نوری بەشیر: 
خەڵکی کوردستان زۆرجار لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە دەستەواژەی “یەکڕیزی ناوماڵی کورد ”دەبیستن، بەتایبەتی کاتێک حزبە ناسیۆنالستە کوردەکان، لەپێشیانەوە پارتی و یەکێتی، کە لەتەنگانە سیاسیایەکاندا دەکەونە بەرامبەر بەیەکەوەو سەنگەر لەیەک دەگرن و لەئاکامیشدا و لەژێر فشاری خەڵکدا باریان قورس و لاسەنگدەبێت. ئا لەم کاتانەدا ئەم دەستەواژەیە وەک “پەیامێکی کوردایەتی” و “پیرۆزی نەتەوەیی”، لەزمانی کۆمەڵێک لەڕۆشنبیرانێکی ناسیونالیست و تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداریش،دەردەبڕدرێت تا هەڵە سیاسیەکان و تاوان و تەنانەت “خیانەتی” حزبەکان و تاقمی فەرمانڕاوەو بنەماڵەکانیان دابپۆشن و واپیشانبدەن کە قسەکەر هەرخۆی “دڵسۆزی کوردە” و ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان ڕیزی کوردیان تێکداوە “دڵسۆزی کورد نین” و کوردایەتیەکەیان کاڵە! لەم بارەیەوە بە پێویستی دەدەزانین بۆ راستی دروستی ئەم قسانەمان وەک دوو نموونە ئاماژە بەدوو بابەت بدەین لە ئێستادا، کەئەوانیش بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغداد و جێگۆڕکێی پارێزگاری کەرکووکە:
بێگومان هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە یەکێتی و سەرۆکەکەی بەشێوەیەکی یەکلایەنە و بەبێ حساب بۆکردنی پارتی و تەنانەت وەک دژایەتیەکیش بۆی، لەبەرئەنجامی دۆخی جەنگ لەناوچەکەو کاردانەوەی لەسەر پێگەی هێزە عێراقی و کوردستانیەکان کە پاش لە ساڵ و نێوێک لەهەڵبژاردن نەیانتوانیوە کابینەی نوێیان پێکبهێنن!، توانی یەکلایەنە لەگەڵ لایەنە شیعەکان رێکبکەوێت و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆخۆی یەکلابکاتەوە، پۆستێک کە پارتیش وەک “براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان” داوای دەکرد و مرخی خۆی لێخۆشکردبوو. لە کەرکووکیش، بەهەمان شێوە یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی پاش ڕێکەوتنی ژێربەژێر و ئاشکرا لەگەڵ لایەنە عەرەبیە شیعی و سونی و تورکمانەکان، پارتی و کیتلەکەی لە پڕۆسەکە کردە دەرەوە، بەبێ هیچ حساب بۆکردنێک پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لە کوردێکەوە گۆڕی بۆ تورکمانێک و هەرئەمەشی ناولێنا “بەرژەوەندی کورد وادەخوازت”!!.
لەم دوو نمونەیەی باسکران ئەو خاڵەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە: چ سەرانی یەکیەتی و ئەو ڕۆشنبیرانەی لایەنگریان لە یەکێتی و سیاسەتەکانی لەپۆستی سەرۆک کۆمارو پاریزگاری کەرکوکدا دەکرد و چ سەرانی پارتی و قەڵەم بەدەستە لایەنگرەکانی ماڵی بارزانی کە دژبەری یەکێتین لە هەردوو سەرەوە باس باسی ” بەرژەوەندیەکانی کوردو یەکڕیزی ماڵی کورد”ە. واتە یەکێتی و لایەنگرانی دەیانوت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی باشە چونکە هەر ئەو دەتوانێت “بیخاتە خزمەتی مەسەلەی کوردەوەو کێشە نەتەوەییەکانی پێچارەسەر بکات لەگەڵ بەغدا”!!. لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش سەرۆکی یەکێتی بۆ پاساودانی سیاسەتەکەی باسی لەوە دەکرد کە “کەرکوک شاری ئاشتی و برایەتیەو ئەوەی کەکراوە لەبەرژەوەندی کورددایە”. لەبەرامبەریشدا پارتی و لایەنگرانی سەری زمان و بنی زمانیان، “تێکچونی یەکڕیزی ماڵی کوردو سپاردنی شاری کەرکوکە بە دوژمانی و کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی قەومی و کینەتۆزی.. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کەئایا مەبەست چیە لە “بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان” و دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”؟ ئایا مەبەستەکە مانای پاراستنی بەرژەوەندی حزبەکان خۆیان و پاراستنی پێگەیانە لە دەسەڵاتدا، یان مەبەستەکە “نەتەوەی کوردە”؟
لەراستیدا پارتی و یەکێتی، وەک دوو حزبی بۆرژوازی کە نوێنەرایەتی چینی سەرمایەدار دەکەن، لەگرتنەبەری هەر سیاسەتێک و هەر هەنگاوێکیاندا، گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی ئەم چینەو حزبەکانیان لەسەر حسابی بێبەشکردنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان شتێکیتر ئەنجام نادەن. وە هەموکاتێکیش هەموو سیاسەتەکانیان بەناوی “کوردو نەتەوەی کوردو خەڵکی کوردستانەوە” ئەنجامدەدەن تا نیشانی بدەن کە بەرژەوەندی ئەم چینەو حزبەکانیان هەمان بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان بە بەرچاویانەوەیە و رۆژانە هەستی پێدەکەن، کە خیزان و کوڕان و بەرپرسانی حزبی و حکومی بزوتنەوەی کوردایەتی چۆن لەسایەی دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتی وڵاتدا، ژیانیکی فیرعەونانە دەژین و لەولاشەوە خەڵکی شەرافەتمەند، لە کوڕان و کچانی هەرئەم نەتەوەی کوردە کە ئەوان سوێندی بۆدەخۆن لە بێکاری و نەبونی و گرتنی ڕێگای هەندەران و هەزارویەک دەردەسەریدا ژیان دەکەن. تەنانەت ئەم حزبانە هەر کاتێک بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بانگەوازی یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکەن، ئەمەشیان بۆ ئەوەیە خەڵکی فریوبدەن و درک بە جیاوازیە چیانیەتیەکانی خۆیان لەگەڵ دەستەی فەرمان ڕەواو دەسەڵات بەدەستدا نەکەن.
کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوو، ئەوە بە ڕۆشنی نیشاندەدا کە هەریەک لە پارتی و یەکێتی چ سیاسەتێکیان گرتۆتەبەر و چۆن خەڵکی کوردستانیان بەچەندین کارەسات و شەڕو ماڵوێرانیدا بردووە، تا ئاستی ئەوەی کە هەریەکەیان دەستیان بۆ “داگیرکەرانی کوردستان” درێژکردوەو سوپا و لەشکری حکومەتانی ناوچەکەیان ڕاکێشاوەتە سەرژیانی خەڵک و هەموشیان هەربەناوی بەرژەوەندیەکانی کوردەوە بووە، لەکاتێکدا لەهەموو ئەو کارەساتانەدا خودی ئەم حزبانەو بنەماڵەو دەست و پێوەندەکانیان سەلامەت دەرچون و مەینەتیەکەش بەسەر خەڵکی هەژارو زەحمەتکێسی کوردستاندا شکاوەتەوە.
کەواتە ئەوەی کە ئەوان بەناوی کوردایەتی باس لەوە دەکەن کە گوایە هەموو کورد و ئەوانەی بەکوردی قسەدەکەن یەک بەرژەوەندیان هەیە، جگە لە درۆیەکی شاخدارو فریودانی خەڵك شتێکی تر نیە، چونکە کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیە و قسەکردن بەکوردی و بەکوردی زانینی کۆمەڵگا هەرگیز ئەم بەرژەوەندیە چینایەتیانە و ئەم جیاوازیە چینایەتیە ناسڕێتەوە.
سەبارەت بە دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”یش، دیسانەوە مەبەست لێی پەرەدەپۆشکردنی جیاوازیە چیانیەتیەکان و بەرژەوەندیەکانیان، بۆئەوەیە کە بەخەڵک بڵێن کە “هەمومان کوردین و دەبێ تەحەمولی سەختی و هەڵەکانی دەسەڵاتداران بکەین” دەبێ مامۆستا داوای موچە نەکات، لاوان داوای کارو ئازادی نەکەن، کرێکاران رازیبن بەوەی کە کارێکیان دەستدەکەوێ و ژیانێ کولەمەرگی پێ بەڕێدەکەنە، هەروەها لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتی بەڕووی سەرانی حزبەکانی دەسەڵاتدا نەکەن… چونکە هەموو ئەمانە ڕوخاساری کوردو دەسەڵاتەکەی ناشیرین دەکات، ئەمە کورد لەبەرامبەر “دوژمنەکانماندا لاواز دەکات”.. لەکاتێکدا ئەوە هەر حزبەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردن کە دەستیان خستۆتە ناودەستی ئینسانکوژەکانی وەک ترەمپ، ئۆردوگان و پیاوانی کۆماری ئیسلامیەوە، ئەوە هەر ئەوانن کە “برا کوردەکانیان” لەسلێمانی و هەڵەبجەو هەولێر بێکار کردوەو ڕێگە لەئازادی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەگرن و ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن و سزایان بەسەردادەن کەچی لەولاشەوە دەستەوتاقمی شیعەو سونە و قەومیەکان بەدۆستی کورد بەخەڵک دەناسێنن!؟
لە کۆتاییدا، پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە: لە هەموو ئەو ململانێ و ڕێککەوتنانەدا، جێگای بەرژەوەندی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان لە کوێدایە؟ ئایا باسێک لە گوزەران، کار، موچە، خزمەتگوزارییەکان و ئایندەی باشتر بۆ خەڵک دەکرێت؟ یان هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵیاندا هەیە، بێگومان نەخێر. ئەی ئایا حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنە ئیسلامی و قەومیەکان و رۆشنبیرانی ناسیونالیزمی کورد وەک زووڕناژەنی یەکخستنی ناوماڵی کورد چ جێگایەک لە هاوکێشەی سیاسەتی یەکێتی و پارتی و کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوویاندا وەک دوو حزبی ناسیونالیستی کورد دەگرن!؟، کە جیا لەشەریک بوون لەگەڵیان شتێکی تر نیە.
هەموو ئەمانە دەردەخەری ئەو راستیەیە کە ناسیۆنالیزمی کورد هەموو ئەوانە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ فریودانی خەڵک. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان لەو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیانە جیا بکەنەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ ریزی ملیۆنی خۆیان رێکخراو بکەن بۆ ئەوەی بتوان بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بکەن و دەستیان بە ماف و ئازادیەکانیان بگات و لەژیانێکی یەکسانی و شکۆمەند بەهرەمەند بن.
