موحسین کەریم: 
لەدوای ٢٠٠٣ەوە، پرسی کۆنترۆڵکردنی چارەنوسی سیاسی عێراق لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا، یەکێك بووە لە پرسە گەرمەکان و هەمیشە فاکتەرێکی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران بووە لەپاڵ کۆمەڵێك پرسی دیکەدا. ئەگەرچی ئەمریکا رژێمی سەدامی روخاند و عێراقی داگیرکرد، بەڵام نەیتوانی کۆنترۆڵی دۆخی سیاسی عێراق بکات و وەکو ناوچەی نفوزی خۆی جێگیری بکات. ئەمریکا بێجگە لە پارتی و یەکێتی، نفوزێکی ئەوتۆی لەناو ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا نەبوو. هێزە ئۆپۆزیسیۆنە عێراقیەکان زیاتر لەژێر نفوز و کاریگەری ئێراندا بوون. ئیسلامی سیاسی سونە، کە پاشماوەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوون، رۆڵێکی ئەوتۆیان نەبوو لە بڕیاری سیاسی عێراقدا.
ئەگەرچی لەدوای ١٩٩١ەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بەکردەوە لە عێراق دابڕابوو، وە ناوچەی نفوزی ئەمریکاو بەجۆرێك ئیسرائیل بوو، بەڵام هیچ کاتێك نەیتوانیوە خۆی لەژێر کاریگەری ئێراندا دەرباز بکات و بەجۆرێك پەیوەندی سیاسی- ئەمنی- ئابوری خۆی لەگەڵ ئێراندا درێژەپێداوە. لەدوای ٢٠٠٣ەوە، بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردادێت و هەرێمی کوردستان دەچێتەوە ناو چوارچێوەی سیاسی– یاسایی عێراقەوە. بەوجۆرە هەمان ئەو کێشمەکێشەی ئەمریکاو ئێران لەسەر هەژمونی بەسەر دۆخی سیاسی عێراقدا سایەی بەسەر کوردستانیشدا دەکێشێت، بەڵام هەمیشە هەرێمی کوردستان پەراوێزێکی بۆ مانۆرکردن هەبووە! ئەوەی لە عێراقدا، لەڕێگای دەسەڵاتی هێزو گروپە شێعەکانەوە کە دەسەڵاتی جێبەجێکاری سەرەکی عێراقیان کەوتبوە دەست، ئێران هەژمونیەکی فراوانی هەبوو، لە هەرێمی کوردستان ئەو هەژمونیەی ئێران کەمترو زیاتر بەلای ئەمریکادا دەشکایەوە.
لەم هەلومەرجەدا، هێزو حزبە سیاسیە چەکدارەکانی کوردستانی ئێرانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێم، ئەو فرسەتەیان بۆ رەخسابوو لەناو کوردستانی عێراقدا بنکەو بارەگایان هەبێت و هەڵسورانی سیاسی خۆیان بکەن و تەنانەت ناوبەناو چالاکی سەربازیش دژی رژێمی ئێران ئەنجام بدەن. هەڵبەتە هەمیشە رژێمی ئێران و دەزگای ئیتڵاعات هەوڵی ئەوەیان داوە چ لەرێگای تیرۆرەوە و چ لەرێگای هێرشی مووشەکی و پەلاماری چەکداریەوە زەربە لەو هێزانە بدەن، بەڵام سەرەنجام دۆخەکە بەوجۆرە بەردەوام بووە تا دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کە حکومەتی ناوەندی دەسەلاتی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا زیاتر سەپاند و حکومەتی هەرێمی ناچارکرد پابەند بێت بە بڕیارەکانی بەغداوە لەهەموو روویەکەوە. یەکێك لەو پرسانە، پرسی بوونی ئۆپۆزیسیۆنی دژی رژێمی ئێران بوو لە هەرێمی کوردستان. ئەوەبوو بەپێی ڕێکەوتنیکی نێوان حکومەتی عێراق و رژێمی ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، بنکەو بارەگای ئەو حزبانە چۆڵکران و لە شوێنی تایبەتی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا دانران. بنکەی ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکانی سلێمانی ژێردەسەڵاتی یەکێتیدا بوون گوێزرایەوە بۆ سورداش و ئەوانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە نزیك کۆیە نیشتەجێکران!
هەڵبەتە هەمیشە مەترسی لەسەر ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە رژێمی ئێران هەبووەو هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و ئاسایش نەبووە بۆیان. رژێمی ئیسلامی ئێران ئەگەر بیتوانیایە، ئەوەی کە بەسەر گروپی موجاهیدینی خەڵك هێنای لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە کەمپی ئەشرەف، لەرێگای گروپە چەکدارە شێعەکانەوە، ئەوەشی بەرامبەر بەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیانەی نەیاری خۆی دەکرد، بەڵام کۆمەڵێك فاکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوری هەبوو لەوەی رژێمی ئێران نەتوانێ ئەو کارە بکات، چونکە حکومەتی هەرێم ئەزمونی شەڕی پەکەکەی هەبوو کە ساڵی ١٩٩٢ لەسەر داوای تورکیا کردیان و روبەرووی شەرمەزاریەکی سیاسی گەورەبوونەوە لەناو خەڵکی کوردستاندا! بەرامبەر بەوەی ئێران فشاری زیاتر نەهێنێ بۆ حکومەتی هەرێم، هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا رێکەوتن کە هەموو چالاکیەکی چەکداری دژی ئێران لە کوردستانی عێراقەوە ڕابگرن.
دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران و ڕاگەیاندنی ئامادەیی ٦ حزبی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران بۆ بەشداریکردن لە هێرشی زەمینی ئەمریکا بۆسەر ئێران لەلایەك و ڕاگەیاندنە بەردەوامەکانی ترامپ و ئیسرائیل بۆ هاوکاری هێزە کوردیەکان دژی ئێران و ناردنی چەك و هاوکاری سەربازی، ئیتر دۆخەکە بەتەواوی گۆڕانکاری بەسەردا هات. ئەگەرچی ئەو حزبانە رایانگەیاندوە کە چەکیان لە ئەمریکا وەرنەگرتوە و یان هەنگاوێکی لەوجۆرەیان نەناوە، بەڵام لەراستیدا ئەوان چاوەرێی ئەوەبوون و هەن کە ئەمریکا هێرشی زەمینی دەست پێبکات و ئەوانیش لەکوردستانەوە پەلاماری دەزگاو دامەرزاوە سەربازی و ئیتڵاعاتی و ئیداریەکانی رژێم بدەن و کۆنترۆڵی شارە کوردیەکان بکەن! بەوجۆرە ئەو ٦ حزبە بەکردەوە بوونە بەشێك لە شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران و رژێمی ئێرانیش ئەو بیانوەی دەستکەوت کە بەناوی ئەوەی ئەوان بەشێكن لە جەنگی ئەمریکا، بە مافی خۆی بزانێت هێرش بکاتە سەریان. لەئاکامی ئەمەشەوە دۆخی ئاسایش و ئەمنی خەڵکی کوردستان رووبەرووی تێکچوون و دڵەراوکێ و مەترسی بوەتەوە.
بێگومان ئەوە تەنها ئەو ٦ حزبەی کوردستانی ئێران نین کە بە پشتیوانیان لەشەڕەکە بیانویان داوەتە دەستی رژێمی ئیسلامی ئێران بۆ بۆردومانکردنی کوردستانی عێراق، بەڵکو دەسەڵاتدارانی کوردستان و بەتایبەتی پارتی، بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە شەڕەکەی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران دەکەن و ئەوانیش بەشێكن لەوەی کە کوردستانی عێراقیان کێشکردوە بۆ هێرشی درۆن و رۆکێتی ئێران و گروپە چەکدارە شێعە عێراقیەکانی سەر بە ئێران! بەوجۆرە خەڵکی کوردستانی عیراق لەنێوان بەرداشی جەنگێکدا راگیراون کە تەنها کارەساتیان بۆدەهێنێ!
کوردستانی عێراق لەنێوان بەرداشی جەنگدا!
3
