Home ئەدەبڕژایتە دڵی شار

ڕژایتە دڵی شار

بۆ سەردەشت عوسمان

by admin
0 کۆمێنتەکان 13 بینینەکان

جەلیل ڕەزایی
_______________________
تۆ تیشکێکی یاخی بوویت
لە گەرووی شارێکی خنکاودا،
بوویتە هاواری ئەو پەنجانەی
مێژوو بە بێدەنگی دایتاشیبوون.
تۆ…
قەڵەمت کردە ئاڵایەکی سوور
لە دەستی ئەو چینەی
سێبەرەکەیان لە مێژوودا ون کرابوو.
_________________________
قەڵەمەکەت تەنها ئامراز نەبوو،
نۆتەی سەماى وشە بوو،
جەوهەرێک بوو…
کە تا ئێستاش لە دڵى خاکدا
ڕەشنووسی سپێدە دەنووسێتەوە.
__________________________
هاتن…
وایانزانی دەنگی «نان و ئازادی» دەخنکێنن،
جەستەی تۆیان رفاند، بەڵام…
تۆ وەک شنەبا بە کۆڵانەکاندا تێپەڕیت،
وەک مۆسیقا دیوارەکانت بڕی؛
کێ دەتوانێت باران کۆ بکاتەوە؟
تۆ ڕژایتە دڵى شار..
و شار بە یادت دەژیت
_______________________
ئەمڕۆ…
تۆ لە دەنگی هەر کرێکارێکدا دەژیت
کە هاوار دەکات: «بەسە!»
تۆ نەبوویتە مێژوو…
تۆ بوویتە “ئێستا”،
خۆرێکی نوێیت و دەڵێیت:
ئازادی…
خاک دایناشارێت.
________________________
٣ی ئایار ٢٠٢٦ –

جەلیل ڕەزایی

لێدوانێک بەجێ بهێلە