گەشتن بە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان و دەستکەوتەکان، خەڵاتێکی گەورەیە هەم بۆ کەسەکە و هەم بۆ ئەو یانە و وڵاتەی نوێنەرایەتی دەکرێت.

لە عێراق هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە. لاوان نەک هیچ هاوکاری و پشتیوانییەک ناکرێن، بەڵكو تەنانەت ئاستەنگی و بەربەستی زۆر لە بەردەم خولیا و ئارەزووەکانیان و بەدیهێنانی خەونەکانیان دروست دەکەن. تەنانت جێگەی گونجاو بۆ کاتی ئازادانەی لاوان زۆر کەمە. بەنمونە لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان یاریگایەکی تۆپی پێ، کە لاوان مەشقیان تێدا دەکرد و کاتیان تێدا دەبردە سەر، کردە جێگەی پارکی ئۆتۆمبێلی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان. لاوان تەواو لەسەر ئەرکی خێزانیان و توانا و لێهاتووی خۆیان هەوڵ دەدەن، تا بگەنە ئاستێکی باڵا. لەگەڵ گەشتنیان بە ئاستێکی باڵا و بەدەستهێنانی نازناوێک، ئەو کات دەسەڵاتداران دێنە مەیدان و پاداشتی یاریزانان دەکەن بە خەڵاتی جۆراوجۆر. واتە دەسەڵاتداران ئەرکێک بۆ خۆیان نابینن، بە شێوەیەک پاڵپشتی بەدیهێنانی خەون و ئارەزووی لاوان بن، تەنها لە کاتی دەستکەوتدا دەردەکەون.

خاڵێکی تر، کە بۆ دەسەڵاتداران مایەی شەرمەزارییە ئەوەیە، کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە هێز و لایەنە سیاسییەکانی دەسەلات لەعێراق، لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەب و قەومی و ئەتنیکی سیاسەتیان داڕشتووە. گوایە نوێنەری مەزهەب و قەومی خۆیان دەکەن و لە بەرانبەر ئەوانەی تری خراپەکاردا دەوەستنەوە. ململانێ و ڕکابەری قەومی و مەزهەبی لە لایەن ئەم لایەنە سیاسییانەوە گەێندراوەتە ئاستێک، کە خەریکە لە عێراق هاولاتی نامێنێت، بەڵکو نوێنەری مەزهەب و قەومە جیاوازەکان بوونی دەبێت.

بەڵام تەواوی هەڵبژاردەی عێراق یاریزانەکانیان لە نێو تەواوی ئەو بەشانەن، کە حزبە سیاسییەکان دەیانەوێت لەسەر بنەمای قەومی و مەزهەبی دابەشیان بکەن. بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکدی هەبێت، هەموویان پێکەوە بۆ هەمان ئامانج کار دەکەن. ئەم یاریزانانە خۆشیەکیان بۆ کۆمەڵگای عێراق هێنا، بە هەموو بەشەکانی و چین و توێژە جیاوازەکانیەوە، کە دەسەڵاتداران بە هیشچ شێوەیەک لە بیست ساڵی ڕابردوودا لێوەی نزیک نەبوون و لەدەستیشێان نایەت. یاریزانان و هەڵبژاردەی عێراق شتێکی تەواو جیاوازیان نیشاندا، و ئەوەیان خستەڕوو، کە دەسەڵاتدارانی عێراق پەیوەندیان بە کۆمەڵگاکەیانەوە نییە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە