Home بیروڕاپەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جیهانییەکان دژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران!

پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جیهانییەکان دژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران!

by admin
0 کۆمێنتەکان 5 بینینەکان

توانا محمد نوری: 
هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستیپێکرد، ئەم هێرشە جیهانی خستە ناو قۆناغێکی زۆر مەترسیدار. ئەم شەڕە، بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە ڕۆژئاوا و تەنانەت لە ناوخۆی ئیسرائیلیش. خەڵک ئیتر بۆ ئەوە نایەنە سەر شەقام کە ڕێگە لە شەڕ بگرن، بەڵکو دەیانەوێت ئەو ئاگرە بکوژێننەوە کە خەریکە هەموو ناوچەکە و ئابووری جیهانیش دەسوتێنێت. بەپێی داتاکانی پرۆژەی داتای شوێنی ململانێ و ڕووداوە چەکدارییەکان(ACLED)، لە نێوان ٢٨ی شوبات و ٦ی ئازاری ٢٠٢٦، زیاتر لە ٩٩٠ خۆپیشاندان لە هەموو جیهاندا ڕوویانداوە، کە هەندێکیان دژی حکومەتی ئێران بوون و هەندێکی تریش دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون.
لە ئەمریکا، دیمەنی خۆپیشاندانەکان زۆر گۆڕاوە و بووەتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی قووڵ. لەو کاتەوەی یەکەم چەخماخەی شەڕ لە کۆتایی شوباتدا لێدرا، شەقامەکانی واشنتۆن و نیویۆرک پڕ بوون لەو هاوڵاتیانەی کە دژی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی سەربازانی ئەمریکین لەم جەنگەدا. ڕاپرسییەکان نیشان دەدەن کە زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا دژی ئەم شەڕەن؛ بەپێی ڕاپرسییەکی CNN و PBS لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦، ٥٩%ی ئەمریکییەکان دژی هێرشەکانن بۆ سەر ئێران و ٥٦%یش دژی هەر کردارێکی سەربازین. تەنها ١٢%ی خەڵک لەگەڵ ناردنی هێزی وشکانین بۆ ئێرانن. چالاکوانان داوا دەکەن کۆشکی سپی دەستبەجێ بودجەی فریاگوزاریی سەربازی ڕابگرێت و پارەکان بۆ خزمەتگوزاری ناوخۆیی بەکاربهێنێت، چونکە پێیانوایە ئەم جەنگە ئەمریکا بەرەو قەیرانێکی تر دەبات، هاوشێوەی ئەوەی لە ڤێتنام و عێراق ڕوویدا.
لە پاریس، لەندەن، بەرلین و ڕۆما ملیۆنان کەس ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ترسیان لەوەیە کە ئەم جەنگە ببێتە سەرەتای جەنگی جیهانی سێیەم. لە ٧ی ئازاری ٢٠٢٦، زیاتر لە ٥٠,٠٠٠ کەس لە لەندەن خۆپیشاندانیان کرد دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ڕاپرسییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا دژایەتییەکی بەرچاوی ئەم شەڕە نیشان دەدەن. بۆ نموونە، لە ئیسپانیا ٦٨%ی خەڵک دژی هێرشەکانن و ٥٧%یش پشتگیری بێلایەنی حکومەت دەکەن. لە ئیتاڵیا، ٥٦%ی بەشداربووان دژی تێوەگلانی سەربازین و ٤٨% پێیانوایە حکومەت دەبێت بێلایەن بێت و ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت. لە ئەڵمانیا، ٥٨%ی خەڵک پێیانوایە جەنگەکە ڕەوا نییە و ٧٥%یش نیگەرانن لە بڵاوبوونەوەی جەنگەکە، هەروەها متمانە بە ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دابەزیوە و گەیشتووەتە ١٥%. لە بەریتانیاش، ٤٩%ی خەڵک دژی هێرشەکانن و ٥٨%یش دژی بەکارهێنانی بنکەکانی هێزی ئاسمانی شاهانەن بۆ هێرشەکانی ئەمریکا.
ئەوروپییەکان کە ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی وزە و سووتەمەنی دوای ٢٨ی شوبات ناڵەیان لێ هەستاوە، فشارێکی توند دەخەنە سەر یەکێتی ئەوروپا تا ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی زیاتری جەنگەکە بۆ سەر خاکی کیشوەرەکە.
بەڵام ڕەنگە جیاوازترین و گرنگترین ناڕەزایەتی لە ناوخۆی ئیسرائیل ببینرێت. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، کۆمەڵگەی ئیسرائیلی تووشی دابەشبوونێکی گەورە بووە. لە سەرەتای جەنگەکەدا، پشتگیری بۆ شەڕەکە لە ئیسرائیل زۆر بەرز بوو، بەجۆرێک کە لە دوو هەفتەی یەکەمدا زیاتر لە ٨٠%ی ئیسرائیلییەکان پشتگیرییان دەکرد. بەڵام ئەم پشتگیرییە بە تێپەڕبوونی کات کەمیکردووە. لە تەلئەبیب و قودس، هەزاران کەس دژی سیاسەتە سەربازییەکانی حکومەت دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە. لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٦، زیاتر لە ١,٠٠٠ خۆپیشاندەر لە تەلئەبیب کۆبوونەوە، کە نیشانەی کەمبوونەوەی پشتگیرییە بۆ ململانێی بەردەوام. پۆلیس ١٨ کەسی لە شارەکانی تەلئەبیب، حەیفا و قودس دەستگیرکردووە. خۆپیشاندەران دەڵێن ئەم جەنگە نەک هەر ئاسایشی نەهێناوە، بەڵکو ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی خستووەتە ژێر هەڕەشەی موشەکی و ناسەقامگیرییەکی هەمیشەیی، و داوای ڕێککەوتنی سیاسی و ئاگربەستی خێرا دەکەن.
ئەم جوڵانەوە جیهانییە نیشانەی ئەوەیە کە ویژدانی گشتی چیتر بەرگەی جەنگی وێرانکەر ناگرێت. دروشمەکان لە هەموو شوێنێک یەک دەنگن: “ئەم جەنگە هی ئێمە نییە”. جیاوازیی ئەمجارە ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکانی جیهانیش هەبووە؛ مانگرتنی کرێکارانی کەرتی گواستنەوە و وزە لە چەندین وڵاتی ئەوروپی، پەیامێکی ڕوونە بۆ سەرکردەکان کە بەردەوامیی ئەم جەنگە تێچوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆر گەورەی دەبێت. لایەنی ئابووری بووەتە بزوێنەری سەرەکی بۆ خەڵکی چینە مام ناوەند و هەژارەکان. لەگەڵ هەر ڕۆژێکی تێپەڕبوونی ئەم جەنگە، هەڵاوسان لە ئەمریکا و ئەوروپا ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت. بەرزبوونەوەی ١٠% لە نرخی نەوت دەتوانێت هاوسەنگیی ژمێریاریی وڵاتان بە ڕێژەی ٤٠-٦٠ خاڵی بنچینەیی تێکبدات. هەروەها، ٢٥% بۆ ٣٠%ی نەوتی جیهان کاریگەریی بە ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبێت. ئەمە وایکردووە کە ناڕەزایەتییەکان تەنها ڕەهەندی مرۆییان نەبێت، بەڵکو ببێتە کێشەیەکی ناوخۆیی بۆ حکومەتەکان کە چۆن وەڵامی هاوڵاتیانی خۆیان بدەنەوە کە نایانەوێت باجی جەنگێکی دوورەدەست بدەن.
سۆشیاڵ میدیا لەم قۆناغەدا بووەتە بەرەیەکی تری شەڕەکە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی ئاشتی. بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی وێرانکارییەکانی دوای ٢٨ی شوبات، وایکردووە تەنانەت ئەو کەسانەشی کە بێلایەن بوون، بێنە ناو ڕیزی ناڕەزایەتییەکان. ئەم پەیوەندییە خێرایەی زانیارییەکان، ڕێگەی نەداوە حکومەتەکان بتوانن جەنگەکە وەک “پێویستییەکی ئاسایشی نەتەوەیی” بە خەڵک بفرۆشنەوە و ڕووی ڕاستەقینەی کارەساتەکەی دەرخستووە.
لەکۆتاییدا، ئەم ناڕەزایەتییە فراوانە کە جیهانی گرتووەتەوە، تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ دیموکراسی و دەسەڵات. ئەگەرچی شەڕەکە لە ٢٨ی شوبات دەستیپێکرد، بەڵام مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەنگی شەقام و فشاری جەماوەری دەتوانێت گەورەترین ئامێرەکانی جەنگ پەکبخات. ئێستا چاوی هەموو جیهان لەسەر ئەوەیە کە ئایا سەرکردەکان گوێ لە هاواری ملیۆنان کەس دەگرن بۆ ئاشتی، یان بەردەوام دەبن لە نوقمکردنی جیهان لە ناو خوێن و وێرانکاریدا.
سەرچاوەکان:
1. Statista: Iran conflict and its 2026 escalation – statistics and facts
2. ACLED & Reuters: Protests sweep around the globe as war in Iran continues
3. CNN: CNN poll: 59% of Americans disapprove of Iran strikes
4. Anadolu Agency: Polls show majority of Europeans oppose US, Israeli strikes on Iran
5. IMF: How the War in the Middle East Is Affecting Energy, Trade, and …

لێدوانێک بەجێ بهێلە