عەبدولڕەحمان گەورکی: 
لەم دواییانەدا و بە تایبەتی دوای شەڕی چل رۆژە، رژێمی دیکتاتۆری ئێران، لە ژێر ناوی جۆراوجۆر و ساختە گەنجانی ئێرانی لە سێدارە دەدات. دەسەڵاتی دادوەریی لە رژێمی ئێران چۆن کار دەکات؟ دەسەڵات لە چی دەترسێت؟ بۆچی رژێم لە راگەیاندنی پێناسەی راستەقینەی زیندانیان دەترسێت؟ بۆچی گەنجان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە دژی رژێم و… هتد. ئەمانە پرسیارگەلێکن کە دەبێت قووڵتر سەیر بکرێن و پشتی لە سێدارەدانەکان ببینرێن بۆ ئەوەی راستییەکان روون بن.
لەسێدارەدانی گەنجان
گەرچی لەسێدارەدانی لاوان لە ئێران شتێکی نوێ نییە، بەڵام دوای شەڕی دەرەکی، گەیشتووەتە لوتکە. گەنجانی ئێران لە رژێمی مەزهەبی ناڕازین. وەک هەموو خەڵکی ئێران، خوازیاری حکومەتێکی دوور لە دیکتاتۆرییەتن، لەسەر بنەمای دیموکراسی و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت. مافی خەڵکی ئێران و لاوانی ئێرانە کە دەست بەسەر چارەنووسی خۆیاندا بگرن. ئەوانەی بەدوای بەردەوامیی دیکتاتۆرییەتەوەن لە ئێراندا، جا دیکتاتۆری پاشایەتی بێت یان دیکتاتۆری ئایینی، هەڵەن و بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئاو دەکەن بە ئاشی رژێمێکی دیکتاتۆری و لایەنگرانی ئەم دیکتاتۆرییەتە. خەڵکی ئێران بە هیچ شتێک کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران رازی نابن. ئەمە کەمترین داواکاری خەڵکی ئێرانە.
ترسی دیکتاتۆری لە رووخاندن
دیکتاتۆرییەت لە ئێران، لە پێگەی لەرزۆکی خۆی لە رادەبەدەر تۆقاوە. هەر بۆیە هەوڵ دەدات بە هەر شێوازێکی مومکین، پێش بە راپەڕینی جەماوەری لە ئێران و سەرکەوتنی بەرخۆدانی خەڵکی ئێران بگرێت. خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا بۆ هەمیشە دیکتاتۆری پاشایەتییان رووخاند و ئێستا لە سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی نزیکبوونەتەوە. پاشماوەکانی دیکتاتۆری شا بۆ پێشگرتن بە رووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی هاتوونەتە گۆڕەپانەکە و بە پاڵپشتی سازشتکارانی رۆژئاوایی، بە دوای دزینی دەستکەوتەکانی خەڵک و موقاومەتی خەڵکی ئێرانەوەن. خاڵی هاوبەشی دیکتاتۆرییەکان، دوژمنایەتیکردنیانە بەرامبەر بە ئیرادەی گەلی ئێران. شەڕی راستەقینەی ئێران لە نێوان خەڵکی ئێران و رژیمی دیکتاتۆریدایە.
چاوخشاندنێک بە تاوانەکانی هەردوو رژێمی دیکتاتۆری، بە روونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوان لە هێزی گەنجانی ئێران تۆقاون. گەنجان دیموکراسییان دەوێت و داهاتووی خۆیان لە دیموکراسیدا دەبیننەوە. ئەمەش لەگەڵ سروشتی دیکتاتۆریەتەکاندا ناکۆکە. رژێمە دیکتاتۆرییەکان و پشتیوانانی دەرەکیی ئەوان، بە درۆ و بە درووشمی بریقەدارەوە هەوڵی بە لاڕێدابردنی مەسێری راستەقینەی خەڵکی ئێران دەدەن. لە کاتێکدا راپەڕێنی خەڵکی ئێران هەڵگری تایبەتمەندیی دیموکراسی و ئازادیخوازییە و بە شتی لاوەکی و رواڵەتی ناکرێت ئەم تایبەتمەندییە پەڕاوێز بخرێت.
زیندانیانی سیاسی
پابەندبوون بە داخوازییەکانی خەڵکی ئێران و بە تایبەت لاوان، پێوەری بەرخۆدانە لە ناو زیندانەکانی رژێمدا. زۆرێک لاوی ئێرانی، بە کردەوە و بە وتە، پابەندبوونی خۆیان بەو پرەنسیپەەوە نیشان داوە و رژێمیش لە ژێر ناوی جۆراوجۆرەدا لە سێدارەی داون. رژیمی مەزهەبیی ئێران لەژێر ناونیشانی درۆ یان لەژێر پەردەی دانپێدانانی زۆرەملێدا گەنجانی ئێران لەسێدارە دەدات و ئەو گەنجانە دەلکێنێت بە وڵاتانی دەرەکیەوە. ئەمجۆرە لکاندنانە بەشێکن لە سیاسەتی رژیمی ئێران بە درۆکردن یان بیانوو هێنانەوە لە دژی خەڵکی ئێران. زیندانیان بە تایبەت زیندانیانی سیاسی و ئەوانەی لە راپەڕینەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەر کراون، بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن لەسەر خواستی رەوای خەڵکی ئێران بۆ مەرگ و لەناوچوونی رژێمی دیکتاتۆری و دامەزراندنی حکوومەتێکی کۆماریخوازی و دێموکراتیک. واتا ئەمجۆرە حکومەتەی کە بەرخۆدانی خەڵکی ئێران ساڵانێکی زۆرە لە دژی دیکتاتۆرییەت خەباتی کردووە لە پێناویدا و ئێستایشی لەگەڵدا بیت سوورە لەسەری.
داواکاری سەرەکیی خەڵکی ئێران
رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا داواکاری سەرەکیی خەڵکی ئێرانە کە بە گۆڕینی بۆ “کۆماری دێموکراتیک” بەدی دێت و بەبێ بەشێکی، بەشەکەیتری ناتەواوە و هەڕەشەی دیکتاتۆرییەتی لەسەر دەمێنێتەوە. خەڵکی ئێران وریا و ئاگاداری ئەم دوو لایەنەی خەباتن. ئەوان رانەپەڕیون دیکتاتۆرییەتێک بڕووخێنن و دیکتاتۆرییەتێکیتر جێی بگرێتەوە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە وریایی لەم بابەتەدا “زۆر پێویستە”. بە تایبەتی پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە دیکتاتۆری پاشایەتی بژاردەی پەسەندکراوی خەڵکی ئێران نەبووە و نییە. ئەم رژێمە زیاتر لە نیو سەدە لە ئێران ئەزموون کراوە و لەگەڵ خواستی خەڵکی ئێراندا ناگونجێت. هەر بۆیە دەتوانرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین کە دیکتاتۆریی پەهلەوی لە ئێراندا جێگەیەکی نییە و نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک، لە هەر شوێنێک و دەرفەتێک بۆیان رەخسابێت، گەڕانەوەی ئێران بۆ دیکتاتۆرییەتی پێشوویان رەتکردووەتەوە.
کۆبوونەوەی ئێرانی ئازاد لە پاریس
ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات و بە تایبەت لاوان، گوشار بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران دەکەن و بڕیاریان داوە لە ٣٠ی جۆزەەردانی ئەمساڵ لە پاریس کۆببنەوە و داواکاری رەوای خەڵکی ئێران لە جیهاندا بەرز کەنەوە. واتە رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران و رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دیکتاتۆرییەک لە ئێران و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت کە ئەوەش واتا بە رەسمی ناسینی (حکومەتی کاتیی کۆماری دێموکراتیک) و خانمی (مریەم رەجەوی) دەبێتە یەکەم سەرۆکی. حکومەتێک کە دوای شەش مانگ، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، جێگەی خۆی دەدات بە دەسەڵاتێکی سەقامگیر و دیموکراتی و ئازاد.
***
ئێران.. بۆچی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە سێدارە دەدات؟
59
