Home هەواڵکابینەی ترس و تۆقاندن

کابینەی ترس و تۆقاندن

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 13 بینینەکان
دیار رزگار قادر:

لەسایەی کابینە پۆلیسیەکەی مەسرور بارزانیدا کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشە و مەترسی بۆتەوە، ئازادی ڕادەربڕین و قسەکردن و ڕەخنەگرتن لەحکومەت و حزبی دەسەڵاتدار، هەروەها ئازادی کاری ڕاگەیاندن و هەڵدانەوەی مەلەفەکانی گەندەڵی هێندە کەم بونەتەوە وەک بڵێی قەت لەکوردستان دەنگی ناڕەزایەتی نەبووە، حوکمڕانی لەسەردەمی ئەم کابینەیەدا مۆدێلێکی دکتاتۆری و تووندوتیژ بووە، ڕێگەی نەداوە هیچ کەسێک لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی خۆی ڕەخنە لەئەدای کارەکانی بگرێت.

هەر لەکاتی دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت، هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدا لێکدرانەوە کە کابینەی نۆیەمی حکومەت کابینەیەکی پۆلیسی دەبێت و چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان دەکەونە ژێر فشاری هەڕەشە و گرتن و لێدان، تەنانەت داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش بووە بەشێک لە کارە ناشرینەکانی ئەم کابینەیە.

لەسەردەمی دەسەڵاتی مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیران، زۆرترین ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی ترس و تۆقاندن بونەتەوە، زیاتر لە ٨٠ کەس تەنها لەدەڤەری بادینان خرانە زیندان و لەشانۆیەکی سیاسیدا حوکمدران، تا ئێستاش (شێروان شێروانی و قارەمان شوکری) لە زیندانن، لەسەر ڕەخنەگرتن لەم کابینەیە نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەبڕیاری مەسرور بارزانی لەهەولێرو بادینان داخراون و ڕێگە نادرێ پەیامنێر و وێنەگرەکانیان لەسنوری قەڵەمڕەوی پارتی کار بکەن.

مەسرور بارزانی بەهەمان ئەقڵیەتی ئەنجومەنی ئاسایش حکومەت بەڕێوەدەبات، هەرکەسێک ڕەخنەیەکی بچوک لەکارەکانی بگرێت بەلەشکرێک میدیاوە هێرشی دەکاتە سەر، تەنانەت چەندینجار هەڕەشەی داخستنی کەناڵێکی کردووە کەهی ئامۆزاکەیەتی، بەجۆرێک ئازادی ڕادەربڕینی قەدەغە کردووە کە هەزاران ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و نووسەر و ڕەخنەگر لەیەکتری دابڕاون وهەرکەس لەماڵی خۆیەوەڵ چاودێری ئەم ڕەوشە خراپەدەکات، گرووپە ڕەخنەگرەکان و ئازیداخوازەکانی لەیەکتری دابڕاندووە و سانسۆری خستۆتەسەر پەیوەندییەکانی گرووپە ناڕازییەکان.

تەمەنی ئەم شێوازی حوکمڕانیە درێژ نابێت و لەشوێنێکدا دەپچڕێت، مەسرور بارزانی خەیاڵی ئەوە دەکات کە کەشێکی ئارام بۆ حکومەتەکەی درووست بکات، بەڵام ئەم کەشە ئارامە بە تووندوتیژی و ترس و تۆقاندن درووست دەکات نەک بە پێدانی ماف بەو گروپ و کەسانەی ڕەخنەی لێدەگرن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە