6
دلێر محەمەد:
دلێر محەمەد:مەرگی غەزاڵ لە بەر دەستی پزیشکەکانی سلێمانیدا:
ساڵی ٢٠١٠و، دوای دە ساڵ تلانەوە بە دەست نەخۆشییەکەوە، کەوتمە بەر دەستی دکتۆرێکی نەرویجی، لە نەخۆشخانەیەکی نەرویج-دا. دەرمانێکی نوێی گرانبەها، وەکو ئەفسانەی چارەسەری ئەو نەخۆشییەی من، هاتبووە گۆڕێ. بۆ ئەوەی دکتۆرەکە ئەو دەرمانە بداتە من، شەڕی مافی مانەوەی لە گەڵ تەواوی بەڕێوەبەرایەتی بێگانەکان کرد. هەڵبەت، ئەو دکتۆرە ڕێزی بۆ ئەو سوێندە دادەنا کە خواردبووی بەوەی نەخۆش تیمار بکات، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ دەرهاویژتەو دەرئەنجامێک. لەکاتێکدا، ئەیتوانی بڵێت: من پەیوەندیم بە کەیسی یاسایی تۆوە نیە، بمبوورە، ئەو دەرمانە بە تۆ نادرێت! ئەمە بۆ خۆی ئاکارە، مۆڕاڵە و پرنسیپە.
غەزاڵ مەولانی کچە شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتم، هەزار جار شایەنی دکتۆرێک بوو کە خاوەن مۆڕاڵ و ئاکار و پرینسیپە پزیشکییەکان بێ. بریا دکتۆر بوومایە و ئەو ئەرکەم لەو شوێنەدا بکەوتایەتە ئەستۆ، و دە ساڵ زیندانی بکرامایەو غەزاڵ یان هەر بریندارێکی دیکە نەکوژرایە. بەڵام، وا دیارە ئەو دکتۆرانەی غەزاڵیان هاتە بەردەم، نە ئاکار و نە مۆڕاڵ و نە خاوەن پرنسیپی پزیشکیش بوون!
پەیوەندی خوێنی لە نێوان ڕۆژهەڵات و سلێمانی-دا!
تا ئێرە، هیچ گوومانێکم لەو دەربڕینەی خۆم نیە، بەڵام کەیسێکی دیکە هەیە کە گەلێ لەم کەیسە گەورە و گرنکترە، کە ئەویش کەیسی پەیوەندی خوێنی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵات و بەشە باشوری ژێر دەسەڵاتی یەکێتییە!
ئەم پەیوەندییە خوێنییە، ستراتیژییە، خزمایەتییە، کولتورییە، مێژووییە، خەریکە وردە وردە ئەبێت بە دوژمنایەتی. دوژمنایەتییەک قووڵتر لەوەی لە نێوان کورد لە گەڵ فارس و تورک و عەرەب هەیەتی. کار گەیشتووە بە ڕادەیەک کە زۆرینەی هەرە زۆری برایانی ڕۆژهەڵات کە ناوی سلێمانی و سنوری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ئەهێنی، یەکڕاست ئیتیلاعات و جاش سیغە و عاشق بە ویلایەتی فەقیە و عەمامەکەی خامەنەیی بیرئەکەوێتەوە. لەولاشەوە، هەرچی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە، برایانی ڕۆژهەڵات لە بەرەی پارتی و بندیوار و کۆیلەی ئەو بەر ئەبینن، و لە پەرچەکردارێکی بەردەوامن لە دژی یەکتری، و زۆر بە تایبەتی لە سۆسیال میدیا-دا. خۆ ئەگەر هۆشمەندانی هەردوولا بە پەلە و بێ دواکەوتن نەکەونە بەینەوە، ئەوا ئەم نێوانە بەرەو ئاقارێکی زۆر خراپ ڕێچکە دەکێشێت. چونکە هەندێ ژێی هەستیار هەیە بە لەرینەوەی ئاوازی نەشازی لە وێنەی دووبەرەکی ئەهێننە ئاراوە، کە کەس حەز بە بیستنی ناکات.
کێ هۆکارە و کێ سودمەندە؟
هەموو دوژمنە ڕاستەوخۆکان سودمەندی ڕاستەقینەن لە تێکچوونی ئەم پەیوەندییەدا، کە لێرەدا دوژمنی ڕاستەوخۆ پێناسەی ناوێ. تێکچوونی ئەم پەیوەندییە، سودی کاتی بە کلکەکانی دوژمن و سود بە خودی تاکەکەسی بڕیاردەر دەگەیێنن، و بە زەرەری گەورەی نەتەوەیی تەواو دەبن. پەیجەوان و ئەدمین و چالاکوانی قازانج ویستی بندیوار و خزمەتکارانی ئەجێندای جۆراوجۆری حزب و لایەنی جۆراوجۆریش، لە پێناو قازانجی حزبی و بنەماڵە دەستڕۆشتووەکان، سودمەندی لاوەکین و بەردەوام ئاو ئەخەنە ئەم ئاشەوە، و کەناڵی پەخش کردنی ئەم ژەهری دووبەرەکییەن. سەرکردە و بەرپرسی نابەرپرسی حزب و لایەنەکانیش لەوانەن کە دەبنە هۆکاری پەخش کردنی ئەم ژەهرە، بۆ ڕاکێشانی سۆزی کوردانی ڕۆهەڵات، هەمیشە بۆدجەی زەبەلاح لە میدی و سۆشیال میدیا لەم ژەهر ڕشتنە سەرف دەکەن.
بۆچی ئەم چیرۆکی ناکۆکی و دووبەرەکییە سەر دەگرێت؟
ململانێی جووت حزبی دەسەڵات، لە ساڵی ١٩٩٤وە تا ئەمڕۆ، دەرهاویژته و دەرئەنجامە خراپەکانی بەردەوامە. دەرئەنجامە خراپەکانی چوار ساڵی یەکەمی شەڕی خوێناوییان، زۆر کەمتر بوون لەو دەرئەنجامانەی سەردەمی جەنگی ساردی نێوانیان، هەتاوەکو ئەمڕۆش. لێدانی بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە، لە لایەن ئێرانەوە، بەر لە ٣١ی ئاب، هەم سەرەتای دروستبوونی ئەم درزە بوو لە نێوان یەکێتی و کوردانی ڕۆژهەڵات، و هەمیش پارتی زەخیرەیەکی باشی دەسکەوت بۆ شەڕی ڕاکەیاندن و بیانوو هێنانەوە بۆ داوای هاوکاری له سەددام و ئەنجامدانی هێرشی سەر هەولێر، بە هاوکاری هێزەکانی گاردی کۆماری سەددام لە ٣١ی ئابدا. ئیتر، لەو ڕۆژەوە، زمینەی قووڵبوونەوەی ئەم ناکۆکییەو درزی نێوان ڕۆژهەڵات و دەڤەری سلێمانی لە ژێر چەتری یەکێتیدا فراوانتر دەبێت، و هەتا دێتیش کوردانی ڕۆهەلات دەچنە ژێر ڕکێفی پارتی و سیاسەت و ڕاکەیاندنەکانی.
چی ئەم درزەی قووڵتر و زەقتر کردەوە؟
لێرەوە، وردە وردە چەند کردە و جووڵە و پێشهاتێک یەک دەگرن، و بەرەکان بە تەواوی لە یەک جیائەکەنەوه، هەر بە کورتی: کوردانی ڕۆژهەڵات بە تەواوی باوەڕ بە چیرۆکی ڕاگەیاندنەکانی پارتی دەکەن، و بە تەواوی پشت لەوانەی یەکێتی ئەکەن. ڕیفراندۆم و بارزانی و ئاڵای کوردستان و ناکۆکی نێوان بارزانی و زۆرینەی شیعە (وەکو نوێنەری ئێرانی دوژمن بە ڕۆژهەڵات) له بەغدا، هێندەی دیکەش دڵی ڕۆژهەلاتییەکان بۆ لای پارتی و بارزانی ڕادەێشێ. نزیکبوونەوەی یەکێتی لە بەرەی دژ بە بەرەی پارتی (سوننە، بەعس، تورک)، هێندەی دیکە برا ڕۆژهەڵاتییەکان ڕائەکێشێت بەرەو لای پارتی. لە کوتاییشدا، ئەوەی بە تەواوی ئەم درزەی تەواو ترازان، مەسەلەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هێزەکانی یەزدان پەنا و پارێزگاری کەرکوک و کێشەی ناوچە لە دەست چووەکان بوو. هەموو ئەمانە لە سێبەری ڕاگەیاندنێکی شەق و شڕی یەکێتی، بەرانبەر ماکینەیەکی ڕاگەیاندنی زەبەلاحی پارتی و بۆدجەیەکی خەیاڵیش بۆ هێزێکی سێبەری سۆشیاڵ میدیا، کارێکی وەهای کرد کە بەر لە خۆیان برایانی ڕۆهەڵات بە بێ تەکلیف باوەڕ بە چیرۆک و ئەفسانەکانی پارتی بکەن.
ئەگەر لە هەمان ئەم وێنەیەدا جێگەی پارتی و یەکێتی و ڕۆهەڵات بە ڕۆژئاوا بگۆڕین، بە هەمان شێوە پەکەکە و یەپەگە و هەسەدەش کەوتوونەتە ژێر هەژموونی یەکێتییەوە، کە لێرە کەمتر جێگەی سەرنجن.
من ئەپرسم: خودایە، چ کارەساتێکە کەوا ئیمارەتی بابان و بادینان لە دابەشبوونیاندا بە سەر ڕۆم و عەجەمدا، و چ چاڵدێرانێکی نوێیە چەقۆی سەفەوی و عوسمانی خاکی کوردستان لە نێوان خۆیان قاش قاش ئەکەن!؟
چی بکەین باشە؟
نە سلێمانی و نە سلێمانییەکانیش هەموویان یەکێتییەکەی نەوەدەکانن، و نە یەکێتیش ئەم جاش سیغەیەیە کە پارتی بۆی وێنا کردوون. نە هەولێر و نە هەولێرییەکانیش هەمووی پارتین، و نە کوردایەتییەکەی پارتیش عەیارە بیست و چوارە، وەکو تێیگەیشتوون.
دەبێت ئێوەی برایانی ڕۆژهەڵات و کوردانی باشور لە دەڤەری سلێمانی لەو داوەی سۆشیاڵ میدیا و پەیج و پەیجەوانی بندیوار و کوردە مفتەخۆری ئەوروپا و ئەمریکا بێنە دەرێ، و لە هۆشمەندان و نووسەر و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵات و باشور، بە تایبەتی ناوچەی سلێمانی، دابنیشن و گفت و گۆی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ دابمەزرێنن، تاوەکو ئەو خوێنەی خەریکن تەڵخ و لێڵی ئەکەن، ئاڵ و سور تێکەڵ بە یەکتری بکەنەوە. دەنا، کەوتنە بەرەی پارتی و یەکێتییەوە ئەمانگەیێنێتە مریشکە ڕەشە، نەک کارەساتی لە مەرگی تراژیدی غەزاڵ بگرە، بە نوکتەیەکی ناوەختیش ئەکەوینە کوشت و بڕی یەکتری.
چی ماوە بیڵێم؟
درۆنی ئێرانی غەزاڵی جوانە مەرگ و هاوڕێکانی شەهید و بریندار دەکەن، خەریکین دوژمنە سەرەکییەکە لە بیر ئەکەین و بۆ تاوانبارە لاوەکییەکە، لە خەستەخانەکانی سلێمانی-دا ئەگەڕێین. لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا، هەرگیز نابێ لە لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو کەیسە کۆڵ بدەین، و ئەوەی کەمتەرخەمە ڕێسوای دونیا و قیامەت بکرێت.
16/04/2026
