کاوە کەریم: 
مەرج نییە قەیرانەکانی سەرمایەداری تەنها ڕووداوێکی سادە بن یان تەنها لەسوڕی سەرمایەدا ڕووبدەن، بەڵکو قەیرانەکان دەربڕینی دژایەتییەکی ناوەکی سیستەمەکەن، کەپشت دەبەستێت بەئیستیغلالکردنی هێزی زیندو(چینی کرێکار) بۆ بەردەوامی کاری مردوەکان (سەرمایەداران).
بەرهەمهێنان کۆمەڵایەتییە چونکە ملیۆنان کرێکار بەکۆمەڵ کاڵا بەرهەمدەهێنن، بەڵام ئامانجەکە تایبەتە و قازانج بۆ سەرمایەدارەکان دەڕوات. لەهەمان کاتدا کێبڕکێ سەرمایەدارەکان پاڵدەنێت بۆ وەبەرهێنان لەئامێرو تەکنۆلۆژیادا، ئەمەش بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات و لەدرێژخایەندا بەرەوڕووی مەیلی دابەزینی ڕێژەی قازانج دەبێتەوە. کاتێکیش ئەمە ڕوودەدات، سەرمایە بەشێوەیەک کەڵەکە دەبێت کەناتوانرێت بەشێوەیەکی بەرهەمدار وەبەربهێنرێتەوە، بۆیە پێویست دەبێت بەهای بەشێکی سەرمایە دابەزێنرێت، ئەمەش بەداخستنی کارگەکان، مایەپووچی کۆمپانیاکان، لێرەدا سەروەت و سامانەکان بەهاکەیان لەدەستدەدەن. لەم نێوەشدا هەندێکجار جەنگ دەبێتە یەکێک لە توندڕەوترین میکانیزمەکان بۆ ئەم بێبەهاکردنە. لەم نێوەشدا نەک سەرمایەی نەگۆڕ(ژێرخانی، توانای پیشەسازی)، بەڵکو کاڵاکان (تەنانەت هێزی کاریش) لەناودەچێت. سەرەنجام دووبارە پێویستی پەیوەندییە ئابورییە جیهانییەکان بۆ ڕێکخستنەوە دێتە مەیدان و هەلومەرجێک دروست دەکات بۆ دووبارە وەبەرهێنانەوە و گەڕاندنەوەی ئاستی ڕێژەی قازانج. بەم مانایە جەنگ شتێکی دەرەکی نییە بۆ سیستەمی ئابوری سەرمایەداری؛ بەڵکو درێژەپێدەرێک و بەردەوامیەکی توندوتیژانەی پرۆسەی قەیرانەکانە بەڕێگەی دیکە. ئەمەش خاڵێکی سەرەکییە لەپەیوەند بەقەیران و جەنگەوە.
فاکتۆرێکی دیکەی گرنگیش هەیە لەم پەیوەندەدا، ئەوەش لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداریدا، زاڵبوونی قۆرخکاری و سەرمایەی دارایی دێتە ئاراوە، کەنەک تەنها لەناوخۆدا بەڵکو لە ئاستی جیهانیدا بەدوای قازانجدا دەگەڕێن و هەناردەکردنی سەرمایە دەبێتە شتێکی بنەڕەتی. بەڵام سنووری جیهان و دابەشبوونی بازاڕ و سەرچاوەکان سنووردارە لەنیو زلهێزەکاندا، کە دووبارە کێشەی نوێ دروستدەکات. بۆیە ململانێ بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی بازاڕی جیهانی توندتر دەبێتەوە. لێرەدایە بژاردەی جەنگ دەبێتە یەکێک لە بژاردەکان، نەک تەنها ململانێی جیۆپۆلەتیکی، بەڵکو پێکدادانەکانی نێوان بلۆکی سەرمایە بۆ یەکاڵاکردنەوەی کێشەکە.
کەواتە بژاردەی جەنگ لەسەردەمی قەیراندا بۆ سیستەمی سەرمایەداری تەنها هەڵبژاردنێکی سیاسەتێک یان تەنانەت کێبڕکێی نێوان دەوڵەتەکان نییە، بەڵکو وەک دەرئەنجامێکی سیستماتیکی پێویستی سەرمایەداری بۆ چارەسەرکردنی دژایەتییەکانی خۆی- لەڕێگەی لەناوچوون و ڕێکخستنەوە و کەڵەکەبوونی نوێ لەسەر ئاستی جیهانی.
لەکاتی قەیرانی ئابوریدا ئەرک و ڕۆڵی دەوڵەتانی سەرمایەداری زیاتر دەردەکەوێت. کاتێک میکانیزمە ئاساییەکانی دەستدەکەن بەشکست یان سەرکەوتوو نابن، دەوڵەت مەیلی دەستوەردانی ڕاستەوخۆتری هەیە بۆ سەقامگیرکردنی سیستەمەکە. ئەرکی ڕزگارکردنی پیشەسازییە شکستخواردووەکان یان دامەزراوە داراییەکان دەگرێتە ئەستۆ و هەوڵدەدات نائارامییەکانی کار سەرکوت بکات، یان سەرچاوەکان بگوازێتەوە بۆ ئەو کەرتانەی کە گرنگن بۆ گەڕاندنەوەی قازانج. بەڵام جەنگ نوێنەرایەتی فۆرمێکی توندڕەوی ئەم دەستێوەردانە دەکات. چونکە دەوڵەت دەتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر ژیانی ئابوریدا بکات، بەرهەمهێنان بەشێوەیەک ئاراستە بکات کە گەرەنتی خواست بۆ کاڵای سەربازی دابین بکات. واتە جەنگ دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی بەسەر ئانارشی سەرمایەداریدا زاڵ بێت بە هەماهەنگیکردنی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستێکی بەرفراوان.
قەیرانەکانیش پرۆسەی ناوەندگەرایی سەرمایە خێراتر دەکەن، کۆمپانیا بچوکەکان مایەپوچ دەبن یان ناچاردەبن موڵک و سامانەکانیان هەرزان فرۆش بکەن، لەکاتێکدا کۆمپانیا گەورەکان، ئەوانەی کە یەدەگێکی زیاتریان هەیە، دەستڕاگەیشتنێکی باشتریان بەدارایی هەیە، یان پشتگیرییەکی بەهێزی دەوڵەتیان هەیە، دەتوانن ئەو کەرتە شکستخواردووانە بکڕن و باڵادەستی خۆیان فراوانتر بکەن، یان بەواتایەکی تر “هێزە گەورەکان بچووکەکان قووت دەدەن”. ئەمەش ئەوەیە کە مارکس بە “ناوەندگەرایی سەرمایە” وەسفی دەکات، کە توێژێک لە سەرمایەدارەکان بەشێکی گەورەتری ئابووری کۆنترۆڵ دەکەن. بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان دوو پرۆسەی پەیوەندیداردا، یەکەم چڕبوونەوەی سەرمایە، ئەمەش بەمانای گەشەی تاکە کۆمپانیاکان لەڕێگەی کەڵەکەبوونەوە وەبەرهێنانەوەی قازانج، دووەم، “ناوەندگەرایی سەرمایە”، ئەمش بەمانای گەشەکردن لەڕێگەی یەکگرتنەوە، دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ڕکابەرەکان. لەبوونی قەیرانەکاندا بە تایبەت پرۆسەی دووەم خێراتر دەکەن. ئەمەش بەتەنیا ڕووداوێک نییە، بەڵکو میکانیزمێکە کەچۆن سیستەمەکە خۆی دادەڕێژێتەوە دوای تێکچوون. کەواتە بیرۆکەکە تەنیا وەسفکەر نییە- پێکهاتەیەکییە: قەیرانەکان تەنیا سەرمایە لەناو نابەن، بەڵکو ڕێکدەخەنەوە بۆ دەستی کەمتر و گەورەتر و بەهێزتر. ئەم لەناوچوونە بەمانایەکی سادە ئامانجێکی بە ئەنقەست نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی سیستماتیکە. سەرمایەداری ناتوانێت هەموو هێزە بەرهەمهێنەرەکانی ئێستا بپارێزێت ئەگەر قازانجیان نەبێت. کەواتە بۆ ئەوەی قازانج بگەڕێتەوە، دەبێت بەشێک لەو توانایە نەهێڵرێت، بەهای کەم بکرێتەوە، یان ڕێکبخرێتەوە. ئەمەش دژایەتییەکی بنەڕەتی ئاشکرا دەکات، سیستەمێک کە توانای بەرهەمهێنانی زۆری هەبێت، لە کۆتاییدا ئەو توانایە لەناو دەبات یان بەفیڕۆ دەدات، چونکە سیستەمەکە بە قازانج بەڕێوەدەچێت نەک پێویستی مرۆڤ.
لەجەنگدا، کارگە و ژێرخان و شارەکان بە شێوەیەکی فیزیکی لەناو دەچن، بەشێکی زۆری هێزی کار لەناودەچن، یان یان ئاوارە دەبن، تەواوی پیشەسازییەکان و تۆڕە ئابورییەکان دەڕووخێن. ئەم جۆرە لەناوبردنە، وەک لە جەنگی جیهانی دووەمدا بینراوە، سەرمایەی “زیاددەڕۆیی” یان بێ قازانج بە قەبارەیەکی بەرفراوان پاکدەکاتەوە. دواتر ئاوەدانکردنەوە دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنان و قازانجی زیاتر و فراوانبوونی ئابوری نوێ دروستدەکات.
کاتێک دەڵێن جەنگی سەرمایەداری یەکێکە لە بژاردەکان بۆ لەناوبردنی هێزە بەرهەمهێنەرەکان، بە تایبەت لە قەیرانە قووڵ و سیستماتیکییەکاندا. کەواتە کاتێک دەوترێت سەرمایەداری “لە ڕێگەی جەنگەوە هێزە بەرهەمهێنەرەکان لەناو دەبات”، مەبەست ئەوەیە کە شەڕ توندڕەوترین و چڕترین دەربڕینی پرۆسەیەکی فراوانترە کە لە ئێستاوە لە قەیرانەکاندا ئامادەیە: پێویستی سیستەمەکە بۆ نەهێشتن یان بێبەهاکردنی توانای بەرهەمهێنانی هەبوو لە پێناو گەڕاندنەوەی قازانج و دەستپێکردنەوەی کەڵەکەبووندا.
بەڵام مەبەست لێرەدا ئەوە نییە کە بۆرژوازی هەمیشە بە ئاگادارییەوە جەنگ وەک چارەسەرێک هەڵدەبژێرێت. بەڵکو کە لۆژیکی سیستەمەکە وا دەکات کە ئەم جۆرە دەرئەنجامانە لە ژێر فشارێکی زۆردا زیاتر ڕوو بدەن. جەنگ دەبێتە یەکێک لەو ڕێگایانەی – شانبەشانی ئیفلاس و بێکاری و دابەزینی بەها – کە سەرمایەداری لە ڕێگەیەوە قەیرانەکانی چارەسەر دەکات. ئەمەش بەمانای ئەوەی جەنگ دەتوانێت وەک هێزێکی بەرپەرچدانەوەی بەرفراوان بۆ دابەزینی ڕێژەی قازانج و کەمکردنەوەی بەهای گشتی سەرمایە کار بکات.
هەروەها جەنگ بارودۆخی ئیستغلالکردنی کار لە قاڵب دەداتەوە. دەتوانێت بزووتنەوە کرێکارییەکان لاواز بکات، دیسپلین بسەپێنێت و لەهەندێک حاڵەتدا کرێ کەم بکاتەوە یان چڕی کار زیاد بکات. بەو پێیەی قازانج لە کۆتاییدا لە زیادەی کارەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە یارمەتیدەرە بۆ گەڕاندنەوەی قازانج.
لەم گۆشەنیگایەوە، شەڕ تەنیا وێرانکاری نییە- هاوسەنگکردنەوەی توندوتیژانەی مەرجەکانی قازانجکردنە. یارمەتی چارەسەرکردنی ئەو دژایەتییە دەدات کە بەهۆی دابەزینی ڕێژەی قازانجەوە دروست دەبێت. ئەمەش بەمانای کەمکردنەوەی بارستەی سەرمایەی زیادە کەڵەکەبوو و زیادکردنی ڕێژەی ئیستغلالکردن، هەروەها کردنەوەی ڕێگای نوێ بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایە.
هەروەها ڕەهەندێکی ئایدیۆلۆژیی چارەنووسسازی تریش هەیە لەم نێوەنەدا، قەیرانە توند و قوڵەکانی سیستەمی سەرمایەداری هەندێک جار دەبنە هەڕەشە بۆ سەر خودی سیستەمەکە، ئەویش لەئەنجامی ناڕەزایەتی چینی بەرهەمهێنەرەوە لەبەرانبەر بەرئەنجامی قەیرانەکە، ئەمش ڕێگا خۆش دەکات بۆ ڕادیکاڵبوونی ئەو چینە. ئەمەش هەڕەشە لەبوونی سیستەمەکە دەکات، بۆیە جەنگ یارمەتیدەرە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنەوەی ئەم هۆشیارییە، دژایەتی چینایەتی بە یەکێتی نەتەوەیی دەگۆڕێت. ئەمەش بەمانای گۆڕینی شەڕی چینایەتی بۆ ناوەوە بۆ جەنگێکی دەرەکی. چینی کرێکار نەک دژی سەرمایە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت-نەتەوە کە دواجار نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە بۆرژوازییەکان دەکات، کۆدەکرێنەوە.
