موحسین کەریم: 
لەدوای ٢٠٠٩ ەوە لەناو خێزانی بۆرژوازی کورددا دەستەواژەیەکی سیاسی سەری هەڵداو رەواجی پەیداکرد، بەناوی دەستەواژەی ئۆپۆزیسیۆن! هەڵبەتە پێش ئەو مێژووە، دوو حزبی بزوتنەوەی کوردایەتی؛ یەکێتی و پارتی، وەکو دوو هێزی دژ بەیەك بەردەوام لە کێشمەکێشدا بوون بۆ پاوانکردنی سەرکردایەتیکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی و لەو رێگایەشەوە رەسمیەت و شەرعیەت وەگرتن وەکو نوێنەری تاقانەی بۆرژوازی کورد، بەڵام هیچکامیان ئامادە نەبووە وەکو ئۆپۆزیسیۆنی ئەوی دیکە خۆی ناوزەدبکات یاخود ئەو پێگەیە قبوڵ بکات. دوو هێزی چەکدار، ئامادەنین لەڕێگای ململانێێ سیاسیەوە پرسی دەسەڵات و دابەشکردنی دەسەڵات یەکلایی بکەنەوە، بەڵکو هەمیشە لولەی چەکەکان فاکتەری یەکلاکەرەوە بووە. سەرەنجام، لەناو پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا، دەسەڵاتی سیاسی لەنێوان خۆیاندا بەپێی هاوکێشەی هێزی سەربازی دابەشکراوە، کە لەسەرەوە بەڕواڵەت حکومەتێك هەیە، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێوەی واقعییش دوو ناوچەی دەسەڵات، دوو زۆنی سەوز و زەرد، دەسەلاتی بەکردەوەی ئەو دوو هێزە بەرجەستە دەکات.
لەدەرەوەی ئەو دوو حزبەوە، کۆمەڵێك حزبی دیکەی بۆرژوازی کورد، لە ئیسلامی و ناسیۆنالیستی بەدرێژایی دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە هەبوون، کەچی هیچکات بانگەشەی ئەوەیان نەکردوە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دەسەڵاتەن، بەڵکو بەپلەی سەرەکی کێشمەکێشیان لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا بەدەوری ئەوەدا سوڕاوەتەوە کە کام لەو دووحزبە ئامادەبووە ئیمتیازێکیان بداتێ و لە دەسەڵات و حوکمڕانیدا، بەشدارییان پێبکات، خۆیان وەکو هاوپەیمانی ئەو حزبە ناساندوە. بەڵام دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا، بەو ئومێدە ئەرخەوانیەی کە دەتوانێ سیستەمی حوکمرانی کوردستان لە دەسەڵاتی میلیشیاییەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی دامەزراوەیی، لە ساڵی ٢٠٠٩دا بزوتنەوەی گۆڕانی دروستکرد، بزوتنەوەکەی خۆی وەکو هێزێکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن ناوزەد کرد و پڕوپاگەندەی ئەوەی کرد کە لەرێگای خەباتی سیاسی و پەرلەمانیەوە دەستاودەستی دەسەڵات لە کوردستان دەکات، بەوجۆرە و بەپشتیوانی ئەو هێزەی لە دەوری کۆبووبوەوە، دەسەڵات لەرێگای دەنگدانەوە لە یەکێتی و پارتی وەردەگرێتەوە!
بەدەر لەوەی نەوشیروان بەڕاستی باوەڕی بەوە هەبووە کە لەرێگای ئەو ستراتیژەوە دەتوانێ پارتی و یەکێتی لەدەسەڵات بخات، یاخود ئەم بانگەشەیەی سیاسەتێکی پۆپۆلیستیانە بوو بۆئەوەی جەماوەرێکی زۆری خەڵك کە خوازیاری گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستاندا بوون و لەدەسەڵاتی چەتەگەری و تاڵانچی و سەرکوتگەر و دژە ئازادی یەکێتی و پارتی توڕەو ناڕەحەت بوون، بەشوێن خۆیدا کێش، بەڵام سەرەنجام دوای یەک دوو دەورە لە هەڵبژاردن و خەباتی پەرلەمانی، لەجیاتی وەرگرتنی دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی، خۆشی بووە شەریکی دەسەڵاتە میلیشیایی و تاڵانچی و سەرکوتگەر و گەندەڵەکەیان!
لەوکاتەوە ئیتر ئەو هێزانەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، کە بەشێکیان پێشتر لە ساتوسەودا لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا گۆشەیەکی دەسەڵات و خێرو بەرەکەتی کوردستانیان بەردەرکەوت، خۆیان وەکو هیزی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن دەناساند کە گوایە ئامانجیان بەرگریکردنە لە خواست و دواکاریەکان و مافەکانی خەڵکی کوردستان و هەول دەدەن لەرێگای دەنگدان و خەباتی پەرلەمانیەوە نفوزی سیاسی و توانای فشارکردنیان لەسەر یەکێتی و پارتی و رادەی بەشدارییان لە بڕیاری سیاسیدا زیاتر و کاریگەرتر بێت، بەوجۆرە، ئەمجارەیان بەناوی بەرگری لە مافەکانی خەڵکەوە دەستیان لە نازو نیعمەتی دەسەڵات گیرببێت! لەناو ئەو هێزانەدا و لەسەر لاشە مروودی بزوتنەوەی گۆڕان، چەندین رەوتی سیاسی دیکەی پۆپۆلیستی بەناوی جۆرواجۆرەوە سەریان هەڵدا کە هەوڵیاندەدا ئەو توڕەییەی خەڵک لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کە گۆڕان ئاوی ساردی بەسەردا کرد، گەرم بکەنەوە. یەکێك لەو لایەنانە نەوەی نوێ بوو کە بە پڕوپاگەندەی قەبەی دژە یەکێتی و پارتی، کە هەندێجار تارادەی هەرەشەی هەڵواسینی سەرانی یەکێتی و پارتی دەڕۆیشت، خۆی وەکو تاکە هێزی نەیاری راستەقینەو سازشهەڵنەگری ئەو دەسەلاتە بنەماڵەییە هەڵدەخست!
بێگومان بەشێك لە خەڵکی توڕە لە دەسەڵاتی مافیایی یەکێتی و پارتی، بەهۆی لاوازی ئۆپۆزیسۆنی کرێکاری و کۆمۆنیستیەوە، بەناچاری پاڵی دا بەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی بۆرژوازی و بەپلەی سەرەکی نەوەی نوێ وە، کە توانی لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ١٥ کورسی مسۆگەر بکات و وەکو “هێزی سێهەمی پەرلەمانی” دەربکەوێ! ئەو سەدانهەزار دەنگە توڕەو نارازیە لەسەر ئەو بنەمایە کۆکرابوەوە کە سەرۆك و ئەندام پەرلەمانەکانی نەوەی نوێ بەشێوەی توند و زۆرجار تەنانەت بەشێوەی سوکایەتیپێکردن رەخنەیان لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی دەگرت! بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی نەوەی نوێ لەلایەن یەکیتیەوە زیندانی کرا، دوای چەند مانگ زیندانی و هەر لەناو زیندانەوە، خۆی وەکو برابچووکی بافڵ تاڵەبانی ناساند و ئاراستەی سیاسەتی بەرەو لای یەکێتی و دژی پارتی وەرگێڕا! ئێستا ئیتر نەوەی نوێ بەشێكی پێوەلکاوی جەستەی یەکێتیە کە بەپێی بەرژەوەندیەکانی یەکێتی هەڵسوکەوت دەکات و هەموو بابەتی دژایەتیکردنی دەسەڵات بۆی بوەتە ڕاستکردنەوەی لاسەنگی بە قازانجی یەکێتی دژی پارتی! لەکاتێکدا خەڵکی ناڕازی کوردستان زیاتر لە سێ دەیەیە بەدەست دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیەوە دەناڵێنن و بەدڵ خوازیاری ژێرەوژووربوونی دەسەڵاتەکەیانن!
