Home بیروڕاکێ سەفاحەکانی ناوخۆ دادگایی دەکات؟

کێ سەفاحەکانی ناوخۆ دادگایی دەکات؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 24 بینینەکان

نووسینی: هێمن عەلی    
هەواڵی دادگاییکردنی “عەجاج ئەلتکریتی”، قەساب و سەفاحەکەی زیندانی نوگرە سەلمان، برینە قووڵەکانی مێژوویەکی تاڵی بۆ کورد کولاندەوە. بەڵێ، ڕاستە؛ ئەو تاوانبارە، دوژمنێکی دڕندەی بێ‌بەزەیی بوو کە دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی بێتاوانی ئەم نەتەوەیە سوورە. چەسپاندنی یاسا و دادگاییکردنی ئەم جەلادە، کەمترین دڵنەواییە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان. بەڵام، کاتێک چەپڵە بۆ دادگاییکردنی دوژمنێکی بێگانە لێ دەدەین، پرسیارێک وەک زللەیەک بە ڕووی ویژدانی نەتەوەییماندا دەتەقێتەوە: ئەی سەفاحەکانی ناوماڵی خۆمان چی؟!

؟
سەفاحەکانی شەڕی براکوژی
بۆچی تەرازووی دادپەروەری تەنیا بۆ دوژمنە دەرەکییەکان کار دەکات، بەڵام لە ئاست تاوانبارانی ناوخۆدا کوێر و لاڵە؟ ئەی ئەو تاوانبارانەی شەڕی ناوخۆ بۆ دادگایی ناکرێن؟ ئەوانەی بە ناوی “کوردایەتی”یەوە، بە هەزاران گەنجی ئەم نیشتمانەیان بە کوشت دا و دەیان هەزار دایکی کوردیان جەرگبڕ کرد. ئایا خوێنی ئەو گەنجانەی بە دەستی برای خۆیان ڕژا، کەمترە لە خوێنی قوربانیانی نوگرە سەلمان؟ بکوژی شەڕی ناوخۆ، هەر بکوژە، ئیتر چ جیاوازییەکی هەیە بە جلی کوردییەوە فیشەکی تەقاندبێت یان بە جلی سوپای بەعسەوە؟
جاش و موستەشارەکان: سەفاحەکانی خاوەن ئیمتیاز
ترسناکترین گاڵتەجاڕیی مێژوو و گەورەترین سووکایەتی بە خوێنی شەهیدان لەم نیشتمانەدا ئەوەیە؛ “عەجاج ئەلتکریتی”ی بێگانە بە تاوانی ئەنفال بخرێتە قەفەسی دادگاوە، بەڵام ئەو جاش و موستەشارە کوردانەی بوونە چاوی ڕێنوێنیکەری دەبابەکانی بەعس و مەرگیان هێنایە ناو جەرگەی گوندەکانمان، لەوپەڕی ئاسودەیی و ئیمتیازدا بژین! ئەوانەی ماڵ و خاکیان ڕادەستی ئاگر و پۆستاڵی دوژمن کرد و بە دەستی خۆیان پەتی سێدارەیان خستە ملی براکانیانەوە، ئەمڕۆ لەبری زیندان، لەسەر تەختی کۆشک و تەلارەکان دانیشتوون و بە پارەی دزراوی ئەم گەلە، وەک “پاڵەوان” بەسەر سەرمانەوە نمایش دەکرێن. لەم نیشتمانەدا، خیانەتەکانیان نەک هەر نەچووە ناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی هیچ دادگایەک، بەڵکو لەژێر عەبای دەسەڵاتدا، ناپاکیەکانیان تواوەتەوە و کراوەتە مێدالیای شکۆ بە سنگیانەوە!

برسیکردنی گەل: جۆرێکی تری ئەنفال
تاوان تەنیا ڕشتنی خوێن و ئەشکەنجەی جەستەیی نییە؛ برسی کردنی گەلێک و دزینی نانی منداڵەکانی، جۆرێکی تری ئەنفالە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کێ دادگایی ئەو کەسانە دەکات کە نەوت و سامانی گشتییان کردە میراتی بنەماڵەیی؟ ئایا دزینی سامانی میللەت و بڕینی مووچەی هاوڵاتییان، تاوانێک نییە شایەنی دادگاییکردن بێت؟ ئەو دەسەڵاتەی قووتی میللەت دەبات، لە ڕووی مۆڕاڵییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو سەفاحەدا نییە کە گیانی میللەت دەبات.

سەفاحی بێگانە لە زیندان، سەفاحی ناوخۆ لەسەر کورسی
ناکرێت جەلادێکی عەرەب لە زیندان بێت و دادگایی بکرێت، بەڵام سەفاحێکی کورد لە لوتکەی کورسییەکەیدا بێت و چەپڵەی بۆ لێ بدرێت. تا ئەو ڕۆژەی بکوژانی شەڕی ناوخۆ، جاشە ئەنفالچییەکان، و دزەکانی سامانی نیشتمان نەبرێنە بەردەم دادگایەکی سەربەخۆ، داواکردنی دادپەروەری تەنیا دروشمێکی درۆینەیە.
ئەگەر تەرازووی دادپەروەری تەنیا بۆ دوژمن هەڵبسەنگێت، ئەوە ناوی دادپەروەری نییە؛ ناوی تۆڵەیە. چونکە نەتەوەیەک کە سەفاحەکانی خۆی لەبیر دەکات، مێژوو هەرگیز لەبیری ناکات و دووبارە هەمان خوێن بەسەر لاپەڕەکانیدا دەڕژێنێت.

لێدوانێک بەجێ بهێلە