Home بیروڕاسەردەشت عوسمان: کەسێک هه‌رگیز نه‌یده‌ویست بێده‌نگ بێت

سەردەشت عوسمان: کەسێک هه‌رگیز نه‌یده‌ویست بێده‌نگ بێت

by admin
0 کۆمێنتەکان 12 بینینەکان

مه‌ریوان وریا قانع:
تا ساڵەکان خێراتر تێپەرن، یادکردنەوە و لەبیرنەکردنی چالاکی سەردەشت عوسمانیش خێراتر و بەهێزتر دێتەوە. تازە سەردەشت عوسمان بووە بە نەغمەیەکی هێجگار گرنگیی ناو مێژووی بەرگریکردنی مرۆڤی ئێمەیە، لە خۆی و لە ئازادیی، بە تایبەتی لە ئازادیی قسەکردن و لەو ساتانەشدا کە یەکێک لە باجەکانی قسەکردن، روبەروبونەوەی، مەرگە.
سەردەشت بۆتە مۆدێلی ئەو جۆرە لە مرۆڤ، هه‌م خۆی نه‌یده‌ویست بێده‌نگ بێت و هه‌م هیچ شتێکیش نه‌یده‌توانی بێدەنگی بکات، بە تایبەتی لەو کاتانەدا کە قسەکردنی ئازاد، وەک تەحەدایەکی سیاسیی و رەمزیی گەورە و بەهێزی لێدێت.
سەردەشت لە وڵاتێکدا قسەی کرد، ووشەکان تیایدا خرابوونە ژێر زەڕەبینی سانسۆر و پشکنینەوە، بەسترابوونەوە بە گولەوە، گرێدرابوون بە ریسک و مەترسیی کوشتنەوە. ئەو لەوکاتە تاریکانەدا، بە دەنگێکی بەرز و بە ورەیەکی کەموێنەوە، بەرگریی لە راستیی دەکرد. ڕاستییەک سوپایەکی گەورە بۆ شاردنەوەی دروستکرابوو، تا ئەو شوێنەی کەسانێک لە پشتی دەرگای ژوورە داخراوەکانیشەەوە، نەیاندەوێرا باس لە راستییەکان بکەن.
سەردەشت سەر بە نەوەیەک بوو دەیویست قسەبکات، قسەی جدی و هەمەلایەن، قسە لەسەر رێگرە گەورەکانی بەردەمی ئازادیی مرۆڤ، قسە لەسەر سوکایەتییە بەردەوامەکان، لەسەر ئەو بێدەنگییانەی خەڵات دەکران، لەسەر نادادپەروەریی، نائومێدبوون، داخستنی ئاسۆکانی ئایندە. سەردەشت قسەکەری نەوەیەک بوو، دانوستانی لەسەر راستیی و لەسەر خەونەکانی خۆی نەدەکرد، سەیری ئاراستە درۆزن و هەڵخڵەتێنەرەکانی نەدەکرد، لە هەمووشی گرنگتر هیچ جۆرە ناشیرینییەکی بۆیاخ نەدەکرد.
سەردەشت راستەوخۆ سەیری ئەو ئیهانە و زەلیلکردن و سوکایەتییانەی دەکرد کە رووبەرووی نەوەیەک نا، به‌ڵكو کۆمەڵگایەک، کرابوونەوە. ئەو سەیری دەکرد و بە ئیهانەکانی دەگوت ئیهانە و بە زەلیلکردنەکانی دەگوت زەلیلکردن و بە سوکایەتیەکانیش سوکایەتی.
ئەو بەو زمانی ترس و تۆقینە قسەی نەدەکرد کە بڵاوکرابووەوە و کەسانێکی زۆر هەبوون، هەموو ناو و ئاوەڵناو و کردارەکانی ئەو زمانە، هەموو رێزمانەکەی، رستە کورت و درێژەکانیان، بۆ ستایشی ده‌سه‌ڵاتداران لەبەرکردبوو. سەردەشت لەو ساتانەدا، بە زمانێک دەدوا لەناو تاریکیدا شتەکانی دەبینیی، لەناو ترسدا خەونە گەورەکان و لەناو خۆشاردنەوەدا دەرکەوتنی راستەقینەی، دەبینی.

ئەو لەباتی نەوەیەک، دەیپرسیی بۆ کەسانێک، وەک ئەمیر و ئەمیرە و کوڕ و کچە سەرۆک، لەدایکدەبن و کەسانێکیش وەک منداڵێکی بێئایندە، بۆ کەسانێک دەبنە سەروەر و کەسانێکیش بە رەعیەت. بۆ هەندێک ئاسمانەکانیش مۆنۆپل دەکەن و کەسانێکی دیکە بە زەحمەت هەناسەیکیشیان دەستدەکەوێت. سەردەشت کە ئەم پرسیارانەی دەکرد، دەیزانی ریسک بە ژیانی خۆیەوە دەکات، ریسک وەک بەشێک لە بوونی ئەو، وەک کەسێکی بەرپرسیار، کەسێکی بیرکەرەوە و قسەکەر.
کە سەردەشت دەستی بە قسەکردن کرد، تەنها هاورێ نزیکەکانی و کەسانێکی کەمی دەوروبەری دەیانناسیی و دەیانزانی چی دەڵێت، بەڵام ئێستا هەموو مێژووی ئێمە، خەونە گەورەکانمان، ئازادیخوازانی وڵاتەکە و ئەو کۆچبەرانەش دەیناسن کە نیشتیمانیان بەجێهێشتوە.
سەردەشت ئێستا بووە بە ویژدانێکی زیندو و بەرپرسیار، لەناو هەریەکێکماندا دەیەها پرسیار و دەیاها خەون و بڕێکی گەورە لەبەرپرسیاریەتی دروستکردوە.
نا.. ناتوانین… بەراستیی ناتوانین سەردەشت لەیادکەین. ناتوانین بەشە جوان و پاک و ئازادەکەی مرۆڤی ئەم دەڤەر و مێژو و نیشتیمانە بریندارە لەیادکەین. دوای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە، ئێستا سەردەشت یەکێکه‌ لە بینراوترین مرۆڤەکانی جیهانی ئێمە. رۆحت شاد سەردەشتی ئازیز، ئێمە لێرەوە تا ئەو دیوی مەرگ لەگەڵتداین. تۆ لەناو هەناسە و روانینی هەموو ئەوانەدایت کە پێویستیان بە ئومێد و راستگۆیی و بەرپرسیاریەتی هەیە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە