Home بیروڕاتەنگەژەی ئەمریکاو ئێران و زەرورەتی ئاگربەست!

تەنگەژەی ئەمریکاو ئێران و زەرورەتی ئاگربەست!

by admin
0 کۆمێنتەکان 5 بینینەکان

نوری بەشیر:   
بەدوای نزیک بە ٤٠ رۆژ جەنگی خوێناوی و کاولکاری ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بە ئاگربەستی دوو هەفتەیی گەشتن. بەدوای دە رۆژ لە جەنگەکەدا، ئەمریکا لێدانی کاریگەری لە سەرانی جمهوری ئیسلامی دا بەتایبەت لەوانە کوشتنی خامنەئی کە کەسی یەکەم و بڕیاردەری هەموو شتێک بوو، وە پێیوابوو جمهوری ئیسلامی ئێران دەڕوخێت!، بەڵام ئەمە نەک رووینەدا، بەڵکو رژێمی ئێران دامنەی جەنگەکەی بۆ ناوچەکە فراوانکردەوە، لەولاشەوە ناڕەزایەتی ئازادیخوازانی جیهانی بەڕووی ئەمریکادا فراون بۆوەو هەتا ناو کۆنگرێسی ئەمریکاو خودی حزبەکەی خۆدی ترامپیشی گرتەوە، بۆیە لێرەوە تەنگەژەیەکی گەورە رووی لە ئەمریکاش کرد.
بە نیسبەت جمهوری ئیسلامیەوە کە ئەم جەنگەو جەنگی ١٢ رۆژەی نەدەویست و هەر دەیویست وەک ٤٧ ساڵی رابردوو، پڕوپاگەندەی دژی ئەمریکاو ئیسرائیل بکات و ئەمریکا بەشەیتانی گەورە ناوزەد بکات و بانگەشەت سڕینەوەی ئیسرائیل بکات، و لە رێگای بەرەی مقاوەمەوە لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن، سوریاو عێراقەوە ئیدامە بەژیانی نەگریسی خۆی بدات، ئەمیش بەجیا لەوەی کە نەخشەیەکی گەورەی دەست پێکرد لە فراونکردنەوەی دامنەی شەڕەکە بۆ ناوچەکە، کە کاریگەری دانا لەباری سیاسی و ئابوریەوە لەئاستی ناوچەکەو جیهاندا، بەڵام تەنگەژەکەی کەمتر نەبوو لە هی ئەمریکا، ئەمە وایکرد هەردولایان واتە هەم ئەمریکاو هەم ئێران بە شوێن رێگایەکدا بگەڕێن بۆئەوەی لەم جەنگە دەرچن، بەڵام بە شکست بۆیان حساب نەکرێت.
ئەوەتا ئێستا کە بڕیاری ئاگربەستی ٢ هەفتەیی دراوە، لەسەر پێشنیازی ١٥ خاڵی ئەمریکاو ١٠ خاڵی ئێران، بڕیارە رۆژی هەینی ١٠ی ئەپریل لە پاکستان دابنیشتن، بەڵام هەر یەکەیان هاتوهاواری ئەوە دەکەن، کە لە جەنگەکەدا سەرکەوتون و هەریەکەیان بەم دەستکەوتانەیانەوە دەچنە دانیشتن، ئەمانە جیا لە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هیچی تر نیە، کە نازانرێ ئایا ئەم دوو لیستە جیاوازە چی هاوبەشی تێدایەو چۆن کۆیان دەکاتەوەو رێکیان دەخات.
بۆ ئەمریکا ئەو دەستکەوتەی کەباسی دەکات کردنەوەی گەرووی هورمزە، وەکو ئەوەی ئەم گەرووە ٤٧ ساڵە داخرابێت و ترەمپ و حکومەتی ئەمریکا بەم هەموو هێزە زۆرەی هێناویەتیە ناوچەکە، بە کاولکردنی ژێرخانی ئابوری و کوشتارو ئاوارەیی و ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵگەیەکی زیاتر لە ٩٠ ملیۆنی و نائارامی و ترس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەرووی هورمزی بکاتەوە.
بەڵام بەڕاستی ئایا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەم جەنگەدا، لە ئیسرائیل و سعودیەو قەتەرو وڵاتانێکی تر، هێرشیان بۆسەر ئێران بۆ گەرووی هورمز بوو، یان ئەوەبوو کە رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران رێگربوو لەبەردەم سیاسەتی ئەو هێزانەو لە پێشیناوە ئەمریکا لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا؟
ئایا بەم ئاگربەستە کە هێشتا دیار نیە دەگەنە چ ئەنجامێک لە رێكەوتن یان درێژەی جەنگ بەشێوەی تر، وەڵامی ئەو سیاسەتە دەداتەوە کە ئەمریکا بەشوێنیەوەیەتی، کە بۆی گرنگ نیە هەموو خەڵکی نەک تەنها ئێران ناوچەکەش لەژێر هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و ئێراندا بکەنە قوربانی و مەدەنیەتی کۆمەڵگە نەهێڵن و وەک ترەمپ دەڵێت کۆمەڵگەی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین.
ئەم ئاگربەستە ئەگەر بەرێکەوتن بگات یان نا، بەڵام بەڵای شەڕ بەسەر سەری خەڵکی ئێران و ناوچەکەوە کۆتایی پێناهێنیت! بەڵام راستیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە هەر حاڵەتێکدا، نە جێگاوڕێگای ئەمریکا وەک جەمسەرێکی جیهانی لەناو دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆدا کە دەیویست جێگاوڕێگایەکی گەورەی هەبێت، وە کۆکردنەوەی ئەوروپا لەدەوری سیاسەتی خۆی نەک ناتۆ، وەک خۆی نامێنێتەوە، وە جێگاوڕێگای جمهوری ئیسلامیش بەهەمانشێوە ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ٤٠ رۆژە.
ئەگەر لە ئاگربەستیاندا رێکبکەون کە بەپێی ئەو پیشنیازانەی هەریەکەیان هەیانە، لەوە دەچێت کەمتر بگەنە ئەوە، وە هەریەکەیان چەند هەڵای سەرکەوتن بکات، تەنیا سەرکەوتنیان لەبەرامبەر خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی ئێراندایە، هەم ئەمریکا جڵەوی بۆ شلدەکات بۆسەرکوت و کوشتار، هەم جمهوری ئیسلامیش لەمڕۆی ئاگربەستەوە بۆ سەرکوتی ناوخۆی ئێران خۆی ئامادە دەکات.
بەهەرشێوەیەک نەمانی بەڵای جەنگ بۆ خەڵك، لەبەرژەوەندی خەڵکی ئێرانە، هەرچۆن بێت لاچونی بەڵای ترس و کوشتارو ئاوارەیی و داروخانی ژێرخانی ئابوری و مەدەنیەتی کۆمەڵگایە، دەرگایەکە بەڕووی خەلكدا کە بتوانن بەرامبەر رژێمی دڕندەی جمهوری ئیسلامی ئێران دەستبکەنەوە بە خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان کە نموونەیەکی بزوتنەوەی پێشکەوتوو بوو لەناوچەکەدا بەدژی کۆنەپەرسترین و دڕندەترین رژێمی ئیسلامی لەناوچەکەدا، بێگومان لەهەلومەرجیکی وادا ریزی سەدان ملیۆنی ئازادیخوازی، مرۆڤدۆستی، کرێکاری و کۆمۆنیستەکانی دنیا لەپاڵ خەڵکی ئێراندایە، وەک ئەوەی لەپاڵ خەڵکی فەلەستین و کۆبانی و ئێراندا بووەو هەیە لەدەورەی رابردوو و ئێستادا.
با هەموو پێکەوە بەدژی جەنگ و کوشتارو کاولکاری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و رژێمی زیندان و لەسێدارەدانی جمهوری ئیسلامی رابوەستین.

لێدوانێک بەجێ بهێلە