نووسینی: ئاکام جەلال
سەردەمانێک، مرۆڤی کورد خەونی بە دامەزراندنی حکومەتێکەوە دەبینی کە ببێتە چەترێک بۆ پاراستنی کەرامەت و دابینکردنی ئارامی. خەڵکی پێیان وابوو «حکومەتی خۆماڵی» دەبێتە قەڵایەکی پۆڵایین بۆ چەسپاندنی یاسا، دادپەروەری و پاراستنی شکۆی مرۆڤ. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە واقیعی تاڵدا دەگوزەرێت، پێچەوانەیەکی تەواوەتیی ئەو خەونە زێڕینەیە. ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا کێشاوە؛ هاووڵاتی تەنانەت لەناو چوارچێوەی ماڵەکەی خۆیشیدا هەست بە ئارامی ناکات. متمانە بە یەکجاری مردووە و جێگەی خۆی بۆ تۆقاندن و بێدڵنیایی چۆڵ کردووە.
دەزگا ئەمنییەکان؛ لە ئەرکی پاراستنەوە بۆ مەکینەی تۆقاندن
ئەو دەزگا ئەمنییانەی کە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان دامەزراون، ئەمڕۆ گۆڕاون بۆ سەرچاوەی سەرەکیی ترس و ئەشکەنجەدان. گەر لە ڕێکەوتێکی تاڵدا هاووڵاتییەک بکەوێتە دەست هێزە ئەمنییەکان یان زیندانەکانەوە، پێش هەر شتێک ئەم پەیامە دڕندانەیەی پێ دەدرێت:
«جووتە گونەکەت جوانمەرگ دەکەین.»
ئەمە تەنیا هەڕەشە نییە، بەڵکوو عەقڵیەتی دەسەڵاتێکە کە دەیەوێت مرۆڤ لەناخەوە بشکێنێت. «حوکمڕانیی کوردی» کە جاران هیوای ڕزگاری بوو، ئەمڕۆ لە زیندانەکاندا بووەتە پەڵەیەکی ڕەش؛ مێژوویەک کە بە هاواری بێتاوانان و لەدەستدانی کەرامەت دەنووسرێتەوە.
لە ئازاردانی جەستەییەوە بۆ خەساندن و شکاندنی پیاوەتی
لە ڕابردوودا، گوێبیستی چەندین شێوازی قێزەونی ئەشکەنجەدان دەبووین؛ لە لێدانەوە بگرە تا دەگاتە سووکایەتیپێکردن و ئازاردانی جەستە (وەک بتڵ تێگرتن). بەڵام ئەو کارەساتەی ئێستا ڕوودەدات، تێپەڕاندنی هەموو هێڵە سوورەکانی مرۆڤایەتییە.
ئەمڕۆ لە زیندانەکاندا، ئەشکەنجەدان تەنیا بریندارکردنی جەستە نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی سیستەماتیکە بۆ سڕینەوەی ناسنامە و لەکەدارکردنی پیاوەتیی مرۆڤ. لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا، جووتەگون تەنیا ئەندامێکی جەستە نییە، بەڵکوو کراوەتە مەیدانێک بۆ تێکشکاندنی شکۆ و کەرامەت. کاتێک جەلاد بە ئەنقەست پەلاماری ئەو ئەندامە هەستیارەی جەستە دەدات، ئامانجەکەی زۆر گەورەترە لە ئازارێکی کاتی؛ ئەو دەیەوێت قوربانییەکە لە ڕووی دەروونییەوە بکوژێت و هەستی پیاوەتی، متمانەبەخۆبوون و بههای مرۆڤبوونی لێ داماڵێت.
مەبەست لە هەڕەشەی «جووتە گونەکەت جوانمەرگ دەکەن» پەیامێکی ڕوونە:
ئێمە دەتوانین بە زیندوویی بتشکێنین، بەبێ ئەوەی پێویست بکات گیانت بکێشین.
ئەمە تەنیا ئەشکەنجە نییە، بەڵکوو پرۆسەی خەساندن و کوشتنی هێواشی کەرامەتی مرۆڤە. کەیسی حەمە ڕەش، تەنیا یەکێکە لە درزە ئاشکراکانی ئەم کارەساتە شاراوەیە، کاتێک بەوپەڕی ئازارەوە دەڵێت:
«لە ژێر ئەشکەنجەدا لە پیاوەتیم خستوویانم.»
لەوانەیە حەمە ڕەش تەنیا قوربانی نەبێت؛ ڕەنگە لەپشت ئەو دیوارانەوە هەزارانی تریش بە هەمان شێوە شکێنرابن و خەسێنرابن، بەڵام ترس و شەرمی کۆمەڵایەتی دەنگی کپ کردوون.
کاتێک خەساندن دەبێتە زمانی فەرمیی دەسەڵات
کاتێک دەسەڵاتێک ئامرازی خەساندن و پەلاماردانی جووتەگون دەکاتە زمانی مامەڵەکردن، ئەوە نیشانەی مەرگی یەکجاریی یاسا و لەسێدارەدانی بەهاکانی مرۆڤایەتییە. ئەو حوکمڕانییەی دەستی ڕەش دەگەیەنێتە ئەو شوێنە هەستیارەی جەستە، تەنیا گۆشت و ئێسک ناهێنێتە ژان، بەڵکوو ڕۆح و ناسنامەی مرۆڤ وردوخاش دەکات.
ئەگەر کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەم دڕندەییەدا بێدەنگ بێت، ئەوا ئەم جۆرە ئەشکەنجەدان و خەساندنە دەبێتە یاسایەکی نەنووسراوی باڵادەست. لەو کاتەشدا، نیشتمان دەگۆڕێت بۆ زیندانێکی گەورە کە تێیدا مرۆڤ لە سێبەرەکەی خۆیشی دەسڵەمێتەوە، و پیاو تەنانەت لە مانەوەی جووتەگونەکانی خۆیشی دڵنیا نابێت.
