2
جەلال هۆرێنی:
جەلال هۆرێنی:سەدە و چارەکێک زیاتر بەسەر یەکەم هەنگاوی قەڵەمی کوردیدا تێپەڕ دەبێت. ڕۆژنامەگەریی کوردی کە بە “کوردستان”ەکەی بەدرخانییەکان دەستی پێکرد، تەنها پڕۆژەیەک بۆ گواستنەوەی هەواڵ نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ هۆشیارکردنەوە و بونیادنانی ناسنامە. بەڵام کاتێک سبەی یادی ئەم مێژووە شکۆدارە دەکەینەوە، ناتوانین یادی هەفتەیەکی تر فەرامۆش بکەین کە ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم، سەردەشت عوسمانە. ئەم دوو بۆنەیە پێکەوە پێمان دەڵێن کە مێژووی ئێمە پڕە لە هەوڵ بۆ ئازادی، بەڵام ئێستا میدیای کوردی لە نێوان بەرداشی وابەستەیی سیاسی و بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکاندا گیریکردووە.
گەورەترین تەحەدایەک کە ئەمڕۆ بەرۆکی کاری ڕۆژنامەگەریی گرتووە، پرسی وابەستەیی کۆشندەیە. ڕۆژنامەگەری لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە هاتووە ببێتە “دەسەڵاتی چوارەم” و چاودێر بێت بەسەر جومگەکانی حوکمڕانییەوە، نەک ببێتە سێبەر و پاساوهێنەر بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکان. کاتێک قەڵەمەکان لە جیاتی خەمی گشتی، دەبنە دەنگی ئاراستەکراوی لایەنەکان، متمانەی هاونیشتمانیان بە میدیا درزی تێدەبێت. وابەستەیی مەترسیدارە چونکە ڕەخنە دەکوژێت، و بێ ڕەخنەی جددیش هیچ کۆمەڵگەیەک بەرەو چاکسازی و گەشە هەنگاو نانێت.
یادی سەردەشت عوسمان تەنها یادکردنەوەی کارەساتێکی دڵتەزێن نییە، بەڵکوو بیرخستنەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە قورسەیە کە لەسەر شانی هەموو ئەو کەسانەیە کە خۆیان بە خاوەن قەڵەم دەزانن. سەردەشت نیشانی دا کە کاتێک ڕۆژنامەنووس بڕیار دەدات ڕاستگۆ بێت، دەبێت ئامادەی هەموو باجێک بێت. ناکرێت ئێمە شانازی بە دیموکراسییەوە بکەین لە کاتێکدا هێشتا قەڵەمە ئازادەکان هەست بە پارێزراوی ناکەن و لە سایەی وابەستەییدا پەراوێز دەخرێن.
لەم ڕۆژەدا، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ بەها ئەخلاقییەکانی پیشەی ڕۆژنامەگەری. سودی گشتی لەوەدایە میدیا ببێتە دەنگی ئەو کەسانەی کە دەنگیان ناگات، ببێتە ئاوێنەیەک کە کەم و کورتییەکان وەک خۆی نیشان بدات بە مەبەستی بنیاتنان و چاکسازی. با یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی سەردەشت عوسمان بکەینە هەوێنی ئەوەی کە چیتر قەڵەمەکان نەبنە بارمتەی وابەستەیی و بەرژەوەندییە تایبەتەکان، بەڵکوو تەنها و تەنها لە خزمەت ڕاستی و ئازادیی ئەم گەلەدا بن. پیرۆز بێت ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو ئەو قەڵەمانەی کە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، سازش لەسەر ڕاستییەکان ناکەن.
