Home بیروڕادیار دەرسیم؛ دەنگی شۆڕش و بەرخۆدان

دیار دەرسیم؛ دەنگی شۆڕش و بەرخۆدان

by admin
0 کۆمێنتەکان 34 بینینەکان

نووسینی هێمن عەلی:   

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەڵمەتێکی ناڕەوا و بوختانئامێز دژی هونەرمەندی شۆڕشگێڕی کورد، دیار دەرسیم، سەریهەڵداوە. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە و پێدانی حەق بە خاوەن حەق، پێویستە لە سۆز و هەڵچوونی کاتی دوور بکەوینەوە و بە چاوێکی واقیعی و مێژووییەوە سەیری پێگەی ئەم هونەرمەندە و مێژووی خودی ئاڵاکەش بکەین.

دیار دەرسیم؛ هەناسەی بەرخۆدان

پێش هەر شتێک، دیار دەرسیم تەنیا گۆرانیبێژێکی ئاسایی نییە؛ ئەو بەرهەمی مێژوویەک لە خەبات، بەرخۆدان و قوربانیدانە. هونەرەکەی هەمیشە لە خزمەتی ئازادی و ئارمانجە نەتەوەییەکانی گەلەکەیدا بووە. ساڵانێکی درێژە لە هەڵوێستی جێگیر و نەگۆڕی خۆی نیشان داوە، بۆیە نە لێدوانە هەستبزوێنەکان و نە بوختانە چەواشەکارانەکان دەتوانن لە شکۆ و پێگەی ئەو کەم بکەنەوە. مرۆڤێک کە تەمەنی خۆی لە پێناوی خزمەت بە گەل و نیشتمان تەرخان کردووە، بە نرختر و پیرۆزترە لە هەر ڕەمز و نیشانەیەک.

مێژووی ئاڵا و ڕاستییە تاڵەکان

ئەگەر باسی ئاڵای کوردستان بکەین، پێویستە بیرەوەریمان کورت نەبێت. لە یادمانە لە سەرەتای نەوەدەکاندا، هەر هەمان ئەو هێزانەی ئەمڕۆ باسی ئاڵا دەکەن (پارتی و یەکێتی)، هەڵوێستێکی تەواو جیاوازیان هەبوو. لەو سەردەمەدا ئەم ئاڵایە لای ئەوان قەدەغە بوو، تەنانەت خەڵک هەبووە لەسەر هەڵگرتنی ئەم ئاڵایە دەستگیر کراوە و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بووەتەوە. ئەمە دەریدەخات کە مامەڵەکردن لەگەڵ هێماکان زۆرجار کاتییە و پەیوەستە بە بەرژەوەندییەوە.پرسی کۆدەنگی لەسەر ئاڵا

خاڵێکی دیکەی گرنگ کە پێویستە بوێرانە قسەی لەسەر بکرێت، پرسی کۆدەنگییە. وەک ڕاستییەک، ئەم شێوازەی ئاڵایە تا ئێستا نەبووەتە خاڵی کۆدەنگیی تەواوەتی بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و زۆرجار وەک ئاڵای بەشێک یان حوکمڕانییەکی دیاریکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بۆیە، بەکارهێنانی وەک تاکە پێوەر بۆ لێدان لە کەسایەتییەکی نەتەوەیی، کارێکی نادادپەروەرانەیە.

دیار دەرسیم بە خەبات، هونەر و هەڵوێستی نیشتمانیی خۆی پیرۆزە
ئاڵا و نیشانەکان بۆ مرۆڤ دروستکراون، نەک مرۆڤ بۆ ئاڵا و نیشانەکان. دیار دەرسیم بە خەبات، هونەر و هەڵوێستی نیشتمانیی خۆی پیرۆزە. ئەو قوربانییانەی ئەو و هاوڕێکانی لە پێناوی گەل و نیشتمان پێشکەش کردووە، لە هەزاران ئاڵا و ڕەمز بە نرختر و پیرۆزترن. نابێت ڕێگە بدەین هەڵمەت و بوختانی چەواشەکارانە، ڕاستیی خەبات و قوربانیدانی ڕاستەقینە لەکەدار بکات.

لێدوانێک بەجێ بهێلە