موحسین کەریم: 
هەڕەشەی ترامپ بۆ گێڕانەوەی ئێران بۆسەردەمی بەرد، ئەگەر رژێمی ئێران ملکەچی داخوازیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل نەبێت و خۆی ڕادەست نەکات، نیشانەی ئەوپەڕی ملهوڕی و شەقاوەچێتی باڵاترین دەستگای فەرمانڕەوای دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکایە، کە لە سەردەمی قەیرانی سەختی سیستەمی سەرمایەداری مۆنۆپۆڵی- ئیمپریالیستی ئەمریکادا بەشێوەیەکی تایبەتی و سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا بەشێوەیەکی گشتی، خۆی نمایش دەکات!
جڵەوپچراندنی ترامپ و کابینەی حکومەتەکەی و پشتیوانی بێمەرجی ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی سەر بە حزبەکەی لە ترامپ و کابینەکەی، ئەوە دەردەخات کە ئەوە تەنها ترامپ و چەند وەزیرێکی توندەڕو نین هەڕەشەی لەناوبردنی کۆمەڵگایەکی ٩٠ ملیۆنی دەکەن، ئەگەر رژێم و حکومەتەکەی ئاڵای سپی لە جەنگەکەدا بۆ ئەمریکا هەڵنەکات، بەڵکو بۆرژوازی ئیمپریالیستی و ئیحتکاری ئەمریکی، لە پەلەقاژەی راگرتن و هێشتنەوەی هەژمونی خۆی بەسەر دنیادا، لە سەردەمێکدا کە بەڕوونی جەمسەرە ئیمپریالیستیەکانی دیکەی سەرمایەداری خەریکن ئەم هەژمونیە تێکدەشکێنن، دەبێ هێزی وێرانکەری سەربازی و تەکنۆلۆژی خۆی بەکاربهێنێ کە دەیان ساڵە بە تریلیۆن دۆلاری تێدا خەرج کردوە، تا ئەو باڵادەستیەی بەسەر دنیادا کە دوای شەڕی دوەمی جیهانی بەدەستی هێنابوو، لەدەست نەدات! ئەوەی نوێنەرایەتی ئەم ئاراستەو ئەم زەرورەتە دەکات ترامپ و ترامپیزم و ئەو هێڵەیە کە ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن.
ترامپ بە ئاشکرا دەڵێت ئێمە باشترین چەکی وێرانکەرمان هەیە، باشترین هێزی سەربازیمان هەیە، باشترین تەکنۆلۆژیای جەنگی و سەربازیمان هەیە! ئەم قسانە ڕووی لە ڕوسیا و چینە نەك ئێران. هەڕەشەی وێرانکردنی ئێران، پەیامە بۆ چین و ڕوسیا کە بیر لەوە نەکەنەوە دەوری پۆلیسی جیهان لە ئەمریکا وەربگرنەوە! خەرجکردنی تریلۆن دۆلار بۆ بودجەی سەربازی و کردنەوەی سەدان بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پانتایی دنیادا، لە ووشکانی و لە دەریا و زەریاکاندا، بەرپاکردنی دەیان جەنگ لەمسەری دنیا تا ئەوسەری، دروستکردنی ئاژاوەو دەستێوەردان لەکاروباری سیاسی دەیان وولاتدا، سەپاندنی گەمارۆی ئابوری بەسەر هەر ووڵاتێکدا کە ملکەچی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نەبێ، پشتیوانی بێدرێخی لە رژێمی زایۆنیستی مناڵکوژی ئیسرائیل و…. تاد. هەموو ئەمانە بۆ پارێزگاریکردنە لە باڵادەستی سەرمایەی مۆنۆپۆڵی ئەمریکی بەسەر ئابوری دنیادا لەپاڵ سەپاندنی هەژاری و بێمافی ئابوری بەسەر چینی کرێکاری و جەماوەری کەمدەرامەتی ئەمریکادا.
دەیان ساڵە ئەمریکا بەهێزی چەك و ملهوڕی سەربازی هەوڵی رێگریکردنی لە لێژبونەوەی باڵادەستی خۆی کردوە، ئێستا دواهەمین ساتەکانی ئەو قۆناغەیە. هەم جەمسەرە ئیمپریالیستیەکانی دیکە سەریان بەرزکردۆتەوەو کۆتایی باڵادەستیی ئابوری- سیاسی- سەربازی و تەکنۆلۆژی ئەمریکا و سەرمایەی ئەمریکی دەستی پێکردوەو هەم لەناوخۆی ئەمریکاشدا، دەنگی کرێکارو زەحمەتکێش بەرامبەر بە ئۆلیگارشی بۆرژوازی بەرزتر بۆتەوەو نایانەوێ چەندین دەیەی دیکە باڵادەستی سەرمایە و کۆمپانیا ئەمریکیەکان بەسەر ئابوری و بازاری جیهاندا لەسەر حسابی برسێتی و بێخانەولانەیی و بێخزمەتگوزاری تەندروستی و بیمە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوان بچێتەپێشەوە!
ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا لەنێوان دوورێیانێکدا گیریان کردوە. بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە نەیارە لاوازەکان، بۆ ترساندنی نەیارە بەهێزو سەرەکیە ئیمپریالیستیەکانی بووەتە زەرورەت، بەڵام ئاکامەکەشی دەکرێ زۆر زیانبەخش و مەترسیدار بێت بۆ خودی ئەمریکا! ئەمریکا، بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیلدا تەواوی هێزی خۆی، بێجگە لە ئەتۆمی دژی ئێران بەکارهێناوە. وەکو خۆیان دەڵێن هیچ ئامانجێکی سەربازی نەماوە کە وێرانیان نەکردبێت. بەشێکی بەرچاوی سەرکردە پلە یەکەمەکانی رژێمی ئێرانیان کوشتوە، بەڵام هێشتا رژێمی ئێران تەسلیم نەبووەو بەرگری دەکات!
ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆسەر ئێران قومارێکی خەتەرناکە بۆ ئەمریکاو ئەگەری دەرچوونی بەسەلامەتی لێی نیە، بەتایبەتی کە هەردوو روسیاو چین، ئەگەر ئەمریکا کارێکی لەوجۆرە بکات، هەول دەدەن لەناو زەلکاوی جەنگی ئێراندا گیری بکەن! ئەوەی ماوەتەوە بۆ ئەمریکا وەکو زلهێزێکی ئیمپریالیستی و بۆ ترامپ و کابینەکەی، یان دەبێ ئێران و رژێمەکەی قبوڵ بکەن و سازشی لەگەڵ بکەن، یان دەبێ ئاخرین کارتی هێزیان دژی ئێران، واتە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، ڕاکێشن. ئەوەش تەنها ئەگەرێکە کە دەکرێ لەناو دێڕەکانی قسەکانی ترامپدا بۆ گێرانەوەی ئێران بۆسەردەمی بەرد، دەربکێشرێت! ئەگەری یەکەم مانای ملدانی ترامپ و دەستەی فەمانڕەوای ئەمریکاو بۆرژوازی مۆنۆپۆڵی ئەمریکیە بەو واقعیەتەی کە ئیتر سەرمایەی ئەمریکی ئابوری یەکەم و دۆلاریش پادشای دراوی جیهانی نیە! دەوری پۆلیسی جیهانی ئەمریکاش بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەگەری دووەمیش مانای کێشکردنی جیهانە بۆناو شەڕێکی وێرانکەر کە هیچ کەسێك ناتوانێ پێشبینی ئاکامەکانی بکات!
تەنها یەك هێزی دیکە، یەك بزوتنەوەی دیکە، دەتوانێ هەموو ئەو ئەگەرانە قڵپ بکاتەوە و ئاراستەیەکی دیکە بخاتەبەردەمی مرۆڤایەتی، ئەویش چینی کرێکاری جیهانی و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و مرۆڤدۆستی جیهانە کە هەرئێستا بەرامبەر بە جەنگ و ملهوڕیەکانی ئەمریکاو جەمسەرە ئیمپریالیستیەکانی خەریکە پشتی ڕاستدەکاتەوە و بەرەو ئەوەدەچیت نمایشی هێزی خۆی بکات!
هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیەتێك!
4
