Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیئەشکەنجەدان تاوانە، بێدەنگی هاوبەشییە

ئەشکەنجەدان تاوانە، بێدەنگی هاوبەشییە

by admin
0 کۆمێنتەکان 21 بینینەکان

بەشێک لە چالاکوانان و ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا دژی هەڵسوکەوتی ناو زیندانەکانی هەرێم ناڕەزایەتییان دەربڕی و بە دروشمی «ئەشکەنجەدان تاوانە، بێدەنگی هاوبەشییە» گردبوونەوە و داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و حکومەتی بەریتانیا کرد بێدەنگ نەبن و بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو پێشێلکارییانەی لەناو زیندانەکانی هەرێم دەکرێت.

ویژدانە زیندووەکانی کۆمەڵگە،
نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان،

ئێمە15/6/2025 ئەمڕۆ وەک ئەندامانی ڕێکخراویداکۆکلێرەوەستاوین، نەک تەنها بۆ قسەکردن لەسەر قەیرانێکی سیاسی یان ئابووری، بەڵکو بۆ هاوارکردن بەڕووی داڕووخانی گەورەترین و پیرۆزترین پایەی کۆمەڵگە، کە ئەویش دەزگای دادوەرییە.

یاسا کاتێک دادەنرێت، بۆ ئەوەیە ببێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی بێدەسەڵاتان و مەزڵومان لە باڵادەستیی ستەمکاران. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەیبینین، پێچەوانەکردنەوەی تەواوی ئەم هاوکێشەیەیە. دادگاکان لێرە، لە سەنگەری پاراستنی ماف و ئازادییەکانەوە، گۆڕدراون بۆ ستۆدیۆیەکی حیزبی کە کاری تەنها بەرهەمهێنانی تاوانبار و داڕشتنی سیناریۆی درۆینەیە بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ئازاد.

ئێمە وەک چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، بە توندترین شێوە و بە بەرزترین دەنگ، دەسەڵاتی سیاسیی باڵادەست لەم نیشتمانەدا ئیدانە دەکەین. ئەو دەسەڵاتەی کە زیندانەکانی نەکردووەتە شوێنی چاکسازی، بەڵکو گۆڕینی بۆ قەسابخانە و ئەشکەنجەدان. جێگەی شەرمەزارییەکی مێژووییە کە گەنجانی ئەم وڵاتە، لە جیاتی ئەوەی وزە و توانایان بۆ ئاوەدانکردنەوە بەکاربهێنرێت، لەژێر سێبەری ئەشکەنجەی هۆڤانەدا لە ناو زیندانە تاریکەکاندا گیان دەسپێرن.

شەرمەزارییەکی مێژوویی گەورەتر ڕووبەڕووی ئەو دادوەر و بەناو پارێزەرانی یاسایە دەبێتەوە کە چاوەکانیان بەستووە و لە ئاست خوێنی ڕژاوی بێتاوانان کوێرن. چۆن دەکرێت دادگا چاوپۆشی لە دزینی سەروەتی ئەم وڵاتە بکات، بەڵام کاتێک مامۆستایەک و فەرمانبەرێک دێتە سەر شەقام و بە شێوازێکی مەدەنی پێداگری لەسەر قووتی منداڵەکانی و مووچە فەوتاوەکانی دەکات، دەستبەجێ یاسا دەبێتە چەکێک بۆ ترساندن و دەستگیرکردنی؟ مامۆستایان پایەی پەروەردەی ئەم کۆمەڵگەیەن، نەک تاوانبار تا بەهۆی داواکردنی مافی سەرەتایی خۆیان ڕاپێچی زیندانەکان بکرێن!

هەر ئەم دەزگا حیزبییە بوو کە شێروان شێروانی و هاوڕێکانی لە چالاکوانانی بادینان، تەنها لەسەر وتنی ڕاستییەکان و پەردەلادان لەسەر گەندەڵی و ستەمکاری، بە سیناریۆی بێبنەما و شانۆگەریی درۆینە خستە پشت شیشی زیندانەکانەوە. ئەم کەیسانە نیشانەی ڕوونی ئەو ڕاستییەن کە حیزب چۆن دادگاکانی کۆنتڕۆڵ کردووە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارە سیاسی و مەدەنییەکانی.

لەم دواییانەدا، ژمارەیەک دەستگیرکردن ڕوویانداوە لە هەرێمی کوردستان؛ لەوانە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس لە دهۆک و سلێمانی، ئازاردانی ناو زیندانی چالاکوانی سیاسی و پاسەوان و پێشمەرگە لە سلێمانی و هەولێر. ئەو هۆکارانە بوون بە هەوێنی ئەو چالاکییە بەرفراوانەی ڕێکخراوەکە کە لە حەوت شاری بەریتانیا ئەنجامیدا.

وەک ڕێکخراوەکە ڕوونی کردەوە لە چالاکییەکەیاندا، داوایان کردووە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و حکومەتی بەریتانیا بێدەنگ نەبن و بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو پێشێلکارییانەی لەناو زیندانەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن کادر و هێزی حیزبی سەر بە پارتی و یەکێتی ئەنجام دەدرێن، لە مامەڵەی نادروست لەگەڵ زیندانییەکان. هەروەها، لە کاتی دادگاییکردن، زیندانییەکان یان کەسوکاریان بۆ ڕای گشتی دانیان پێدا ناوە کە لێیان دراوە و بە زۆر دانپێدانیان لێ وەرگیراوە.

لێرەشەوە، پەیامێکی توند و ڕوون ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین: بێدەنگیی ئێوە لە ئاست ئەم قەسابخانە و پێشێلکارییە یاساییانە، جۆرێکە لە شەرعیەتدان بەم ستەمکارییە. ناکرێت لەژێر ناوی پاراستنی سەقامگیریدا، چاو لە سێدارەدان، ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بپۆشرێت. ئێمە داوا دەکەین فشاری ڕاستەقینە و سزای نێودەوڵەتی بخرێتە سەر پێشێلکارانی یاسا لە عێراق و هەرێم.

مێژوو بەزەیی بەوانەدا نایەتەوە کە دادپەروەرییان بە پۆست و پارە و پاراستنی کورسیی حیزبەکان گۆڕییەوە. بێدەنگی لە ئاست ئەم زوڵمە، هاوبەشیکردنە لە تاوانەکە. ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە چاوپۆشی لەم پێشێلکارییانە ناکەین و بەردەوام دەبین لە شەڕی گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ مرۆڤ و سەربەخۆیی بۆ دادگاکان.

مردنی شەرەفمەندانە لەپێناو ئازادیدا، زۆر شەرەفمەندانەترە لە ژیان لەژێر سێبەری دادگا کڕدراوەکانی حیزبدا.

مردن و شەرمەزاری بۆ جەلادەکان،
سەربەرزی بۆ زیندانیانی ئازادی و دەنگە نەبەزەکان.

ڕێبوار یاسین فەتاح
ئەندامی ڕێکخراوی داکۆک

لێدوانێک بەجێ بهێلە