عەبدولڕەحمان گەورکی: 
درەنگ یان بەمزووانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تەنیشت خەڵکی ئێران دەوەستێت بۆ ئەوەی سیاسەت و ستراتیژەکانیان رێک بخەن لەگەڵ خواستی خەڵکی ئێران و دوورکەونەوە لەو سیاسەتانەی کە رژێمی ئێستای ئێران بەهێزتر دەکەن. خەڵکی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر لە “ئاشتی و ئازادی” و لە “گۆڕینی چارەنووسی خۆیان” نزیکتر دەبنەوە. ئەوەی کە دەبێت ببێتە هۆی کۆدەنگییەکی بە کۆمەڵ و پراکتیک لەسەر ئاستی جیهانی، ئەوەیە کە ئاشتییەکی بەردەوام پێچەوانەی مانەوە و بوونی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهیە.
ناڕەزایەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا چالاکانە بەردەوامن. لە دەرەوەی ئێران، بزووتنەوەیەکی بەهێز و دیموکراتیک بە سەرۆکایەتی خانمی مریەم رەجەوی چالاکانە بەردەوامە و لە ناوخۆی ئێرانیشدا، هێزەکانی بەرخۆدانی خەڵکی ئێران، جگە لە پراکتیزەکردنی رۆژانەیان، خۆیان بۆ “دیاریکردنی چارەنووسی” ئێران و خەڵکی ئێران، ئامادە دەکەن.
چەقبەستووی رژێمی ویلایەتی فەقیهی
ئەمڕۆ وەلی فەقێ و هاوبیرانی لە رژێمدا، لە دۆخێکدا گیریان خواردووە کە نە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەلومەرجی پێش راپەڕین و کۆمەڵکوژییەکەی مانگی بەفرانباری رابردوو، نە رێگای بەرەو پێشەوەچوونیان هەیە. ئەمە بنبەستێکی مێژووییە کە لە سەرووی هەموو شتێکەوە، باس لەو راستییە دەکات کە “جەنگێکی راستەقینە و سەرەکی لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا لە ئاڕادایە”. هەر ئەمەشە رژێم لە راپەڕینی خەڵکی ئێران تۆقاوە. ئەم رژێمە بۆ پەردەپۆشکردنی ناڕەزایی خەڵک لە بەرامبەر دیکتاتۆری، خوازیاری شەڕە.
رژێمێکی لەسەرە مەرگ
رژێمی ئێران بەرەنگاربوونەوەی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی ئێران چڕتر کردووەتەوە و بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و داخستنی درێژخایەنی ئینتەرنێت و پشکنینە بەردەوامەکانی ناو شەقام و بە تایبەتی بەردەوامیی ستراتیژیی پەت و سێدارە، دۆخی شەڕی قۆستۆتەوە وەک دەرفەتێک بۆ پاکتاوکردنی خوێناوی لە ناو زیندانەکاندا. هیچ هێز و زلهێزێک ناتوانێت ئەم رژێمە لەسەرە مەرگەدا بخاتەوە سەر پێ و مانەوەی پێ ببەخشێت. هەڵمەتی (250) کەسەی موجاهیدین و ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) بۆ سەر بارەگای خامنەیی، ٥ رۆژ پێش شەڕی ٤٠ رۆژە، بۆ ئاراستەکردنی ئەم بەرەنگاربوونەوە جەماوەرییە بوو.
لەم دواییانەدا یەکێک لە ئێعدامکراوەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند کە لە سێدارەدانی ئێمە شەڕی دژ بە دیکتاتۆرییەت فراوانتر دەکات. ئەمە ئەو راستییەیە کە ئێستا رژێم رووبەڕووی دەبێتەوە. تا زیاتر لە سێدارە بدات و زیاتر پێداگری لەسەر رابردووی خۆی بکات، زیاتر لە لەناوچوون و مردنی خۆی نزیک دەکاتەوە. نەوەی نوێی لاوانی ئێرانی، دیکتاتۆرییەت قبووڵ ناکەن و گوشار بۆ رووخانی دەکەن. وەک چۆن دیکتاتۆری پەهلەوییان رووخاند، ئێستا بەرەنگاری دیکتاتۆرییەتی ئایینی بوونەتەوە و پاشەکشەی لێ ناکەن.
پەیامی گەنجێکی شۆڕشگێڕ
“وەحید بەنی عامریان”، یەکێک لەو گەنجە شۆڕشگێڕانەیە کە لەم دواییانەدا پێش لەسێدارەدانی روو لە وەلی فەقێ نووسیبووی: (دڵنیا بە ئەگەر من و ئەوانەی وەک من لە سێدارە بدەن، ئێمە زۆرتر دەبین. تەنانەت ئەگەر جەنازەکانمان بشاریتەوە، دڵنیابە رژێمەکەت هیچ رێگەیەکی بۆ دەربازبوون لە رووخانی نییە). بەڵێ، لە ئێراندا هەتا ئەو کاتەی تەنها یەک کەس مابێت لە دژی دیکتاتۆرییەت، رێگای دزین و تاڵانکردنی شۆڕش و راپەڕین داخراوە کە لەلایەن کرێگرتەکانی دیکتاتۆریی شا و دیکتاتۆریی مەزهەبییەوە هەوڵی بۆ دەدرێت. ئەم باڵا بەرزبوونە، گەرەنتی سەرکەوتنی گەل دەکات بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. هەمان رێگای ئازادی کە مەسعوود رەجەوی وتی “سوپای ئازادی تاکە رێگایە بۆ ئازادی”.
پەیامی خوێنی لاوانی ئێران، نەک نائومێدی نییە، بەڵکو بەڵێنی سەرکەوتن دەدات بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. خەڵکی ئێران نەک هەر کۆڵیان نەداوە و سەنگەریان بەجێنەهێشتووە، بەڵکوو پێداگری لەسەر پەرەپێدان و بەردەوامبوونی راپەڕینیان کردووە. شەهیدان نەک هەر بە دوای دەسەڵاتەوە نەبوون کە پێی بگەن، بەڵکو هەوڵیان داوە لە رێگەی فیداکارییەوە، خەڵکی ئێران بگەیەننە هەموو مافەکانیان. هەر لەبەر ئەمەشە کە شەهیدان کۆڵنەدەر بوون. هەر ئەمەشە رژێمی ئیران لەو هێزە جەنگاوەرە تۆقاندووە.
نا بۆ دیکتاتۆریی ئایینی و پاشایەتی
لەم دواییانەدا خانمی مریەم رەجەوی لە یەکێک لە پەیامەکانیدا وتوویەتی: خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران لەدژی دیکتاتۆریی مەزهەبی، لە دوو لاوە بەرەوڕووی خەنجەر و خیانەت بووەتەوە، لە لایەک ئەوانەی کە ساڵانێکە هەوڵی سازان و پاراستنی رژێمی مەزهەبیی ئێران دەدەن و لە لایەکی دیکەشەوە پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی، کە زۆرترین هاوکارییان لەگەڵ رژێمی ئێران کردووە.
یەکێکیان لە ناوخۆی ئێران هەوڵی “کوژاندنەوەی راپەڕین و شۆڕش” دەدات، ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی ئێران هەوڵی “دزینی راپەڕین و شۆڕش” و خەبات و دەستکەوتەکانی خەڵکی ئێران دەدات. یەکێکیان لە روانگەی سەربازییەوە و ئەوی دیکەیان لە روانگەی سیاسییەوە. هەردووکیان بە دوای مانەوەی دیکتاتۆرییەتدان لە ئێراندا. چونکە هەردووکیان دژی داخوازی رەوا و دادپەروەرانەی خەڵکی ئێرانن. بە کورد و بەلووچ و تورکمان و هاونیشتمانی عەرەب و هتد.. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە “ئێران” نە لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەکی ئایینیدا دەمێنێتەوە و نە دەگەڕێتەوە بۆ رژێمی دیکتاتۆریی پاشایەتی. رێبازی ئێران بەرەو ئازادییە، رێگای ئایندەیە، رێگای ئێران رێبازی شۆڕشی دیموکراتیکی خەڵکی ئێرانە.
بانگەوازێک بۆ داهاتوو
هەرچەندە شەڕی سەرەکی لە ناوخۆی ئێراندایە، بەڵام بڕیارە ئێرانییە ئازادیخوازەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە “20ی حوزەیران(ژوئەن)ی 2026” (واتا 30ی جۆزەردانی 1405) لە پاریس کۆببنەوە و ببنە دەنگی دادپەروەرانەی خەڵک لە ناوخۆی ئێران و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەنگ بداتەوە. ئەوان دەڵێن “ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکی ئێران خاوەنی خۆی هەیە، ئایندەی هەیە. سەرکردە و نوێنەری هەیە”. کرێگرتەکانی دیکتاتۆریی ئایینی و پاشایەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران و زیندانییەکان ناکەن. چون ئەم کرێگرتانە بەرەوفەوتانن و هەروەک بڵقی لەسەر ئاو ون دەبن و دەتوێنەوە.
ئەوان دەڵێن: نابێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگایەک بێت بۆ رژێمە دیکتاتۆرییەکانی ئێران. بۆیە ئامادەبوون و بەشداریکردنی چالاکانە لە کۆبوونەوەی 30ی جۆزەردان، ئەرکێکی مرۆیی، مۆراڵی و ناسنامەییە بۆ ئێرانییەکان بەتایبەتی، و ئازادیخوازان لە جیهاندا بە گشتی، دەبێت دان بە بەرخۆدانی خەڵکی ئێراندا بنرێت لە بەرامبەر رژێمی دیکتاتۆریی ئێراندا. سەردەمی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت و شەڕی دەرەکی لە بەرامبەر رژێمی دیکتاتۆری و تیرۆریستیی ئیران بەسەر چووە.
ئەوان کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێن: کرێگرتە و بریکارەکانی رژێمی دیکتاتۆریی ئێران لە خاکی خۆتان دەربکەن. “سەرکردەکانی رژێمی ئێران بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و ژینۆساید دادگایی بکەن” “خەڵکی ئێران بەرەو ئایندە هەنگاو دەنێن کە بە سەندووقی دەنگدان پێناسە دەکرێت. بە فرەیی و خودموختایی نەتەوەکان، بە بەشداریکردن ژنان لە رێبەراتیی سیاسیی کۆمەڵگادا و بە جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت.
***
ئێران .. رەنگە سبەی درەنگ بێت!
گەلی ئێران چییان دەوێت؟
10
