لە ٢٠ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لەگەڵ ئەو ملیۆنان کەسەدا ڕادەوەستێت کە شەقامەکان پڕ دەکەن لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی دژی ڕەگەزپەرستی و فاشیزم. پەیامی ئەوان ڕوونە بۆ خەڵکی سەرانسەری ئەوروپا کە ڕەگەزپەرستی و فاشیزم و ئەو شەڕە سیاسییە ڕەت دەکەنەوە کە دژی پەنابەران بەڕێوە دەبرێت.
بەڵام لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی دژی ڕەگەزپەرستی، یەکێتییە کرێکارییەکان و گرووپەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران پێکەوە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەکەنەوە، زۆرێك لە حکومەتەکان بە ئاراستەی پێچەوانەدا هەنگاو دەنێنن. گۆڕینی یاساکانی پەنابەری، بێمافی، زیندانیکردن، توندکردنەوەی سنوورەکان، تاوانبارکردنی پەنابەران و سیاسەتی ناردنەوەی زۆرەملێ، گۆشەیەکن لە کارنامەی دژی ئینسانی ئەم وڵاتانە کە زەمینەسازی بۆ گەشەکردنی ڕەوتە فاشیستی و ڕەگەزپەرستەکان خۆش دەکەن!.
ڕەگەزپەرستی و فاشیزم تەنها لە شەقامەکاندا گەشە ناکەن، بەڵکو بە شێوەی یاسایی و دامەزراوەیی دەکرێنە بەشێك لە سیاسەتی فەرمی زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا، لەمبارەوە سەرنجی حکومەتی سوید بدەین کە چۆن لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ توندترکردنەوەی یاساکانی پەنابەری، و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پاراستنی یاسای پەنابەران بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە. هەروەها یەکگرتنەوەی خێزانەکان سنووردار کراوە و ژینگەیەکی دوژمنکارانە بۆ ئەو کەسانە دروست کراوە کە لە جەنگ، چەوساندنەوە و نائارامی هەڵدێن. ئەم ڕێوشوێنانە ڕەنگدانەوەی گەشەی کاریگەریی سیاسەتە ڕاستڕەوەکانن و ناوبانگی مێژوویی سوید وەك وڵاتێکی داکۆکیکەر لە مافە مرۆییەکان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
حکومەتی بەریتانیاش لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەکاندا و توندترین سیاسەتی دژە پەنابەریان لە ئەوروپادا گرتووەتە بەر. پلانی دیپۆرتکردنی زۆرەملێ، یاسای «کۆچی نایاسایی» و هەڵوەشاندنەوەی زۆرێك لە پاراستنە سەرەکییەکانی پەنابەری، هەوڵێکی ئاشکران بۆ لێسەندنەوەی مافەکانی پەنابەران و سنووردارکردنی ڕێکارە یاساییەکان. ئەم سیاسەتانە پەنابەران تاوانبار دەکەن لە کاتێکدا کە تەنها بەدوای سەلامەتی و ئاسایشدا دەگەڕێن. هەروەها پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و ڕێساکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و کەشوهەوای ڕەگەزپەرستی و ترس پەرە پێدەدەن. پەیامێکی مەترسیدار دەنێرن کە پەنابەران دەتوانرێت دیپۆرت بکرێنەوە، ڕابگیرێن یان لە کۆمەڵگا دوور بخرێنەوە.
ئەڵمانیا، بەهۆی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەو پێویستیان بە هێزی کاری هەرزانەوە، خۆیان وەك داکۆکیکار لەمافی پەنابەران نیشان دەدا، ئێستا لە ژێر فشاری هێزە ڕاستڕەوەکاندا سیستەمی پەنابەری توندتر دەکاتەوە. ڕێوشوێنە نوێیەکان بریتین لە خێراکردنی دیپۆرتکردنەوە، فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی دەستبەسەرکردن و پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەران لێیان هەڵدێن، لە کاتێکدا ناردنەوەیان بۆ ئەو شوێنانە ژیانیان ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. پەنابەران لە ئەڵمانیا بەردەوام باس لە هەڵاواردن، فشاری پۆلیس و ترسی دوورخستنەوەی لەناکاو دەکەن، تەنانەت دوای ساڵانێك لە ژیان و تێکەڵبوون لە کۆمەڵگادا. ئەم سیاسەتانە دەنگدانەوەی ڕەوتێکی فراوانتری ئەوروپییە کە پەنابەران وەك «کێشە» مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، نەك وەك مرۆڤێکی خاوەن ماف و کەرامەت.
ئەمڕۆ، لە دۆخێکدا ڕۆژی جیهانی پەنابەران بەڕێوە دەچێت کە ململانێی هێزە گەورە جیهانییەکان تەنها لە چوارچێوەی کێشمەکێشی سەربازی و سیاسی نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆکاری گۆڕانکارییە گەورەکان لە ئابوری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی. جەنگ و ناکۆکییە ناوچەییەکان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ناوچەکانی دیکەی جیهان، نیشانی دەدەن کە هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان هێزە جیهانییەکاندا لە دروستبووندایە. لەم پرۆسەیەدا، ئەمریکا، چین و ڕووسیا هەریەکەیان هەوڵ دەدەن پێگە و کاریگەریی خۆیان بپارێزن و زیاتر فراوانی پێبدەن، هەربۆیە بژاردەی جەنگیان کردوەتە ئەمری واقیع کە دەبینین چۆن ساڵەهایە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان کردوەتە مەیدانی ساغکردنەوەی چەك و جبەخانەکانیان.
بەردەوامبوونی ئەم ململانێیانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە. هەر جەنگێك، سەرەڕای زیانە سەربازییەکانی، بووەتە هۆی تێکچوونی ئابوری، گرانی، بێکاری، کەمبوونی هەلیکار و لێکدابڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی. لە کاتێکدا وڵاتان و هێزە گەورەکان سەرنجیان لەسەر بردنەوەی ململانێ سیاسی و ستراتیژییەکانە لە پێناو زۆرترین بەش و قازانج، ئەوە خەڵکی ئاساییە کە باجی سەرەکیی ئەو ناکۆکییانە دەدەن.
دڵتەزێنترین ئەنجامی ئەم دۆخەش فراوانبوونی دیاردەی ئاوارەیی و پەنابەرییە. ملیۆنان کەس ناچار دەبن ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان جێبهێڵن و بۆ پاراستنی ژیان و ئاسایشیان پەنا بۆ وڵاتانی دیکە بەرن. لەو رێگەیەدا رووبەڕووی سەختی و برینی دەریاو دارستانەکان دەبنەوە کە زۆر جار بەدەیان کەسیان لەگەڵ مەرگ و خنکان و تراژیدیای کارەساتبار دەبن تا دەگەنە شوێنێکی ئارام بەڵام لە هەمان کاتدا، هێشتا ئەم دەوڵەتانە روویاندێ بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بکەن، کە ئەم فریوکاریە تەنیا پڕکردنەوەی قەیرانە ئابوورییەکانی خۆیانە بە قیمەتی وێرانکاری و لەنێوبردنی ژیانی ملیۆنەها ئینسان!
بانگەوازی ئێمە بۆ خەباتێکی سەراسەرییە لەپێناو کۆمەڵگایەکی ئینسانی دژ بە هەرجۆرە ستەم نا یەکسانیەك، کە ئەمەش دەروازەیەکە بۆ هاودەنگی و هاوخەباتی هەموو بەرەی ئازادیخوازان و راوەستانەوە دژ بەم دنیا پڕ لە ستەم و چەوسانەوەیە.
لەمبارەشەوە خوازیاری پاراستنی کەرامەت و حورمەتی ئینسانی هەموو پەنابەران، کۆچبەران و ئاوارەکانین دژ بە هەموو، دابەشکاری و بێمافی و ستمگەرییەکین، پێداگری لەسەر تەواوی ئەو دەستکەوتانە دەکەین کە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی بەرەی ئازادیخوازی و بزوتنەوە پێشڕەوکانین کە دەیان ساڵ بۆ ئەم مەبەستە لەمەیدانابوون و خەباتیان کردووە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین کە پێداگری بکەین لەسەر مافەکانی خۆمان وەك ئینسان کە بەرگی پەنابەریمان بە بەردا کراوەو کە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەم زلهێزانە لە ڕێگەی جەنگ و کوشتارگەکانی خۆیانەوە جەهەنمێکیان بۆ دروست کردوین و ئێستەش بە تەواوی دەروازەی وڵاتەکانی خۆیانمان لێدادەخەن!
فیدراسیۆن لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا، پابەندیی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ درێژەدان بە خەبات لەپێناو جیهانێك کە تێیدا هەمووان بتوانێت بە سەلامەتی، ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی ئینسانی بژی.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١٩/٦/٢٠٢٦
