Home بیروڕاڕۆڵی گەرووی هۆرمز لە جەنگی ئەمریکا و ئێراندا!

ڕۆڵی گەرووی هۆرمز لە جەنگی ئەمریکا و ئێراندا!

by admin
0 کۆمێنتەکان 8 بینینەکان

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود:
لە جەنگی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە دژی ئیران، ئەوەی ئیرانی کردە کاراکتەریکی بەهێزی رووبەرووبوونەوەی جەنگ و لەوەش زیاتر ناکامکردنەوەی ئامانجە فراوانترەکانی ئەمریکا، گەرووی هۆرمز بوو.
پاساوەکانی ئەمریکا بۆ دەسپێکی جەنگ (چەکی ئەتۆمی “پیتاندنی یۆرانیۆم”، هێزە پرۆکسیەکان) دوو سەرەکیترین بانگەشە بوون و باسێک لە گەروی هۆرمز لە ئارادا نەبوو. بەدەستەوەگرتنی گەروی هۆرمز لەلایەن ئێرانەوە و کردنی بە بەرەیەکی جەنگی و بەکارهێنانی وەکو لێدان لە وزەی جیهانی، لەلایەکەوە ئامانجەکانی ئەمریکای گۆڕی و لەلایەکی تریشەوە بەرەیەکی جەنگی کردووە، “بەرەی جەنگی وزە” کە توانی باڵانسی نێوان ئەمریکاو ئیران لە جەنگدا بەتەواوی بگۆرێت.
گەرووی هۆرمز لەلێکدانەوەکانی ئەمریکا و لە دەستپێکی جەنگدا، جێگایەکی نەبوو، ئەوەش بێتوانایی و سنورداربوونی خوێندنەوەی ستراتیجی و کاربەدەستە سەربازی و ستراتیجستەکانی ئەمریکا دەخاتە روو، کە پێشبینی بەدەستەوەگرتنی گەروی هۆرمزیان لەلایەن ئێرانەوە بەجدی نەگرتبوو.
هێرشە چڕ و وێرانکارییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، لەسەرەتای جەنگەکەدا بۆسەر بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵاتی ئیران و وێرانکارییەکی گەورەی بێسنور بۆسەر ژێرخانی ئێران، گورزێکی کەمەرشکێنی دا لە ئیران و تواناییەکانی بەتایبەتی توانای رابەری ئیران، بەڵام بەدەستەوە گرتن و فراوانکردنی جەنگ لەلایەن ئێران بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەی کەنداو و هاوکات داخستنی گەرووی هۆرمز… بەتەواوەتی هاوکێشەی جەنگی گۆرێ و ستراتیجی جەنگی ئەمریکای بەسەر یەکدا ڕماند.
گەرووی هۆرمز لە دیدی ئێرانەوە تەنها دەروازەیەک و رێرەوێکی ئاوی و وزەو ئابوری نێودەوڵەتی نییە، بەڵكو چەکێکی کاریگەری جەنگیشە لە راگرتنی باڵانسی هێز لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا. بۆ ئێران گەرووی هۆرمز بووە کلیلی گۆرێنی هاوسەنگی هێز و رێگایەک بۆ هێرشکردنە سەر وزەی جیهانی. جیا لەوانە گیرۆدەکردنی بازاڕ و گورز وەشاندن لە ئابوری لە ئاستی دنیادا، لەگەڵ هێرشی موشەکی درۆنی ئیران بۆسەر وڵاتانی کەنداو بەجیا لە بەرینکردنەوەی بەرەکانی جەنگ، بووە شێواندنی ئارامی ئەم دورگە هێمنەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کردنی بە بەرەیەکی جەنگ، کە دەمێک بوو، ببوو بە سەکۆی بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیل.
دەستبردنی ئیران بۆ بەدەستەوەگرتنی گەرووی هۆرمز وەکو چەکێکێکی کاریگەر، هەر رووبەرووبوونەوە لەگەڵ هەرەشەکانی ئەمریکا بۆسەر دەسەڵاتی تاران نییە، بەڵکو بێدارکردنەوەی دنیا بوو لە کاریگەری و لێکەوتەکانی بەکاربردنی ئەو کارتە لەلایەن ئیرانەوە.
ئێستا هەر گفتوگۆیەکی نێوان ئەمریکا و ئیران و تەنانەت پیشمەرجی هەر دانوستاندنێکی نێوانیان، بەستراوەتەوە بە دۆسیەی گەروی هۆرمزەوە. واتە ئەوە گەروی هۆرمزە کە بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا ناچار بە راگرتنی جەنگ بێت و بچێتە پای دانوستاندن. هۆرمز لە دەرەوەی بازنەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیرانەوە بۆتە سەنتیز و چەقی ململانێکەو کلیلی کۆتاییهینان بەو برگەیەی جەنگ.
هۆرمز کە پێش جەنگ کراوە بوو، داخستنی لەلایەن ئێرانەوە، باڵانسی هێزی گۆڕی و ئێستا بۆتە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران، کە ئێران سەپاندی. واتە ئەوە هەر ئەمریکا نییە دۆسیە دروست دەکات و دەیکاتە پاساوی جەنگ یان گفتوگۆ، بەڵکو ئیران و جەمسەرو هیزە ناوچەییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن کارتەکانی خۆیان بۆ بەرگری بەکاربهێنن. کارتی هۆرمز، کارتی راگرتنی ملهوری ئەمریکا و گواستنەوەی جەنگ بوو لە شارەکانی ئێرانەوە بۆ دەریا و وزەی جیهانی و گیرۆدەکردنی دنیا بە ئەزمەی وزەوە.
ئەگەر دۆسیەو کارتی هۆرمز بەدەست ئێرانەوە نەبوایە ئیران ناچار بە ملدان بە خواستەکانی ئەمریکا دەبوو، گەرووی هۆرمز رێگای لە خۆرادەستکردنی ئیران بە مەرجەکانی ئەمریکا گرت و لەوەش زیاتر بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ راگرتنی جەنگ. وەڵامە موشەکی و درۆنیەکانی ئیران بۆ وەستانەوە بەرووی ئەمریکا و ئامانجەکانیدا، بەپێچەوانەی بەدەستەوەگرتنی هۆرمز زۆر لاواز بوو. کارتی گەروی هۆرمز خاڵی بەهێزی ئیرانە…
هەوڵەکانی ئەمریکا چ لە رێگای گوشار و هیزی سەربازی و گەمارۆە بۆسەر هۆرمز، بۆ لەدەست دەرهینانی کارتی هۆرمزە لەدەست ئیران، بەڵام ئەو گوشارو رێگایانە تا چەندە دەتوانێت هۆرمز لەدەست ئێران دەربهێنێت؟ وا دێتە پیش چاو سەخت بێت ئەمریکا بتوانێت دۆخی هۆرمز ئاسایی بکاتەوە و بەر بەو گورزە بگرێت کە بەوزەی جیهانی بازاڕ وزە کەوتووەو دەکەوێت.
دەربازکردنی بازاری وزە و لەژێر کاریگەری دۆخی هۆرمزدا، تەنها بە بەهای پاشەکشەی ئەمریکا لە داسەپاندی خواستەکانی بەسەر ئیراندا دەتوانێ مەیسەر بێت. دۆسیەی چەکی ئەتۆمی و هیزە پرۆکسیەکان، ئێستا گرێی خواردووە بە ئەزمەی گەرووی هۆرمزەوە.
درێژە کێشانی دۆخی نە جەنگ نە ئاشتی و دانوستاندنە لەرزۆکەکان، لە ژێر سایەی بەردەوامی هەرەشەکان و بێتوانایی لە دوبارە وەرێخستنەوەی جەنگ، ئەزمەیەکی نوێیە، کە دەرهاویشتەی جەنگێکی بێ ستراتیجە کە ئەمریکا بەرپرسە لە هەڵگیرساندنیدا.
نارەزایەتی ملیۆنی بە جەنگی تاکلایەنەی ئەمریکا و تورەیی ملیۆنی بەهۆی گران بوونی نرخی سوتەمەنی و تەریک کەوتنەوەی ئەمریکا لە مامەڵە لەگەڵ جەنگی ئێراندا، بنبەستێکە باجی قورس دەخاتە سەر ئەمریکا. ئەمریکا لەڕیگای داسەپاندنی جەنگ بەسەر ئیراندا و بە پاساوی راگرتنی ئیران لە دەستراگەیشتن بە “چەکی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە رۆڵی هێزە پرۆکسیەکانی ئیران”، ویستی ئیران ناچار بکات بچیتە چوارچێوەی بازنەی بەرژەوەندییەکانی خۆی و لە کۆسپەوە بیکاتە هاوکاری بەرژەوەندیەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، و بیگۆرێت بە هاوکارێکی ناوچەیی، بەڵام جەنگ ئەو مەودایەی نێوان ئیران و ئەمریکای زیاتر و قوڵکردەوە. گورزی سەربازیش لە بەرامبەر گورزی وزە و داخستنی گەروی هۆرمزو تێوەگلانی ولاتانی کەنداو گۆرینی بە جێگایەکی نائارام، ئەمریکای ناکام هێشتۆتەوە. رێگا و بژاردەی سەرەکی بەردەم ئەمریکا لە دۆخی ئەزمەگرتووی ئێستادا پاشەکشەو دەرچوونە لەو ئەزمەیە تەنانەت ئەگەر بەهاکەی سەختیش بێت، چونکە بەهای درێژە دان بەو دۆخەی ئێستا و درێژە کێشانی تا دێت سەختر و قورستر دەبێت…
ناوەراستی ئایاری ٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە