Home بیروڕاشرۆڤەکارانی ناسیونالیزمی کورد بۆ پشتیوانی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن…

شرۆڤەکارانی ناسیونالیزمی کورد بۆ پشتیوانی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن…

by admin
0 کۆمێنتەکان 6 بینینەکان

عەبدوڵا مەحمود:   
ئەگەر سەرنج بدەینە لێدوان و شرۆڤەکارانی ناسیونالیزمی کورد لە پەیوەند بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئیران، ئەوا دەتوانین بلێین زوربەی هەرە زۆری نووسەر و لێکۆڵەر شرۆڤەکار و دیدی زاڵی ئەو بەرنامانەی بۆ لێکدانەوەی هۆکارەکان، ئامانجەکان، لێکەوتەکان، ئاییندی جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ، تەرخان کراون، لە بەرەی بەرگری لە ئەمریکا و ئیسرائیلدان.
دیارە گومان لەوەدانییە کە رژێمی ئاخوندەکانی سەرمایە لە ئیران، یەکێک لە هارترین و سەرکوتگەرترین رژێمی سیاسییە، کە سەرچاوەی هەڵاواردن و بیمافی و گرانی و بیکاری و نەبوونی و پایماڵکردنی سەرەتاییتری مافەکانی مرۆڤە. بەرگریکردن لەم رژێمە، بەرگریکردنە لە رژێمێک کە نزیک بە پینج دەهەیە، ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و خەڵکی بێبەشی ئیرانی کردۆتە دۆزەخ، هەموو داواو داخوازییەکی سیاسی و ئینسانی و سەرەتاییترین ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مافە فەردی و مەدەنییەکانی بە توندترین شیوە وەڵامداوەتەوە، سەنگسار و سێدارە و سەرکوتی سیاسی بۆتە ناسنامەی ئەم رژێمە، بەڵام کارنامەی ئەم رژێمە کە سەرچاوەی لە سیستەمی سیاسی و ئابوری و سەرمایەداری ئیراندایە، رەوایەتی نادات بەهیچ وڵات و دەوڵەتێکی تر، لە ژێر هیچ پاساوێکدا، هیرشی سەربازی بکاتە سەر خەڵکی ئیران و ژیرخان و بنەماکانی ئەم وڵاتە و سەرچاوەکانی وزە لەبەین بەرێت و شەلم کوێرم بەر ببێتە گیانی خەڵکی ئێران و وێرانی بکات. روبەرووبونەوەی درندەیی و سەرکوتی رژێم و بەدیهێنانی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و مافی رەوای پیشێلکراوی سیاسی خەڵک، کاری خودی خەڵکی ئیران و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە، بزوتنەوەیەک کە تەمەنی روبەرووبونەوەی هاوکاتە لەگەڵ هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی نەنگینی جمهوری ئیسلامی.
ئەمریکا و ئیسرائیل وەکو دوو دەوڵەت کە هەم لە جینۆسایدی ئینسان و بەکار‌هێنانی چەکی ئەتۆمی و کاولکاری و جەنگ وەریخستن و دەستوەردانی سیاسی لە ئاستی دنیادا، وێنەیان نییە، فریادرەس نین، هەڵگری ئاڵای رزگاری هیچ ماف و خواستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەهیچ گۆشەو کەنارێکی دنیادا نیین و نەبوون. بۆ رزگاری خەڵک لە دیکتاتۆریەت و سەرکوت و بۆ خستنی دیکتاتۆرەکان دەستوەردان و جەنگ وەێ ناخەن، بۆ بەرگری لە پرانسیبە ئینسانی و تەنانەت بۆ بەرگری لە پەیماننامەو بەڵگەنامەو ڕیکەوتنە جیهانیەکان کە خۆشیان واژۆیان کردووە، جەنگ ناکەن و دەستوەردانی سیاسی و ئابوری و سەربازی ناکەن، رۆڵی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوشیوەکانی لە روسیا و چین و رۆڵیك نییە بۆ بەرگری لە ئینسان و ئازادی و خۆشگوزەرانی و هینانی ئاشتی و ئاسودەیی و ئارامی. هەموو جەنگەکان و دەستیوەردانەکانیان لە ئاستی دنیادا جگە لە کارەسات و کاولکاری و بەرگری لەو رژێمانەی دەستیان تا ئەنشیک لە خوێنی هاوڵاتیاندا سور بووە، کارێکی تر نەبووە، ئەوان بەدوای بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی و ستراتیجیەکانی خۆیانەوەن، بۆ باڵادەستی و دزینی دەسترەنجی چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەت. ئەم بلۆک و جەمسەر جیهانیانەی سەرمایە دریغیان لە چوونە پشت رژێمە دیکتاتۆرەکان، کۆنەپەرستەکان لە لایەک و بۆ وەستانەوە بەرووی شۆرش و جوڵانەوە ئازادیخوازەکان نەکردووە. تاڵیبان و ئەحمەد شەرعەکان و هیزگەلی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئەولادی شەرعی ئەمریکا و غەربن. خودی خومەینی دیاری و ئەولادی شەرعی ئەمریکا غەرب و کۆنفرانسی گۆدالۆپی فەرەنسایە بۆ سەرکوتی شۆرشی ئێران. تاڵیبان دیاری دوبارەی دەستی ئەمریکایە بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا، دوای ٢٠ ساڵ لەجەنگ لە دژیان. ئەحمەد شەرع ئەولادی شەرعی دیموکراسی و ئەمریکا و غەربە. عێراقی ژیر سایەی دەستەجاتی قەومی و دینی و مەزهەبی و دەیان سەدام حسێنی بچکۆلە، دیاری جەنگی ئەمریکاو غەربە.
بەو راستییە ئەزموونکراوانەوە، زوربەی نووسەری و شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی لە جەنگی ئیستادا بە زمانی نۆکەر پیشەکانی جەنگ و مۆڵەتپیدراوەکانی کۆشکی سپی و ئیسرائیلەوە دەدوێن و شرۆڤەی رۆژانەی جەنگ دەکەن. هۆکار و پاڵنەری پشت ئەوەش بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی ریکخراوەی و تەلاری حزبدان، ئەوەیە کە سەرباری نیگەرانی رەخنەی کرچ و کاڵ و روکەشیان لە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە هەمان بازنەو چوارچیوەی ئاسۆی بزوتنەوەی کورردایەتیدا پەل و پێ دەکوتن. بەشیکیشیان خۆیان پارچەو ئامێری ئەو هیزە تاڵانچی و مافیایی و بنەماڵەییەن و بەرگری لەو دەسەڵاتە دەکەن.
دید و روانگەی ئەم خێڵە!! لە نووسەر و شرۆڤەکارانی سیاسی، لەئاسۆی سیاسی بزوتنەوەی ناسیونالیست و نەتەوەپەرستی کورد واوەتر ناڕوات. بۆیە پارچە پارچە بوونی هەزاران ئینسان و مناڵی تازە چرۆکردوو، وێرانبوونی وڵاتێک و ئاییندەکەی و دارمانی هەموو شتێک تەنها بەو هۆکار و پاڵنەری نەتەوەپەرستی پاساو دەدەن و بەکردەوە رەوایەتی بە جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران دەدەن و تەنانەت ئامادەن رۆژانە درۆ بهۆننەوە بۆیان. بروایان بە چارەسەری پرسی کورد و خەڵکی کوردستان، لە ڕێگای شۆرش و بەرەنگاری شۆرشگێرانە، هاوپشتی و هاوچارەنووسی لەگەڵ خەڵکی ناکورد زمان نییە و تەنانەت بروایان بە ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان بۆ دەستراگەیشتن بە مافە سیاسییەکان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان نییە، لە جێگای ئەوە ئومیدیان بە بۆمب و چەکی وێرانکار و کەشتی جەنگی و تەنانەت چەکی ئەتۆمی هەیە بۆ رزگاری… ئەو لێکدانەوە و شرۆڤانەی لەم جەنگەدا دەیکەن بەشیکی تر و دیویێکی تری بۆمب و وێرانکارییە، کە پێچەوانەیە بە هەموو بەهایەکی ئینسانی و ئازادیخوازنە و دژە جەنگە، کە بەشیکی یەکجار زۆر لە خەڵکی دنیا و نووسەر و شرۆڤەکاری ناوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی وەستاونەتەوە و بەئەرکی خۆیانی دەزانن راستیەکانی جەنگ و ئامانجەکانی لە ژێر تەپ و تۆزی میدیای رەسمی و کرێگرتە دەربهێنن.
بەڵێ بەشی هەرە زۆری نووسەر و شرۆڤەکارانی ناسیونالیزمی کورد، پشتیوانی لە جەنگ و وێرانکاری لەدژی خەڵکی ئێران دەکەن و بەزمان و دیدی جەنگخوازی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەدوێن. رەوایەتی بۆ پاساوە پوچەکانی جەنگ دەهێنەوە. مامۆستایانی زانکۆی شرۆڤەکار، نەک تەنها پشتیوانی لەوە دەکەن کە ژێرخانی ئابوری و سەرچاوەکانی نەوت و وزە وێران بکرێن، بەڵکو وێژدانی تۆپیویان ڕیگەیان پێدەدات، داوای ئەوە بکەن کە ئاو و کارەبا و قوتابخانەو بنکەی تەندروستی وخەستەخانە، باخچەی ساوایان و نان و قوتی خەڵکی بێدەرەتانی ئیران، وێران بکرێت… تا گوایە لەو ڕێگایەوە “ڕەگی هاری” هاوڵاتیان بجوڵێت و بێنە سەرجادە و خواستی ترەمپ و نەتانیاهۆ بۆ دەستبردن بۆ راپەرێن!!، مەیسەر ببێت. بێئاگا لەوەی ئینسانی ژێر سایەی چەک و شەڕ و بۆمباباران و وێرانکاری، تاکە ویستی دەبێتە مانەوەی فیزیکی و جەستەیی و پارێزراوبوونی ماڵ و حاڵ و شوێنی نیشتەجێ بوونی. ئەم بەشە لە ویژدان تۆپیوانی جەنگ جگە لە پوچی لێدانەوە و شرۆڤەکانیان، جگە لە کورتبینی و توتی ئاسا وتنەوەی لێدوانی تۆمەتبارانی جەنگ و دەزگای پان و پۆرێ راگەیاندنیان بۆ وێرانکردن و شیواندنی رای گشتی، لە دیدی ئەوەی لەوانەیە “کورد” کە مەبەستیان بەشداری نوێنەرانی بۆرژوازییە لە دەسەڵاتی داهاتووی ئێستا و داهاتووی ئێراندا، دەرفەتی بەشداری لە دەسەڵاتیان بەنسیب بێت. بەو لۆژیکە نائینسانییەوە لاشەی هەزاران ئینسانی لە خوێن هەڵکێشراوی ژێر خانوو و باڵەخانەی داروخاودا نابینن، کاولکاری و وێرانبوون نابینن. بەهەزاران ئینسانی بیدەست و قاچ و کەم ئەندامی بۆمب و ساروخەکان نابینن. وێرانبوونی کۆمەڵگەیەک و داهاتوویەکی سەخت نابینن. بۆیە ستایشی جەنگ و بەردەوامییەکەی دەکەن و هەر ئێستا قەڵسن لەوەی ئاگر بەستێک هاتۆتە ئاراوە.
٩/٤/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە