Home بیروڕائێران .. شەڕی سەرەکی

ئێران .. شەڕی سەرەکی

ڕوانینێک بۆ دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران

by admin
0 کۆمێنتەکان 8 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
شەڕە دەرەکییەکان زۆرجار هەستی ناسیۆنالیزمی خەڵکی ناوچەیەک دەجوڵێنن. بەڵام لە ئێران، خەڵک نەوەک پێشوازی لە شەڕ بکەن، بەڵکو دڵخۆش دەبن ئەگەر ئەو شەڕە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرخۆدانیان بۆ رەتکردنەوەی دیکتاتۆری لە ئێران. چونکە خەڵکی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا، قوربانییەکی زۆریان داوە. بۆ نموونە، تەنها لە دوو رژێمی دیکتاتۆریی دواییدا، سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
شەڕی سەرەکی
“شەڕی سەرەکی و یەکلاییکەرەوە و چارەنووسساز، شەڕی نێوان خەڵکی ئێران و دیکتاتۆریی ئایینییە.” ئەمە وتەی خانمی (مریم رەجەوی)، سەرۆک کۆماری ئەنجوومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێرانە، لە 22ی ئەپریلی 2026 لە پارلەمانی ئەورووپا. هەربۆیە چاوبڕین لە شەڕێکیتر وەک شەڕی سەرەکی، روانینێکی هەڵەیە بۆ کێشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە ئێران. بە واتایەکیتر، “رزگاربوون لە فاشیسمی ئایینی و چەکی ئەتۆمی و گرووپە نیابەتییەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ، تەنها بە رووخاندنی رژێمی ئێران لەسەر دەستی خەڵک و بەرخۆدانی رێکخراو مەیسەر دەبیت.”
شەڕ یان سازش لەگەڵ دیکتاتۆری
شەڕی دەرەکی لەگەڵ دیکتاتۆری رووەکەیتری سازشکردنە لەگەڵیدا. ئەمانە بە کردەوە سەلمێندراوە و هەرگیز نەبووەنەتە هۆی رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران. خەڵکی ئێران داوای حکومەتێکی دیموکراتیک و جەماوەری دەکەن. سەردەمی دیکتاتۆری و وابەستەیی کۆتایی هاتووە و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بە دۆخی ئێران بەسراوەەتەوە. بۆیە کێشەی ئێران نە بە گۆڕینی مۆرەکانی دیکتاتۆری، نە بە شەڕی دەرەکی و نە بە سازان و سازش چارەسەر نابێت. ئەگەر زیاتر لە سەد ساڵە رژێمە دیکتاتۆرییەکان لە ئێران لە دەسەڵاتدا بوون، ئەنجامی شەڕی دەرەکی یان سازان یان سازش بووە. بۆیە تاکە چارەسەری بنەڕەتی، قبووڵکردنی داواکارییەکانی خەڵکی ئێرانە، واتا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و هاتنە سەر کاری “کۆماری دیموکراتیک”.
ئاگربڕ و بەردەوامبوونی
هەرچەند دیاردەیەکی وەک ئاگربڕ یان بەردەوامبوونی، کاریگەری هەیە لەسەر گۆڕانکارییە گەورەکان سەبارەت بە ئێران، بەڵام ناتوانێت یەکلایییکەرەوە بێت. چونکە بە ئەزموون سەلمێندراوە کە “ئاگربڕ” ئەگەر هاوتەریب نەبێت لەگەڵ داواکاریی سەرەکیی خەڵک، بەردەوامبوونی، گرنگییەکی زۆری نابێت. چونکە کێشەی سەرەکی لە ئێران نێوان رژێمی دیکتاتۆری و خەڵکدایە. چاوبڕین لە ئاگربڕ یان شەڕی دەرەکی و سازان، کوێرەڕێگایەکە دیکتاتۆری لێی سودمەند دەبێت.
گۆڕینی رژێم لە ئێران
رژێمە دیکتاتۆرییەکانی پەهلەوی نزیکەی 58 ساڵ و رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی نزیکەی 47 ساڵ لە ئێران حکومەتیان کردووە. ئەنجامی ئەم دوو دیکتاتۆرییەتە، بڵاوکردنەوەی هەژاری و ئێعدام و سڕینەوەی دژبەران و شەڕخوازبوون و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لە کۆتاییدا هەوڵدان بووە بۆ چەکی ئەتۆمی. ئەگەر خەڵکی ئێران بە چاکسازیی رژێمە دیکتاتۆرییەکان رازی دەبوون، رانەدەپەڕێن و شۆڕشیان بەرپا نەدەکرد و رژێمی مەزهەبیی ئێرانیش هەوڵی تەیاربوون بە بۆمبای تەئۆمی نەدەدا. لە فێبرایری 1979 خەڵکی ئێران رژێمی پەهلەویان رووخاند و ئێستا بۆ رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی هەڵساون.
ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ئێران
ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئێران لە قۆناغی کۆتاییدان. چونکە سەرکەوتنی خەڵک بەسەر رژێمی دیکتاتۆری نزیکە. وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی دراوسێکانی ئێران، پێویستە ئەم دۆخە بە دروستی تێبگەن و لە لایەنی راست و دروستی مێژوودا بووەستن. خەڵکی ئێران خوازیاری پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە لەگەڵ خەڵکی جیهان و ناوچەکە. رژێمی ئایینی لە ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و بەهۆی قەیرانگەلێکی زۆرەوە، لاواز و بەرەو داڕمانە. لە بەرامبەردا، خەڵکی ئێران خاوەن بەرخۆدانێکی سەربەخۆ و بەهێزن کە بەردەوام لە گەشەکردندایە. هەربۆیە رژێمی ئێستای ئێران، خەڵک و بەرخۆدان بە دوژمنی سەرەکی دەزانێت.
ستراتیژی راست و دروست
سازش و سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئێران، یان شەڕی دەرەکی، هەردووکیان رێگرن لە بەردەم راپەڕینی گەلدا. ستراتیژیی دروست ئەوەیە پشتگیری لە خەڵک و بەرخۆدانی ئێران بکرێت کە درووشم و داواکارییان “ئاشتی و ئازادی”یە. خەڵک و بەرخۆدانی ئێران ئێستا هێزی رووخێنەری دیکتاتۆرین لە ئێران. کردارەکانی رژێمی مەزهەبیی ئێران ئەمەیان بە روونی دەرخستووە. ترسی رژێم لە راپەڕینی جەماوەری و هێزی رووخێنەر لە سەر شەقامەکان زۆر بە روونی دیارە. رژێم ناتوانێت ئەم ترسە بشارێتەوە، چونکە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بەرەو پەرەسەندنە. بەرخۆدانی رێکخراو لەو چەند مانگەی رابردوودا، گەشەی بەرچاوەی سەندووە و ناوەندەکانی شۆڕش رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی راپەڕین و رێنوێنیکردنیدا. پێش دەستپێکی شەڕی دەرەکی و لەم دواییانەدا، توانیان هێرش بکەنە سەر مقەڕ و بارەگای (خامنەیی) و ناوەندە سەرەکییەکانی، کە خۆی ئادرێسی روونی هێزی رووخێنەری ئەم ڕژێمە نیشان دەدات. واتا بەرخۆدان و ئاڵتەناتیڤی رێکخراوی بەرجەستە کرد بۆ کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنەکانی ناو ئێران.
لە گەرماوگەری ئەم ترسەدا، رژێمی ئێران، بێ وەستان، خەڵکی ئێران و بە تایبەتی لاوان لە سێدارە دەدات بە مەبەستی رێگرتن لە راپەڕین. ئەمڕۆ زیندانییە سیاسییەکان لە ژێر مەترسیی کوشتاردان. بەڵام رژێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی راپەڕێنی گەل، وێڕای پێشوازیکردن لە شەڕی دەرەکی، رووی کردۆتە رێخۆشکردن بۆ بەدیلی ساختە لە دەوری پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی. چون رژێم باش دەزانێت شەڕی دەرەکی و بووکەشووشەی بەدیلی ساختە، هەڕەشە نین بۆ سەر رووخاندنی رژێم. بەڵکو تەمەنی ئەم رژێمە درێژ دەکاتەوە و دەتوانێت لە سایەیدا بەرخۆدان و شۆڕشگێڕان کوشتار بکات و هاوکات بەرەی یەکگرتووی گەل لاواز بکات و دووبەرەکی بنێتەوە یەکگرتوویی ئۆپۆزسیۆن لێکبترازێنێت.. لە پێناسەکردنی ئەم جۆرە بەدیلایە، ئەوە بەسە کە کوڕی شا فەخری بە رابردووی باوکە دیکتاتۆرەکەیەوە دەکات!
***

لێدوانێک بەجێ بهێلە