دەشتی جەمال: 
رۆژی ١٩ سەپتێمبەری ٢٠١٥ شاندێکی لقی کوردستانی فیدراسیۆن لەسەر داوای کۆنسۆڵی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە هەولێر لەگەڵ بەڕێزان مارك ئایسۆرن -Mark Eichhorn کۆنسۆڵی ئەڵمانیا و ئایکە هیندریك بەرپرسی کاروباری سیاسی و مرۆیی و دوو کارمەندی کارگێڕو یاریدەدەری فەرمانگەی کۆنسوڵخانە کۆبووینەوە. کۆنسۆڵی گشتی ئەڵمانیا مەبەستیان بوو لەم دیدارەدا لەڕێگەی رێکخراوەکەمانەوە لەوە تێبگەن کە بۆچی گەنج ولاوانی کوردستان بەلێشاو کوردستان جێدەهێڵن.
ئەگەر یاداوەری بێت بەهانامەوە… سەرەتا بەو پرسیارە قسەوباسەکەی لەو دانیشتنەدا دەستپێکرد کوردستان شۆێنێکی ئارامە و ئازادی هەیە وهەولێر شارێکی سەقامگیرە.. ئەم هەموو باڵەخانەو میوانخانەو سروشتە جوانە هەیە.. دەمەوێت لەرێگەی ئێوەوەو رێکخراوەکەتانەوە لەوە تێبگەم کەبۆچی هەموو ئەو گەنج و لاوانە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە و ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن و دێنە ئەڵمانیاو داوای مافی پەنابەری دەکەن و چەند پرسیارێکی تریش…؟ لەوەڵامدا روومکردە مارك و پێم وت پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ژیانی کێ پاریزراوە؟
لەوێوە دەستپێبکەم عێراق وڵاتێکی نائەمن و ناسەقامگیرەو ئێوە لە ماڵپەڕی رەسمی خۆتانەوە ڕاتانگەیاندوە کە هاوڵاتیانتان گەشت بۆ عێراق نەکەن؟! لەکاتێکدا کوردستان بەشێکە لە عێراق. ئەو پرۆپاگەندانەی دەسەڵاتداران رایدەگەیەنن پێچەوانەی راستیەکان و واقعی ژیانی خەڵکە لە کوردستاندا، ئەو لەشکرە گەورەیە لە گەنجان و لاوان کە ناچارکراون رێگەی سەخت و پڕمەترسی هەڵبژێرن و روو لەوڵاتانی ئەوروپا بکەن ئەوانە ساڵانێکی زۆر شەونخونیان کردوە خۆیندویانە تا بەرهەمی رەنجی چەند ساڵەی خۆیان کۆبکەنەوە، شەهادەدارن بەڵام بێکارکراون و بیمەی بێکاری نیە، لەکاتێکدا دەسەڵاتی هەردوو زۆن هەموو جومگەکانی ژیانی ئابووریان قۆرخکردوە، جیاوازیەکی قوڵ هەیە لەنیوان ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرپرسیاران و کاربەدەستانێك کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.
سەرەتاترین ماف و ئازادیەکانی خەڵك پێشیلدەکرێت، ئازادی بیروڕادەربڕین سزای قورسی هەیە.. لەو رۆژەوەی ئەم دەسەڵاتەی هەولێرو سلێمانییان بەدەستە و هاتوونەتە سەرکار بەلێیشاو کۆشتاری ناموسپەرستانەی ژنانیان بەرێخست، مافە فەردی و مەدەنی و ئازادیە سیاسیەکانیان دایە بەر پەلاماردان و سەرکوتکردن، مخالفینی خۆیان تیرۆر کرد، رۆژنامەنوسانیان لەسەر خستنەڕووی راستیەکان تیرۆر کرد، باندی جاسوسی رژێمی ئێران و تورکیا مۆڵگەیان هەیە لەکوردستاندا و موخالفینی خۆیان تیرۆر دەکەن. کار بەوە گەیشتوە کەمپی ئاوارەکان بۆردمان دەکەن و ژیان و چارەنوسی خەڵك و ناڕەزایەتیەکان لەژێر هەڕەشەی لولەی چەکی ئەم حیزبانەدایە.
..بەرێز مارك ئێوە دەزانن لەپاڵ ئەم باڵەخانە بەرزو میوانخانانەدا بەدەیان لەخەڵکی ئەم شارە لەگەڵ هەژاری کەمەر شکێندا بەرەوڕوون، ئارەزووەکانی گەنجان لەناو داب و نەریتی دواکەتوانەدا گیری خواردوە.. لەنێو ئەم شارە جوانەدا سەردەشت عوسمانی رۆژنامە نوس و قوتابی زانکۆ لە خێزانێکی زەحمەتکێش بە بەرچاوی پۆلیس و ئاسایشەوە دەڕفێنرێت و پاشان تەرمەکەی لەدەرەوەی هەولێر دۆزرایەوە کە فیشەکیان بەدەمیەوە نا، چونکە رەخنەی لەگەندەڵی و فەساد و نادادی ئەم دەسەڵاتە گرت… هەربۆیە ئەم لاو و گەنجانە خەون و خەیاڵیان هەیە و بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن و ناچار بە جێهیشتنی کوردستان کروان.
لەو ساتەدا بەردەوامیم بە قسەکان دەدا یەکێك لە کارمەندو مترجمەکان بەداخەوە ویستی لە دریژەدان بە وەڵامی پرسیارەکان دامببڕێت کە دیاربوو بەخستنەرووی راستیەکان شپرزە بوو… دووبارە مارك داوای درێژەدانی کرد و ئاماژەیەکی کورتم کرد بەو هەلومەرجە جیهانی و ناوچەییە و مەترسیەکانی داعش.. کە ئەو حیزبانە چۆن کۆمەڵگایان راپێچی مەترسیکردووە…. لەدرێژەدا بەدژی سیاسەتی ناردنەوەی زۆرەملێی و کێشەکانی دیپۆرتکراوەکانمان خستەڕوو لەگەڵ دانی ژمارەی واژووی رێکخراو بەدژی ناردنەوەی پەنابەران..
گێڕانەوەی ئەم دیدارە لە شانزهەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان بۆ ئەوە بوو کە بڵێم سەردەشت ڕاستی وت لەنوسینێکیدا “هەموو راکەن ئازادی هات” دەڵیت “ئەمە ئەو ئازادییەیە کەدەبێت لەسەری دابنیشین و گومان لەبوونی نەکەین، بەڵام هەرگیز ئەو پرسیارانە نەکەوتۆتە سەری پیاوەکانی دەسەڵاتەوە کە نەوەکانی ئەم مەملەکەتە لەچی ڕادەکەن؟ ئایە ئەو ئازادییە کە گەنجەکانی ئەم وڵاتە راودەنێت یا تاعونەکەی ئەوانە کە بەئازادی پێمان دەفرۆشنەوە؟ بەدبەختی و کڵۆڵی ئەو پیاوە بچوکانەی دەسەڵات ئەوەندەیە کە پێیان وایە لەبەرئەوەی دەتوانین قسە بکەین کەواتە ئازادی هەیە، ئەی سیاسەتمەدارانی کورد دەکرێت بپرسین ئەی دوای ئازادی چی؟ کوشتن یان لێدان یان نانبڕین؟..”
ئێستا دوای ئەم گفتوگۆیەی نێوان من و مارك، سێ دەهەی رابروودی ئەم دوو زۆنە، جێگەی لەمەحکدانی دەسەڵات و حاکمیەتی ئەو ناوچە “ئارام و سەقامگیریە”یە کە ئێوە باستانکرد ئەوان هەمیشە سەرچاوەی نەهامەتی و کارەسات و نائارامی بوون بۆ کۆمەڵگای کوردستان بەکردەوە ئەوەیان نیشانداوە دەسەڵاتی خەڵك نین و جێگایەکیان بۆ دەخالەتی خەڵك و ئایندەیان نەهێشتۆتەوە. داهاتوویەکی درەخشان و دەستەبەرکردنی مافو ئازادیەکان و خۆشگوزەرانی ئاسایش و ئارامی گرێدراوە بە کۆتایهێنان بەو دەسەڵاتە ستەمکارە. سەردەشت عوسمان ئەو پەیامەی دا بەدەسەڵات کە بەرەی ئازادیخوازی مرۆڤودۆستی لەکەمیندان بۆ دەرفەتێك بۆ هەڵگیڕانەوەی ئەو دۆخە بەقازانجی خەڵك. تیرۆری سەردەشت و سەردەشتەکان دەعوایەکی نێوان خەڵك و دەسەڵاتە بەکراوەیی دەمێنێتەوە.
ناوی سەردەشت عوسمان رەمزێکە بۆ وەستانەوە بەڕووی دەسەڵاتی ملهوڕێ ملییشیایی کوردایەتی و بانگەوازێکە بۆ ئازادی ..
یادی هەمیشە زیندووە لە دڵماندا.
١/٥/٢٠٢٦
