نووسینی: هێمن عەلی:
لە بنەما زانستی و پیشەییەکانی ڕاگەیاندندا، میدیا وەک ئاوێنەی کۆمەڵگا دەبینرێت؛ ئەرکی سەرەکیی گواستنەوەی ڕاستییەکان، چاودێریکردنی دەسەڵات و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتییە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە بەشێکی بەرچاوی میدیای کوردیدا دەبینرێت، دوورکەوتنەوەیەکی ئاشکرایە لەو بنەمایانەدا؛ تا ڕادەیەک کە، لە ئامرازێکی خزمەتگوزاریی گشتییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی پڕوپاگەندە و بازرگانیکردن بە ناوبانگەوە.
شانۆگەریی کڕینی خەڵات و “یەکەمی بێ ڕکابەر”
یەکێک لە دیاردە هەرە سەیرەکان کە، لە هەندێک کەناڵی کوردیدا سەری هەڵداوە، پەنابردنە بۆ دەزگا و کۆمپانیا بیانییەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی خەڵات. پرسیارە لۆژیکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەزگایانە کەی و چۆن چاودێریی بەرنامەکانی ئەم کەناڵانەیان کردووە، یان تا چەند لە زمان و پەیامەکانیان تێدەگەن؟
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە بڕوانامە و مەدالیا بازرگانییانە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە گشتییەکانەوە (PR) بە پارە دەکڕدرێن. وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: “پارە بدەو مەلا لە مزگەوت دەرکە”، لێرەشدا هاوکێشەکە زۆر سادەیە: پارە بدە و خەڵاتەکەت وەربگرە. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە نییە بۆ کوالێتی و بێلایەنیی کەناڵەکە، بەڵکو پرۆسەیەکی بازرگانییە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی وەهمی و فرۆشتنەوەی بە بینەری ناوخۆیی وەک دەستکەوتێکی مەزنی نێودەوڵەتی. بە کورتی، پرۆسەی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی PR لە پرسی “کڕینی خەڵات”دا لە چەند هەنگاوێک پێکدێت؛ یەکەمیان بازرگانیی خەڵاتە (Vanity Awards)، کە تێیدا هەندێک کۆمپانیا و ڕێکخراوی PR خەڵات و بڕوانامە بە پارە دەفرۆشن، نەک بەپێی لێهاتوویی پیشەیی. دواتر قۆناغی ناوبانگی ساختە دێت، کە تێیدا هەندێک کەناڵ پارە دەدەن و لە بەرامبەردا مەدالیا و بڕوانامەی “نێودەوڵەتی” وەردەگرن، زۆرجار بێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە بۆ کارەکانیان کرابێت. لە کۆتاییشدا قۆناغی فریودانی بینەر دەست پێدەکات، کاتێک ئەم خەڵاتانە وەک “سەرکەوتنی جیهانی” و “یەکەمی بێ ڕکابەر” بە بینەری ناوخۆ دەفرۆشرێنەوە.
بۆ سەلماندنی ساختەیی ئەم شانۆگەرییە، تەنیا بەسە ئەو دیمەنە گاڵتەجاڕانەمان بهێنێتەوە یاد؛ ئەو ساتەی یەکێک لە وەرگرانی خەڵاتەکە، خەڵاتەکەی وەردەگرت. ژنە پەیامنێرێکی بیانی بە ئینگلیزی پرسیاری لێ دەکات و خەڵاتەکەی پێشکەش دەکات، بەڵام وەرگری خەڵاتەکە، بێ ئەوەی تاقە وشەیەک لە زمانەکە ی تێبگات، هەر بە کوردی وەڵام دەدات و بە شانازییەوە باسی “دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکەی” دەکات.
ئەم دیمەنە، خۆی لە خۆیدا گەورەترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ساختەیی ئەم جۆرە خەڵاتانە و بێبەهاییان لە ڕووی هەر پێوەرێکی پیشەییەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: کاتێک لە نێوان دەزگای بەخشەر و کەسی وەرگری خەڵاتەکەدا، تەنانەت سادەترین ئاستی لێکتێگەیشتن و زمان بوونی نەبێت، چۆن دەکرێت باس لە “پێوەر و هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی” بکرێت؟ کەواتە بابەتەکە تەنها کڕینی کاڵایەکە (لەژێر ناوی خەڵات یان مەدالیای بازرگانیدا) بە مەبەستی چەواشەکردنی عەقڵی بینەر، نەک بەدەستهێنانی متمانە لە ڕێگەی کاری پیشەییەوە.
پێوەرەکانی میدیا لە وڵاتانی پێشکەوتوودا
بە حوکمی دوو دەیە ژیان و خوێندنی ئەکادیمیم لە ئەوروپا، بە پشتبەستن بە چاودێری و بەدواداچوونە بەردەوامەکانم بۆ ئەم بوارە، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، تا ئێستا نەمبیستووە یەک کەناڵی میدیایی لێرە بێتە سەر شاشە و بۆ خۆی بڵێت “ئێمە یەکەمی بێ ڕکابەرین”. ئەگەر سەیری ژینگەی میدیایی وڵاتانی خاوەن ئەزموونی دیموکراسی بکەین، وەک سوید، فینلەندا، سویسرا، یان ئەڵمانیا، هەر نییە و نەبووە کەناڵێک بەردەوام بانگەشە بۆ خۆی بکات و ئەم جۆرە دروشمانە بەکاربهێنێت.
لەو وڵاتانەدا متمانە بە کار دێت، نەک بە دروشم، هەروەها میدیا پیشەییەکان لەسەر ڕاستگۆیی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا ڕکابەری دەکەن، نەک کڕینی ناوبانگ. شەفافییەتی دارایی بنەمایەکی سەرەکییە و پارەی خەڵک نابێت بۆ نمایش و پڕوپاگەندە بەکاربهێندرێت. لە سەروو هەمووشیانەوە ڕێزگرتن لە عەقڵی بینەر هەیە، چونکە میدیا پیشەییەکان متمانە بە ناوەڕۆکی بەهێز و ڕاستگۆ بەدەست دەهێنن، نەک بە خەڵاتی کڕاو.
گەورەیی کارەساتەکە تەنیا فریودانی خەڵک نییە، بەڵکو بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە لەپێناو شانۆیەکی ساختەدا. لەو کاتەی کۆمەڵگا لەژێر باری قورسی قەیرانی ئابووری، بێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکاندا دەناڵێنێت؛ سامانێکی زەبەلاحی ئەم میللەتە دەخرێتە خزمەت دروستکردنی ناوبانگێکی دەستکرد و چەواشەکردنی بیروڕای گشتییەوە.
ساختەکاری بە ناوی “سەرکەوتنی نێودەوڵەتی”
ئەو دەزگایەی پەنا بۆ کڕینی خەڵات دەبات، لە ناوەڕۆکدا گیرۆدەی لاوازیی پیشەیی و نەبوونی متمانە بە خۆیە. پاڵەوانەکانی شاشە لە ڕێگەی دروستیی پەیامەکانیانەوە دەناسرێن، نەک بە بڕوانامەی کڕاو.
ئەرکی ئێستای بینەرە کە، ئەم پەردەیە هەڵبداتەوە و ڕێگە نەدات چیتر خەیاڵ و درۆی پێ بفرۆشرێت. متمانە بە پارە ناکڕدرێت؛ بە ڕاستگۆیی بەدەست دێت و بە درۆ لەدەست دەچێت.
