Home بیروڕاخەڵکی ئێران لە بەردەم سەرکەوتندا

خەڵکی ئێران لە بەردەم سەرکەوتندا

بەردەوامبوونی ئاگربەست یان جەنگ؟ کامەیان؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 10 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
ئێعدامکردنی ئازادیخوازان، بە تایبەتی گەنجانی ئێرانی لە ناو ئێراندا، هەروا بەردەوامە. دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران هەروەها بەردەوامە لە مووشەکبارانکردن و ناردنی فرۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. گفتوگۆکانی ئەم رژێمە لەگەڵ لایەنەکانیتر گەیشتووەتە بن‌بەست و شکستیان هێناوە. «هەڵبژاردەی جەنگ» کە رژێمی دیکتاتۆری ئێران هەڵیبژاردووە، هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی ئێرانەوە نەبووە و نییە. هەر بۆیەش داڕووخانی ئەم رژێمە حەتمییە و ناتوانرێت لێی لابدرێت. ئەزموونەکان سەلماندویانە کە ئەم رژێمە ناتوانێت ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت و دەبێت لە ناو بچێت. ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ چارەسەری کێشەی ئێران لە هاوئاهەنگی و پشتگیرییکردنی خەڵک و بەرخۆدانی خەڵکی ئێران.
تا ئەم رژێمە لەسەر دەسەڵات بێت، «دیالۆگی ساختە» و «شەڕفرۆشی» هەروا بەردەوام دەبن. نابێت ئەم بنەما سەرەکییە بە کەم دابنرێت. تەنها رێگای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رژێمی ئێران، لەناوبردنی ئەو رژێمەیە. ئەمەش ئەزموونێکی تاڵی پێنج دەیەی رابردووە. چونکە ئەم رژێمە هیچ باوەڕێکی بە مافەکانی کەسانیتر نییە و نابێت متمانە بە رژێمی ئێران و پشتیوانانی ئەم رژێمە بکرێت. ئەم رژێمە هەر کاتێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، مافەکانی خەڵکانیتر دەکاتە قوربانیی ئارەزووەکانی خۆی.
مانەوەی رژێم گرێدراوە بە بەردەوامبوونی «جەنگ» و کەلێن هەڵناگرێت. بە تازەیی یەکێک لە دەسەڵاتدارانی ئەم رژێمە رایگەیاندووە کە: «ئاواتی ئێمە دەستپێکردنەوەی جەنگە». جگە لە سەرکردەکانی دەسەڵاتی ئێران، هیچ لایەنێک نییە خوازیاری «جەنگی دەرەکی» بێت. ساڵانێک پێشتر، (جەواد مەنسووری)، یەکەم فەرماندەی سوپای پاسداران، ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی جەنگی هەشت ساڵە کرد بۆ رێگرتن لە راپەڕینەکانی خەڵک و وتی: (ئەگەر جەنگ نەبوایە، رژێم لەناو دەچوو. جەنگ بوو کە رژێمی رێکخست، هێزی پێدا، ئەزموونی پێدا، ورە و پێگەی پێدا. ئەنجامەکانی جەنگ بۆ ئێمە زۆر باش بوو. بەهۆی جەنگەوە توانی‌مان دژەشۆڕش لە ناو ئێراندا سەرکوت بکەین) (تەلەڤیزیۆنی ئاستانی قودس بەرنامەی گەرا. رەزبەری 2017).
ئاشتی و ئازادی
لە بەرامبەر رژێمدا، دروشمی ستراتیژیی «ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی خەڵکی ئێران» هەمیشە «ئاشتی و ئازادی» بووە بە ئێستایشەوە. راگەیاندنی (دەوڵەتی کاتی)ی کۆماری دیموکراتیکیش، کە بە تازەیی راگەیەنراوە، لە هەمان چوارچێوەدایە.
رژێمی دیکتاتۆری ئیران لە ژێر سێبەری «جەنگ»دا ــ کە دامەزرێنەری ئەم رژێمە لە سەرەتای هاتنە سەرکاردا، بە «بەخشینی خودایی» و «نیعمەتی خودایی» بۆ مانەوەی رژێمەکەی ناوی بردبوو ــ گەنجانی ئێرانی ئێعدام دەکات تا بە گومان و تێڕوانینی خۆی، ترس بخاتە ناو دڵی کۆمەڵگاوە و چاو سوور کاتەوە. بەڵام غافڵە لەوەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان، لە بەرامبەر ئێعدام و سەرکوتدا پاشەکشە ناکەن و بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت.
داهاتووی جەنگی دەرەکی؟
ئەنجامی «جەنگ» بە ئازادییەکان و داواکارییە دێرینەکانی خەڵکی ئێران لە چەند دەیەی رابردوو و هەروەها بە چارەنووسی نەتەوەیی ئێرانەوە گرێدراوە. هەربۆیە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بە ئاسانی خۆمان لە جەنگ یان گفتوگۆ، یان گەمارۆی دەریایی، یان داخستنی گەرووی هۆرمز و ئێعدامەکان لا بدەین. هەر بۆیە دەبێت دەستکەوتی کۆتایی جەنگ، لە رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دیکتاتۆرییەک لە ئێراندا ببینرێت.
ئێعدام و کوشتاری دژبەرانی رژێم لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا و لە ژێر سێبەری جەنگ و گفتوگۆدا، بەبێ وەستان بەردەوامە و کۆمەڵگای گەیاندووەتە خاڵی تەقینەوە. «قەیرانی رووخاندن»ی رژێمی مەزهەبی هەروا لەسەر مێزە و وەک خۆی ماوەتەوە. چونکە خەڵک و بەرخۆدانی ئێران بە کەمتر لە رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری رازی نابن. هیچ قەیرانێک لە ئێراندا بەبێ رووخاندنی رژێم چارەسەر نابێت. ئاگربەست، بەردەوامبوونی یان دەستپێکردنەوەی جەنگ، هەرچەندە کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە هەیە، بەڵام چارەسەری کێشەی ئێران ناکات. سەرنج دەبێت لەسەر گۆڕینی رژێم بێت، کە ئەوە بەڵێن و ئەرکی گەورەی خەڵک و بەرخۆدانی ئێران و پشتیوانانیانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
مانەوەی دیکتاتۆری لە ئێران
گوێنەدانە ئەم راستییە و نەبوونی سەرنج لەسەری، بووەتە هۆی مانەوە و ئەندامبوونی ئەم رژێمە دیکتاتۆرییە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. هەروەها قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ئێران نەک هەر هەروا بەردەوام بوون، بەڵکو توندتر و زیاتر بوون. ژێدەر و سەرچاوەی هەموو قەیرانەکان، ئەو رژێمەیە کە بەبێ گرنگیدان بە خەڵکی ئێران، کوشتار و تاڵان دەکات. ئەم رژێمە لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، شەڕفرۆشتن و دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانیتر، بە تایبەتی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئەوان، دەست هەڵناگرێت. رژێمی ئێران دەیەوێت بە هەبوونی جەنگ و سەرکوت و سەپاندنی زۆرترین فشار بەسەر خەڵکدا، لە زنجیرەکانی ئەم قەیرانە قووڵانە، خۆی رزگار بکات.
نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە گەورەکردنەوەی «ئاگربەست» یان «جەنگی دەرەکی» رووی دیکەی «سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی»یە. ئەزموون سەلماندوویەتی کە هەرسێ هەڵبژاردەکە، واتە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم رژێمە. هەڵبژاردەی دروست، پشتگیریکردنە لە خەڵک و بەرخۆدانی ئێران، واتە ستراتیژیی رووخاندنی ئەم رژێمە.
رژێمێکی شەڕفرۆش
ئەزموونەکانی چەند دەیەی رابردوو بە باشی نیشان دەدەن کە شەڕفرۆشتن لە دژی عێراق (١٩٨١) یان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (٢٠٢٥) یان دژی کۆمەڵگەی جیهانی (لانیکەم لە سێ دەیەی رابردوو)، لەلایەن رژێمی مەزهەبیی ئیرانەوە بووە کە هەمیشە بۆ لەسەر کار مانەوەی خۆی و درێژکردنەوەی تەمەنی، فیتنە و پیلانی کردووە و لەم رێگەیەوە بەدوای مانەوەی خۆیدا گەڕاوە. هەر تاکتیکێکیشی گرتبێتە بەر، لە سۆنگەی ستراتیژیی شەڕفرۆشییەکانی ئەم رژێمەوە بووە. ئەم رژێمە ویستوویەتی و دەیەوێت بەردەوامی بدات بە جەنگی خۆی لە دژی خەڵک و ئازادیخوازانی ئێران لە ژێر سێبەری شەڕی دەرەکیدا. زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئێران قوربانیی ستراتیژیی شەڕفرۆشتنەکانی ئەم رژێمە بوون. هەروەک چۆن دەیان ملیۆن ئێرانی و نائێرانی بوونەتە قوربانیی ئەم ستراتیژییە مەترسیدارە لە ناوچەکە و لە جیهاندا.
دوا وتە
رژێمێ ئێران ویستوویەتی و دەیەوێت فراوانخوازیی ئایینی بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی ناوچە. هەر بۆیەش ئەو جەنگەی بە (جەنگی ئیسلام و کوفر) ناساندووە. رژێمی ئێران پوختەی هەموو رژێمە دیکتاتۆرییەکانی ئەم ئاو و خاکەیە. سەقامگیری و ئاسایش لەم ناوچەیەی جیهاندا، تەنها بە رووخاندنی ئەو رژێمە بەدیدێت. خەڵک و بەرخۆدانی ئێران رووخاندنی ئەم دیکتاتۆرییە ترسناکە بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
***

لێدوانێک بەجێ بهێلە