Home بیروڕاپارتی بۆچی بایکۆت دەکات؟

پارتی بۆچی بایکۆت دەکات؟

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 9 بینینەکان

سەرتیپ جەوهەر:

لەكێبڕكێی سەرۆك كۆماردا پارتی سەركەوتو نەبو، سەرنەكەوتنەكەی پێشبینیكراوبو، كەچی نەیتوانی دەستبەرداربون لەو پۆستە بگۆڕێتەوە بەدەستكەوتێكی سیاسی لەگەڵ یەكێتیی! لایەنیكەم دەبو بیكاتە قوربانیی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم! ئەوەی جێگای رامان بو، پارتی كاندیدەكەی لەكێبڕكێی پەرلەمان نەكێشابویەوە خۆیشی بایكۆتی دانیشتنەكەی كردبو! 

لەهەڵبژاردن و ئالوگۆڕی پارێزگای كەركوك بەر لەچەند رۆژێك، دیسان پارتی بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد، بێئەوەی لەم بایكۆتە هیچی دەستكەوێت، كەوایە بۆچی بایكۆتیكرد؟

دوێنێش لەهەنگاوێكی نوێ‌ دا، فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانیی عیراق، تاكاتێكی نادیار بڕیاری بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانیدا، لەمەشدا تێنەگەیشتین مەنتق و لۆژیكی بایكۆتكردنی پارتی، لەچییەوە سەرچاوەی گرتوە؟ یان بەبایكۆتكردن چی دەستدەكەوێت؟ بەتایبەت دەبێ‌ لەوە تێگەن ئەگەر شیعە لەنێوان خۆیان رێككەون، بەدڵنیاییەوە لەسەر یەكێتیی و پارتی ناوەستن، حكومەت دروستدەكەن، كەوایە ئەگەر پارتی دەنگ بەحكومەتی شیعەكان نەدات، بەدڵنیاییەوە لەبەركەوتەی  (كێكی) حكومەت بێبەش دەبێت و گۆشەگیر دەبێت؟! وەك سەدرییەكانیشی پێناكرێت كە ئەگەر لەناو پەرلەمان نەبن، ئەوا بەشێكی شەقامی بەغدایان بەدەستەوەیەو دەتوانن لەڕێی خۆپێشاندانی شەقامەوە فشار لەحكومەت بكەن.

دەگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی پارتی بۆچی بایكۆت دەكات؟ وڵامی ئەم پرسیارە بێگومان لای پارتی خۆیەتی، بەڵام بایكۆتكردنی بەتەنهاو تاكەسوار لەوەناچێت هیچی لێ‌ شین ببێت، بەپێی خوێندنەوەی ئەم واقعە، رەنگە پارتی لەكاروان دوابخات و روبەروی دابڕانی سیاسی بكات.

لەدوای هەڵبژاردنی عیراق، چەندینجار نوسیم ئەگەر پارتی بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی سەرۆك كۆمار بباتەوە، هەرێم دەبێتە دو هەرێم و ئیدارە، خۆ ئەگەر یەكێتیش بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ پارتی سەرۆك كۆمار بباتەوە، ئەوا لەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم سەقفی داواكارییەكانی بەرز دەكاتەوە! بۆیە باشترین بژاردەی بەردەمیان رێككەوتنە، نەك عینادی. 

ئێستا كە یەكێتیی بەبێ‌ پارتی، سەرۆك كۆماری بردەوە، بەپێی زانیاریی و لێكدانەوە، سەقفی داواكارییەكانی بەرز كردۆتەوە، چەند رۆژێكیشە لەمیدیاكانی یەكێتیی بەرونی هەستی پێدەكرێت، پارتیش لە ئاماژەكان تێگەیشتوە. وەك لێرەو لەوێش دەبیستین، كێشەی لەمەودوای یەكێتیی و پارتی، لەوەزارەتی ناوخۆ واوەتر دەبێت، چارەسەركردنی زەحمەتتر دەبێت. چەند رۆژێكە باسی 50% بە 50%ی پۆستەكان و دابەشكردنی یەكسانی دەسەڵات و لەوەش واوەتر رەزامەندی پێشوەختەی یەكێتیی لەسەر كاندیدی پۆستە باڵاكان دەكات.

لەبەرامبەر ئەو پەرەسەندنە پێشبینیكراوە، ئەمڕۆ پارتی ناڕاستەوخۆ لەزاری بەرپرسانی و لەمیدیاكانی باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەكرد، ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە ئەم حكومەتە دەمێنێتەوەو حكومەتی نوێ‌ پێكنایەت و ئامادەی گفتوگۆ نین لەگەڵ یەكێتیی! هەڵبژاردنی پێشوەخت، چارەی ئەم دۆخە چەقبەستوەی كوردستان ناكات، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێتەوە، بەپێی هەمو ئەو پێشبینیانەی دەكرێن، ئۆپۆزسیۆن لەپەیران و لەدۆخێكی زۆرخراپدایەو دەنگی جارانی ناهێنێتەوەو زۆر لەكورتی دەدات، وەك دەگوترێت لەبەرژەوەندی یەكێتیی دەبێت، بەتایبەت بەشێك لەكادرو پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ‌ خۆیشیان پێیانوایە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان دەنگەكانیان زۆر لەكورتی دەدات! دیاریش نییە دەنگی لیستی هەڵوێست چ گۆڕانێكی بەسەردا دێت! بەڵام بەشێك لەكادرانی یەكێتیی باسی هەڵكشانی كورسیەكانیان دەكەن بۆ سەروی 30 كورسی! ئەگەر ئەو پێشبینیەیان راست بێت كەوایە ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێتەوە پرسی پێكهێنانی حكومەت هەر بەئاڵۆز دەمێنێتەوە، چونكە ئەوكاتە لەباتی پرسی وەزارەتی ناوخۆ، لەوانەیە مشتومڕ لەسەر كاندیدی پۆستە باڵاكانی حكومەت بێت.

خولاسە، لەم تەنگژە گەورەیەی ئێستای ناوچەكە، هەرێم بەدۆخێكی ئێجگار خراپ تێدەپەڕێت. لەلایەك حزبە سیایسەكان لەبەغدا بێ ئەجێنداو دوبەرەكن و لەكوردستانیش پەرلەمان و دامەزراوەكان تەواو بێ‌ ئەرزش بو لەلایەكی دیكە ئێران دەیەوێت رقی تۆڵەسەندنەوەی لەئەمریكا بەهەرێم برێژیت و شەڕی لەگەڵ ئەمریكا راگرتوە، كەچی رۆژانە بۆمب دەگرێتە هەرێم. كەوایە ئەوەی هەیە خراپە، بەڵام هێشتا خراپتریشمان لەپێشە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە