نووسینی: هێمن عەلی:
سیاسەت لە بنەڕەتدا ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی گشتی؛ وەزیفەیەکە کە دەبێت وەک هەر کارێکی تر سەرەتا و کۆتایی هەبێت. بەڵام بۆ هەندێک کەس، سیاسەت دەبێتە ئالوودەبوون و کورسیی دەسەڵات دەبێتە بەشێک لە جەستەیان، بە جۆرێک پێیان وایە بەبێ ئەوان ژیان دەوەستێت.
گەورەیی سیاسەتمەدار لەوەدایە بزانێت کەی کاتی ڕۆیشتنە، نەک ئەوەی تا مردن بە کورسییەوە بلکێتەوە.
ئێستا باسی چەند نموونەیەکی جیهانی دەکەین.
پاڤۆ ڤایراینن: مێرسێدێسی ڕووقایمی فینلەندا
پاڤۆ ڤایراینن وەک مێرسێدێسێکی کۆنی ڕووقایمە؛ هەرگیز ناوەستێت. لە ڕابردوودا سیاسەتمەدارێکی ناسراو بوو، بەڵام چونکە نەیزانی کەی واز بهێنێت، دواجار بووە جێگەی گاڵتە. تەنانەت پارتەکەی خۆیشی دەری کرد. ئێستا هەر خۆی کاندید دەکات، بەڵام خەڵک پشتی تێکردووە. پەیامی فینلەندییەکان بۆی ڕوونە:
«کاکە، سەردەمی تۆ کۆتایی هاتووە.»
نموونەی تری جیهانی: ئەوانەی تا سەر مەرگ وازیان نەهێنا
پاڤۆ بە تەنها نییە لەم نەخۆشییەدا. لە جیهاندا چەندین نموونەی تر هەن کە دەریدەخەن چۆن سیاسەتمەدار، کاتێک لە کاتی خۆیدا واز ناهێنێت، مێژووەکەی خۆی لەکەدار دەکات.
مەهاتیر محەمەد (مالیزیا)
سەرەڕای ئەوەی سەرکردەیەکی مێژوویی بوو، بەڵام نەیزانی کەی پشوو بدات. لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا دووبارە خۆی کاندید کردەوە لە ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام نەک هەر دەرنەچوو، بگرە پارەی بارمتەی هەڵبژاردنەکەشی دۆڕاند.
ڕۆبەرت موگابێ (زیمبابوێ)
لە پاڵەوانێکی ڕزگاریخوازەوە گۆڕا بۆ دیکتاتۆرێک کە تا تەمەنی ٩٣ ساڵی لەسەر کورسی مایەوە، تا دواجار بە زەبری هێز و ئابڕووچوونەوە لەسەرکورسی دابەزێنرا .
سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی (ئیتاڵیا)
تا دوا ساتەکانی ژیانی، هەر بەدوای پۆست و دەسەڵاتەوە بوو. سەرەڕای دەیان ئابڕووچوون، پێی وابوو ئیتاڵیا بەبێ ئەو بەڕێوە ناچێت، تا دواجار مەرگ کۆتایی بە ژیانی سیاسی هێنا.
بێرلوسکۆنی: تەمساحێکی نەمر
نەیارانی بێرلوسکۆنی پێیان دەوت «تەمساحەکە»؛ چونکە وەک تەمساحێکی سەرڕەق وابوو، هەرگیز بە ڕەخنە و ئابڕووچوون نەدەشکا. تەنانەت لەناو گەورەترین کێشە سیاسی و دارایییەکانیشدا هەمیشە دووبارە دەگەڕایەوە.
ئەگەر پاڤۆ لە فینلەندا وەک مێرسێدێسێکی کۆن وابێت کە خراب نابێت، بێرلوسکۆنی لە ئیتاڵیا وەک «تەمساحێکی نەمر» سەیر دەکرا؛ تەنها مەرگ توانی لە سیاسەت جیای بکاتەوە.
کوردستان: کاتێک سیاسەت دەبێتە «تاپۆی ڕەش»
ئەگەر لە ئیتاڵیا، فینلەندا و وڵاتانی تر خەڵک بە دەنگنەدان و دەرکردن لە حزب سزای ئەم جۆرە کەسانە بدەن، ئەوا لە کوردستان کارەساتەکە زۆر قووڵترە.
لە کوردستان، بەشێکی زۆری سەرکردە و سیاسەتمەدارەکان چەمکی «خانەنشینبوون»یان لە فەرهەنگی خۆیاندا سڕیوەتەوە. خەڵکی کورد و سیستەمە سیاسییەکەش زۆر بە هەڵە لە سیاسەت تێگەیشتوون:
سیاسەت وەک میرات
لە کوردستان، سیاسەت پۆستێکی خزمەتگوزاری نییە؛ بەڵکو موڵکە، تاپۆیەکی ڕەشە کە بەناوی شەخسەوە کراوە و دواتر بۆ منداڵەکانی دەمێنێتەوە.
مردن وەک تەنها ڕێگەی دەرچوون
لێرە سیاسەتمەدار واز ناهێنێت تا ئەو ڕۆژەی دەخرێتە ناو تابووتەوە. هیچ ڕێگاچارەیەک نییە بۆ ڕادەستکردنی ئاڵاکە بە نەوەیەکی نوێ، گەنجتر و پڕ ووزەتر.
بێزاربوونی جەماوەر
خەڵک بە تەواوی لەم سیاسەتمەدارانە بێزار بوون. زیاتر لە سێ دەیەیە هەمان دەموچاو، هەمان قسە و هەمان بەڵێنی بێناوەڕۆک دووبارە دەکرێتەوە. جەماوەر لە ناخەوە هاوار دەکات:
«وەڵا لێتان بێزار بووین، واز بهێنن!»
بەڵام گوێیان لەم هاوارە نییە، چونکە مانەوەیان لەسەر ویستی خەڵک نییە؛ لەسەر هێز و پارە و عەشیرەت و دامەزراوەی دەسەڵاتە.
سیاسەتی تابووت: تەنها مردن لە کورسی دادەبەزێنێت
جیاوازییەکە لێرەدایە: لە وڵاتانی ئەوروپادا، کاتێک سیاسەتمەدارانی وەک بێرلوسکۆنی یان پاڤۆ ڤایراینن واز ناهێنن و بە کورسییەوە دەچەسپن، سیستەمی دیموکراسی پەراوێزیان دەخات و دەبنە جێگەی گاڵتە و ڕەخنە.
بەڵام لە کوردستان، ئەو «ڕووقایمانە» هەر لەسەر شانی نەتەوە دەسەپێندرێن و لەگەڵ خۆیاندا داهاتووی وڵات پیر و پەککەوتە دەکەن.
گەورەیی سیاسەتمەدار لەوەدایە بزانێت کەی کاتی ڕۆیشتنە، نەک ئەوەی بمێنێتەوە تا ببێتە بارگرانی و ڕق لێلێکراو.
سیاسەت ئەگەر خزمەت بێت، دەبێت کۆتایی هەبێت؛ بەڵام کاتێک دەبێتە موڵک، نەتەوە دەبێتە قوربانیی تەمەنی سیاسەتمەدار.
