لەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنەوە: **نزیک بە پەنجا پەنابەر لە ئەڵمانیاوە بۆ عێراق دیپۆرت کرانەوە**
هەولێر:٣/٦/٢٠٢٦: دۆێنێ لە کاتژمێر ١١ی بەیانی، نزیک بە پەنجا پەنابەر لە فرۆکەخانەی هانۆڤەری ئەڵمانیاوە بە زۆرەمڵێ دیپۆرتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرانەوە. بە پێی زانیارییەکان، بەشێک لەوانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن.
باوکی یەکێک لە پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان، کە خەڵکی هەولێرە، بە ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی ڕاگەیاند وتی: «کوڕەکەم لە نێو ئەو پەنابەرانەدایە کە دیپۆرت کراونەتەوە. ماوەی حەوت ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوە، کاری کردووە و زمانی ئەو وڵاتەش فێر بووە. هەرگیز هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە.»
ئەوەشی ووت”رۆژی یەک شەمە ٣١مەی سەردانی کۆنسۆڵی گشتی ئەڵمانیام لەهەوليرکرد چەند بەڵگەی کورکەم ونامەی پشتیوانی فیدراسۆنم پێ بوو لەپرسگەکە هەرچی داواوتکام لیکردن کەسیێک ببینم وەیان ئەونامانەم لێ وەربگرن بەداخەوە داواکەمیان ڕەتکردەوە وئەوەشم پێووتن من پیشمەرگەبووم وچەندجار شەری داعشمکردوە کوری من تاوانی نەکردوە دەستگیرتانکردوەبەڵام گیویان لێنەگرتم”
هەروەها وتی: «ئەمرۆ کوڕەکەم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە بەغداوە پێی راگەیاندووم کە بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لە هانۆڤەرەوە بە زۆرەمڵێ خراونەتە ناو فرۆکە. لە نێوماندا ژن و منداڵیش هەبوون. هیچ کێشەیەکی یاساییمان نەبوو، بەڵام تەنها داواکاری پەنابەریمان ڕەت کرابووەوە.»
شایەنی باسە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکدا کە لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆی کردووە، دەیان پەنابەری بۆ عێراق گەڕاندووەتەوە. زۆربەی ئەو کەسانە ساڵانی زۆر لە ئەڵمانیا ژیاون و لە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە تێکەڵ بوون.
ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن ئەوەی زانیوە کە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەسەرەتای دەستگیرکردنی ئەم پەنابەرانەوە لەسەرخەت بووە لەگەل چەند پەنابەرو کەسوکاریان لەکوردستان ، بەیانی رۆژنامەگەری دەرکرد روو بە حکومەتی ئەڵمانیا وناڕەزایەتی توندی دەربڕی دژ بەدەستگیرکردنی ئەو پەنابەرانەوە داوای دەستەبەجێ ئازادکردنیان وچاوخشانەوە بەکەیسەکانی ئەوپەنابەرانەیکرد. هەروەها فیدراسیۆن ئەم پرۆسەیە بە جێگای نیگەرانی دەزانن و ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆرێک لە دیپۆرتکراوان دوای گەڕانەوە بۆ عێراق، بێ پشتگیری و هاوکاریی پێویست بەجێ دێڵدرێن. هاوکات فیدراسیۆن سەرباری ئیدانەکردنی ئەورێکەوتننامانەی لەگەل حکومەتی ئەڵمانیا واژووکراوە بەژیانی ئەو پەنابەرانەوە، ڕەخنەی توند لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرن کە تا ئێستا هیچ بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراویان لە ئاست چارەنووس، ژیان و داهاتووی ئەو کەسانە هەڵنەگرتووە کە بە زۆرەمڵێ نێردراونەتەوە.
