Home بیروڕادەنگی خەڵکی ئێران بۆ رزگاربوونە

دەنگی خەڵکی ئێران بۆ رزگاربوونە

ئاوڕدانەوەیەک لە گردبوونەوەی مێژوویی بەرخۆدانی خەڵکی ئێران لە پاریس و گرنگییەکەی

by admin
0 کۆمێنتەکان 8 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
(30)ی جۆزەردانی ئەمساڵ رۆژێکی مێژوویی و ناوازەیە لە مێژووی خەڵکی ئێراندا. ئەو رۆژەی کە بڕیارە (100000)سەد هەزار ئێرانی لە پاریس کۆببنەوە و دەنگی خەڵکی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە دژی دیکتاتۆرییەت دەنگ بداتەوە. لە ساڵانی رابردوودا و لەم رۆژەدا چەندین رووداوی گرنگ روویانداوە، بەڵام ئەمساڵ دوای شەڕی دەرەکی، دیوەکەیتری سازانی رۆژئاوا لەگەڵ رژێمی دیکتاتۆریدا دەردەکەوێت. شەڕی دەرەکی و سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، دوو رووی یەک دراون و ئەگەر بەرزنەکرێتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران و داننان بە مافی بەرخۆدان بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەکی مەزهەبی، دەرئەنجامەکەی، مانەوەی دیکتاتۆرییەتە لە دژی خەڵکی ئێران. چونکە دیکتاتۆری لەم خاکەدا لە فۆرمێکەوە بۆ فۆرمێکیتر دەگۆڕدرێت و خەڵکی ئێران تاڵان کوشتار دەکرێت. هەروەک چۆن فۆرمەکەی لە دیکتاتۆرییەتی پاشایەتیەوە گۆڕدرا بۆ دیکتاتۆرییەکی ئایینی، و تاڵان و ئیعدام و کوشتار بەردەوام بوو، خراپتر لە جاران!
لە ساڵانی رابردوودا دیکتاتۆرییەکان و لایەنگرانی نێودەوڵەتی دیکتاتۆرییەکان، ئاوەکەیان ئەوەندە لێڵ کردووە کە خەڵکی ئێران بە ئازادی و دیموکراسی نەگەن. دیکتاتۆرییەتەکان لە ئێراندا، بە سوورترین و رەشترین سیاسەت و ستراتیژی بەرژەوەندییە ماددی و مەعنەوییەکانیانەوە، هێشتا لە کاردان بۆ لەسەر کار مانەوەی دیکتاتۆرییەت. یەکێکیان سەربازی و ئەوی دیکەیان لە فۆرمێکی سیاسی و دیپلۆماسی و لە هەمان کاتدا چالاکییەکی هاوبەشە لە دژی گەل و بەرخۆدانی ئێران.
رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کارێکی ئاسان نییە. دیکتاتۆریی ئایینی، تا ئەو جێگایەی توانیویەتی و دەتوانێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە شێوەی جۆراوجۆر بە بارمتە گرتووە و تەنانەت پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشووی خستووەتە خزمەت خۆیەوەی بۆ ئەوەی نەڕوخێت. بەڵام بێگومان رووخاندنی نزیکە. بە بەشداریکردنی کارا و ئامادەبوونی هەموو ئێرانییەکی ئازادیخواز و بە پشتیوانیکردنی چالاکانەی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز لە جیهاندا، گردبوونەوەی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ بۆ چەسپاندنی ئازادی و ئازادیخوازی لە جیهاندا جێگەیەکی وەهای هەیە.
کۆبوونەوەی گەورەی ئێرانییەکان لە ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە پاریس بە جیهان نیشان دەدات کە چارەسەری کێشەی ئێران نە سازانە لەگەڵ دیکتاتۆرییەت و نە شەڕی دەرەکییە بەرامبەر بەم رژێمە دیکتاتۆریە. چارەسەری راست و دروست، سیاسەت و ستراتیژی راست و دروست، پشتیوانیکردنە لە چارەسەری سێیەم، واتە پشتیوانیکردنە لەخەڵک و بەرخۆدانی ئێران بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران! ئەمجۆرە پشتیوانیکردنە وەستان لە ریزی راست و دروستی مێژوو و وەستانە لە تەنیشت خەڵکی ئێران و پشتیوانیکردنە لە بەرخۆدانی خەڵکی ئیران لە دژی دیکتاتۆرییەت.
(45) ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، رژێمی دیکتاتۆریی ئێران، خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی خەڵکی تارانی خەڵتانی خاک و خۆڵ کرد. لە کاتێکدا لە نیو ملیۆن کەس، کە لە تاران رژانە سەر شەقامەکان، یەک کەس هیچ چەکێکی پێنەبوو! ئەوان خوازیاری ئازادی و دیموکراسی بوون. بەڵام سوپای پاسداران کە رژێمی دیکتاتۆریی مەزهەبییان لە مەترسیدا بینی، خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و خەڵکی ئێرانیان ناچار کرد دەست بۆ چەک بەرن و پێداگری لەسەر گۆڕینی “رژێمی دیکتاتۆری” بکەن بەرەو “دەسەڵاتێکی دێموکراتیک”. ئەمە سەرەتای خەباتی چەکدارانەی خەڵک بوو لە دژی رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی. وەک بینیمان و شاهیدیش بووین، ئەم رێگایە نەک هەر تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە، بەڵکو ئێستا لە سەروبەندی سەرکەوتندایە بەسەر دیکتاتۆرییەتی ئایینی و هەوڵ و پەلەقاژەی رژێمی ئایینی و پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پاشایەتی بە هیچ ناگەن. چونکە بە گوتەی رێبەری بەرخۆدانی خەڵکی ئێران، بەڕێز (مەسعوود رەجەوی)، ئەو خەڵکەی هەر لە سەرەتاوە بۆ شکستپێهێنانی دیکتاتۆری ئیرادەیان داوەتە بەر خۆیان، نەدۆڕاو دەبن.
ڕێبەری بەرخۆدان، بەڕێز مەسعوود رەجەوی، یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان، کە پێناسە و سروشتی راستەقینەی ئەو رژێمەی لە شۆڕشی ١٩٧٩ سەریهەڵدا، روونکردەوە. ئەو نیشانیدا کە ئەم پرۆسەیە دیاردەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو تەحەدایەکی مێژوویی و تاقیکردنەوەیەکی مێژووییە بۆ مانەوە یان لەناوبردنی شوناس و ئازادی خەڵکی ئێران.
ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێران بەدەست برینەکانی دوو جۆر بیرکردنەوەی پاوانخوازانە و دیکتاتۆرییەوە دەناڵێنێت. رەوتێک کە بە خراپ بەکارهێنانی ناوی ئایین حوکم دەکات و رەوتێک کە تامەزرۆی زیندووکردنەوەی سیستەمی میراتی رابردووە. واتە دیکتاتۆریی پاشایەتی. هەر لەبەر ئەمەشە کە دروشمی “نا بۆ شا، نا بۆ شێخ (واتە ئاخوند)” دروشمێکی سەرەکی و ناوەندییە و لە هەمانکاتدا سنووربەندیی نێوان گەل و دوژمنی گەل بووە، کە ئێرانییە ئازادیخوازەکان لەم خۆپیشاندانەدا و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەنگی پێ دەداتەوە. خەڵکی ئێران دیکتاتۆری دەڕوخێنن و ئەمە ئەو ئەرکەیە کە خەڵکی ئێران لێی بەرپرسیارن. “بەرخۆدانی ئێران”، “ناوەندەکانی شۆڕش” و “سوپای ئازادیی نیشتمانی” هەڵقوڵاوی ئەم روانگەیەیە و دڵیان بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران لێدەدات.
بەڕێوەبردنی رێ و ڕەسمی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە پاریس، نوێکردنەوەی بەڵێنەکانە لە پێناو ئاڕمانجی ئەو هاووڵاتیانەی هەرگیز تەسلیمی دیکتاتۆرییەتەکان نەبوون و، بە لایانەوە، مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران قبوڵ نەکراوە. (120) هەزار شەهیدی رێگای ئازادی پێشکەش بۆ ئەم ئامانجە کراوە، کە لە بەرنامە ١٠ خاڵییەکەی خانمی (مریەم رەجەوی) بۆ ئێرانی دواڕۆژ دەنگ و رەنگی داوەتەوە. بەرنامەیەک لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانبوونی ژنان و پیاوان لە مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکان بە تەواوەتی، و بەشداربوونی یەکسانی ژنان لە سەرکردایەتی سیاسی، قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان، دامەزراندنی کۆمارێکی فرەیی لەسەر بنەمای دەنگی گەل و مافی نەتەوەکان.
کەواتە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە شکۆمەندەکەی پاریس لە 30ی جۆزەردانی ئەمساڵ، هەنگاوێکە بۆ رێزگرتن لەو خوێنەی کە لە رێگای ئازادیدا رژاون و پووچەڵکردنەوەی سیناریۆی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزمە لەم ناوچەیە لە جیهاندا. هەربۆیە بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیە و پاڵپشتیکردن لە ئەنجامدانی. ئەرکێکی مرۆیی و ئینسانییە. بە تایبەت بۆ ئێرانییەکان کە هۆگری رزگارکردنی ئێرانن لە چنگی دیکتاتۆرییەت.
***

لێدوانێک بەجێ بهێلە